ئاخوندە ملیاردێرەکان و خەڵکی برسی

بەشوێن راپۆرتە ئیفشا گەرانەکانی ” رۆیتێز” و ” ئاسوشیتدپرس” دا سەبارەت بە سەروەتی ئەفسانەیی سەرانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە، سەروەتی ٩٥ ملیارد دۆلاری عەلی خامنەیی، گۆڤاری ئامریکایی “فوریز”یش لە بابەتێکدا لەژێر ناوی ” ئاخوندە ملیارد دێرەکان” تەماع و زێدەخوازی مەراجعی دینی حاکم بەسەر ئێراندا بۆ دست راگەیشتنی هەرچی زیاتر بە ماڵ و سەروەت لە کاناڵی ناشەرعی و تاڵانچیانەوەی داوەتە بەر سرنج.لە راپۆرتەکەی فوربزدا باس لە سوڵتەی رۆحانیەکانی ئێران بەسەر سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەدا کراوە لە کاناڵی ئیدارە و مودیریەتی ئینحساری دامەزراوەکانی خەیریە، تەولیەتی ئاماکنی مەزهەبی و زاڵ بوون بەسەر بەشە دەوڵەتیەکانی سەرمایە و مەنابعی سروشتی وڵاتدا.مناسباتی حاکم بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا هەڵبەت کە مناسباتێکی سەرمایەدارانە و پستبەستو بە چەوساندنەوەی هێزی کاری چینی کرێکار و ستەم بەسەر توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگادایە. لەم مناسباتەدا کە لە لایەن دەوڵەتێکی مەزهەبیەوە دەپارێزرێت، توێژی ئاخوند بونەتە بەشێک لە سەرمایەدارانی خاوەن ئیمتیازی تایبەت.زۆربەی ئاخوندەکانی زاڵ بەسەر ئێراندا لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردودا دەستیان بە سەروەتی ئەفسانەیی و دوور لە چاوەڕوانی راگەیشتوە. ئەگەر بکرێت فەرماندەکانی سپای پاسداران وەک گەورە ترین سەرمایەداری ئێران و ناوچەکە حیساب بکرێن، ژمارەیەکی گەلێک زۆری ئاخوندەکان و ئاغازادەکانیش ئەگەر نەچنە ریزی یەکەمی تاڵانچێتیەوە، زۆر لەدوای فەرماندەکانی سپاوە نین.لەنێو تاڵانچیانی حەقدەستی کرێکاران و سەروەتی گشتی خەڵکی ئێراندا دەکرێت ئاماژە بە ناوی خامنەیی و منداڵەکانی لە دامەزراوەی سەرمایەیی “ستادی ئیجرای فەرمانی خومەینی”، میسباحی یەزدی لەگەڵ مافیای شەکر، بنەماڵەی واعیز تەبەسی لەگەڵ سەرمایەکانی ئاستانی قودسی رەزەوی، رەفسەنجانی و ئاغا زادەکانی لەگەڵ ناوچەی ئازادی بازرگانی، ماشێن سازیەکان و گەلێک پڕۆژەی رێگا و بیناسازی و میترۆ، ئیمام کاشانی لەگەڵ مەعدەنەکانی بەردی مەڕمەڕی گرانقیمەتی ئێران و دەیان ناوی تر بکرێت کە، وەک بانبانک خۆیان بەسەر سەرمایەکانی وڵاتدا کێشاوە.437لە ئێراندا وەک وڵاتێکی کە بەڕێوەبەرانی دەوڵەتەکەی زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە لە دنیادا غەرقی گەندەڵی ماڵی و ئەخلاقین، کۆبونەوەی ئەم هەموو سەروەتەی بەرهەمی چەوساندنەوەی کرێکاران، گەشە کردنی گەندەڵی و ریشوە خۆری، ئابووری مافیایی بە دوور لە کۆنترۆڵە و بەس. سەرانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوەی ماڵی و سەرمایەگوزاری سەربە بەیتی رێبەری کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران، ئەماکنی مەزهەبی نە مەشمولی ماڵیاتن و نە لەژێر کۆنترۆڵیشدان. کاتێکیش کە لە گۆشەیەکی ئەم دامەزراوانە و باقی ناوەندە ماڵیەکانی ژێر کۆنترۆڵیان پەروەندەیەکی گەندەڵی، ریشوە خۆری، ئیختیلاس و دزی ئاشکرا دەبێت، داوای یارمەتی لە دەستگا ئەمنیەتی و قەزاییەکان دەکەن تا، پەروەندەکانی گەندەڵی بە کۆتاییهاتو رابگەیەنن. رۆژنامەکان وادار بە سکوت دەکەن و دەیانەوێ کە، چراکان کز بکرێن و هەڕاوهوریا نەخرێتەڕێ. ئەوان لە بێدەنگی رەسانیی و ئارامشی گۆڕستانیدا ئەرقامە نجومیەکانی ئیختیلاس لەبەینی خۆیاندا دابەش دەکەن. لە وڵاتێکدا کە سەرۆک کۆمارەکەی ئیعتیڕاف بەوە دەکات و بە ئاشکرایی دەڵێت کە رشوە خۆری و ژێر میزی وەرگرتن سەرتاپای سیستمەکەی ژێر دەسەڵاتی داگرتوە، کۆبونەوەی ئەم ئەرقامە نجومیە لە دەستی ژمارەیەک ئاخوند دا نابێ جێی سەرسوڕمان بێت.سەرانی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا لیستی ناوەکانیان لەپاڵ گەورە ترین سەرمایەدارانی دنیادا قەرار دەگرێت کە، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران بەپێی ئیستانداردە نێونەتەوەییەکان برسی و بەشێکی زۆری منداڵان لەم وڵاتەدا بە دەست بەد خۆراکی و نەخۆشی جۆراو جۆرەوە دەناڵێنن. رواڵەتی زەرد و لاوازیان دەرخەری ڕەنج و ئازارێکی گیان تاوێنە لە ناخیاندا.روو هەڵماڵاوی سەرانی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە، لە حاڵێکدا کە خۆیان لە نازو نێعمەتدا دەژین. دەچنە سەر سفرەی رەنگین و نە قەیرانی ئابووری و نە گەمارۆی ئابووری درگای هیچکامیانی نەکوتاوە، بەردەوام خەڵکی ئێران بۆ قەبوڵ کردنی سیاسەتی ریازەتی ئابووری و ” ئابووری مقاومەتی”، ئەم ناوی رەمزی مەرگی بەشێنەییە بانگهێشت دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە لە هەزینەی عومڕانی و ریفاهی دادەشکێنن، مافی بیمەی کرێکاران و حقوقی خانەنشینان نادەن، حەقدەستەکان لە خوارەوە رادەگەرن بەڵام، یارمەتی ملیارد دۆلاری بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد، بەهێز کردنی حیزب اللە ی لوبنان، پێکهێنانی میلیشیای شیعە لە عێڕاق، تەیار کردنی ئەنساراللە ی یەمەن و هیتر سەرف دەکەن. راگەیەنەرەکانی سەربە رژیم لەگەڵ مردنی هەر ئاخوندێکدا بەگشتی لە پشت سەری یەکتر ریزدەبن، رپۆرتاژی مەراسمی ناشتن و سەرەخۆشی ئامادە دەکەن و پیامی سەرخۆشی لە هەموو لایەکەوە دادەبارێن، بەڵام، هەر ئەم راگەیەنەرانە هەواڵی مەرگی سەدان کرێکار کە لە شوێنە کرێکاریەکاندا دەسوتێن، لە بەرزاییەوە دەکەونەخوارێ، بە دزە کردنی گاز مەسموم دەبن و قوڵایی بیر و مەعدەنەکان دبنە گورستانیان سانسۆڕ دەکەن. رژیم لە حاڵێکدا هیچ ئاوڕێک لە بنەماڵەی ئەم قوربانیانەی قازانج پەرستی سەرمایەداران ناداتەوە کە دانی یارمەتی کوژراوانی ئەندامی حیز اللە ی لوبنان تەنانەت رۆژکیش دواناخات.وا وێناچێ کە چینی کرێکاری برسی بەڵام توڕە، لاوانی بێبەش بەڵام هیوادار بە داهاتو، ژنانی ئازار چەشتوی دەستی هەڵاواردن و ستەمی چەند لایەنە بەڵام ئامادەی هاتنە مەیدان، تەنگەی ئەستوری ئاخوندە تێرەکان و سەرمایەدارانی زێدەخواز ببینن و هەروا قین و توڕەیی خۆیان بخۆنەوە. رەوتی خەباتی ئێستای کرێکاران لە گۆشە و کەناری وڵاتدا، ئامادەیی ژنان بۆ هاتنە مەیدان، ریزی پڕشوری لاوانی تێکۆشەر باس لە سەرەتای کۆتاییەکە. ئەو کۆتاییەی کە دەستی سەرمایەداران بەگشتی و ئاخوندە ملیاردێرەکان لە تاڵان کردنی سەروەت و سامانی خەڵک و وڵاتدا کورت بکاتەوە. وەها ئاواتێک تەنیا کاتێک وەدی دێت کە کرێکاران، ژنان، لاوان و خەڵکی تێکۆشەر موتەشەکل و یەکگرتوبن.