ئامانجی رژیم لە شەپۆلی نوێی گوشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری

رژیمی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی نوێی لە هێرش بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری و مەدەنی دەست پێکردووە. دوای مه‌رگی شاهرۆخ زەمانی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کومونیستی ئێران کە هەمووان بە دروستی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری کوشتنی ئەو دەناسێنن، گوشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری و مەدەنی توندتر بۆتەوە. رۆژێک دوای راگەیەندرانی هەواڵی مەرگی شاهرۆخ زەمانی، مەحمود ساڵحی لە سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و یەکێک لە ئەندامانی کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی رێكخراوه‌ کرێکارییەکان بە تاوانی ئەندامیه‌تی لە كۆبوونه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و تەبلیغ لەدژی نیزام بە ٩ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرا.شەوی ٢٤ی خه‌رمانان مەئمورە ئەمنیەتیەکانی رژیم بە هێرش كردنه‌ سەر ماڵی عەلی نەجاتی وێڕای پشکنینی ماڵ و دەست بەسەردا گرتنی کەلوپەلەکانی وەک کەیسی کامپیوتێڕەکەی، ئەویان گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان. رۆژی ٢٦ی مانگی خه‌رمانان مەئمورانی ئەمنیەتی رژیم هه‌ڵیان كوتایه‌سه‌ر ماڵی هه‌ڵسووڕاوی کرێکاری شاپور رشنۆ لە شاری ئەندیمشک و دوای پشکنینی ماڵەکەی و دەست بەسەردا گرتنی بەشێک لە وەسایلە شەخسیەکانی ئەم هەڵسوڕاوە کرێکاریەیان بۆ شوێنێکی نادیار برد. بەپێی هێندێک لە ڕاپۆرتەکان ژمارەیەکی دیکە لە هەڵسوڕاوانی مەدەنی و کرێکاری شاری ئەندیمشک لەم رۆژانەی دواییدا دەستگیر کراون. ژمارەیەک لە موعەلیمانی تێکۆشەر و فەعالینی بزوتنەوەی خوێندکاری لە سەروبه‌ندی کرانەوەی مەدرەسە و دانیشگاكان گیراون و رەوانەی زیندان کراون. “والە زەمانی” كوڕه‌مامی شاهروخ زەمانی و لە ئەندامانی سەندیکای کرێکارانی نەقاشی ئەلبورز بەرەبەیانی ٢٩ ی مانگی خه‌رمانان لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی رژیمەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.541

سەرەڕای ئەم شەپۆلە نوێیە لە توند بوونەوەی گوشار، دیاردەکان وا نیشان ئەدەن کە رژیمی کۆماری ئیسلامی بەمانەوە نەوه‌ستاوە و لە هەوڵدایە تا ئاستی ئەم هێرشانەی بەرینتر بکاتەوە. له‌م دواییانە و بەشوێن هەڕەشەکانی خامنەییدا کە واتایەکی بێجگە لە دەرکردنی جەوازی گرتن و زیندانی کردن و کوشتنی سازماندراوی نییە، ١٢ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی رژیم سەبارەت بە چالاکی “باند و جەریانێکی وێرانگەری سەدان کەسی” هۆشداریان داوە. بەپێی ئەم ئیدیعایەی ئەو بەکرێگیراوانە، ئەم رەوتە پێوەندی بە سرویسە جاسوسیەکانی رۆژئاوا و وڵاتانی وەک نۆڕوێژ، هولەند و بریتانیاوە هەیە و “رێکخەری ئەم پێوەندیانەش لە دەرەوەی وڵات کەسانێک لە سەرانی فیتنەی ٨٨ و هەڵاتوان و پەنابەران بۆ وڵاتانی رۆژئاوایین.”

گوشار، سەرکوت و گرتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی تازە نییە و بە درێژایی تەمەنی ئەم رژیمە بوونی هەبووە. بەڵام توند بونەوەی ئەم جۆرە گوشارانە بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا، لە ئەسڵدا هێرشێکی پێشگیرانەیە کە هۆکاری روون تری هەیە. یەکێک لە هۆکارەکان هەمان تەوافوقی هەستەیی و چۆکدادانی رژیم لەبەرانبەر ئامریکادایە. رژیم کە لە بەرانبەر ئامریکادا ئیقتیداری چۆتە ژێر پرسیارەوە وەک ماری بریندار دەجوڵێتەوە و نیگەرانە کە نەکا کرێکاران و خەڵکێک کە كارد گه‌یشتۆته‌ ئێسقانیان هاوسەنگی هێزی نوێ بکەنە زەمینەیەک بۆ پەرەدان بە ناڕەزایەتی و خەباتی خۆیان. لەم پێوەندیەدا سەرانی رژیم لە دەور و نەخشی کرێکارانی پێشڕەو و هەڵسوڕاوانی مەدەنی لە دەورەی ئێستادا بە باشی ئاگادارن. رژیم بە دەست پێکردنی شەپۆلی نوێی گوشارەکان دەیەوێ سەرجەم فەعالین و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری چاوترسێن بکات تا “مەبادا جوڵەیەک لە خۆیان نیشان بدەن.” هۆکارێکی دیکەی توند بوونەوەی ئەم سەرکوتانە هەست کردنی سەرانی رژیمە بە ڕاستیە کە کۆتایی هاتنی قەیرانی هەستەیی و لاچونی تەحریمەکان نە تەنیا قەیرانی ئابووری چارەسەر ناکات، بەڵکوو درێژەی ئەم قەیرانە و کەم بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دنیا و زیاد بوونی کەسری بودجەی دەوڵەتی هەموو جۆرە دیمەنگایەکی بۆ باشتر بوونی ژیانی کرێکاران، موعەلیمان و توێژی هەژاری کۆمەڵگە لێڵ و تاریک کردووە. ئه‌م واقعیه‌ته‌ ئابورییه‌ له‌ حاڵێكدا كه‌ كرێكاران و خه‌ڵكی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگا دوای رێكه‌وتنی هه‌سته‌یی چاوه‌ڕێی باشتر بوونی بارودۆخی ژیان و به‌ڕێچوونی خۆیانن، بێگومان په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی موتالباتی بۆ داوا كردنی داخوازییه‌كانیانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. لە خۆڕا نییە کە رەفسەنجانی ئەم ئوپورتونیستە فریوكار و مەکارە هۆشدار ئەدات کە ئەگەر ئاوڕێک لە لانیکەمی داواکارییەکانی خەڵک نەدرێتەوە ئەمنیەتی نیزام دەکەوێتە مەترسیەوە. توند بوونەوەی گوشار لەدژی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و مەدەنی لە ئەساسدا هێرشێکی پێشگیرانەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی مەترسی پەرەسەندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌ کرێکاری و جەماوەرییەکان.
راستیەکەی ئەوەیە کە گوشارهێنان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بۆسەر ڕێبەرانی کرێکاری و پشتگوێ خستنی گوشارە نێونەتەوەیی و نێوخۆییەکان بۆ ئازاد کردنیان، سیاسەتێکی ئاگاهانەیە کە لە بانترین ئاستی رژیمدا لە بارەیەوە قسەو باس و بڕیار دراوە. گوشار خستنەسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری، پەیامی دەوڵەت و سەرمایەدارانی حاکمە بەسەر ئێراندا بە هەموو رێبەرانی کرێکاری و سەرجەم بزوتنەوەی کرێکاری. کەوایە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان نابێ دودڵ بن لەوەی کە دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی بە ئەندازەی باڵی سپای پاسداران و ئوسول گەراکانی سەر بە بەیتی ڕێبەریی لە سازماندانی توند کردنەوەی گوشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چالاکانی باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان کەمتر دەخیلن. هەردوو باڵی رژیم بە باشی هەستیان بەوە کردووە کە لە ناوەرۆکی قەیرانی ئابووریدا و لە درێژەی کێشمەکێش و شەڕی باڵە حکومەتیەکاندا، چ مەترسیەک و لە لایەن کام بەشی کۆمەڵگەوە، هەڕەشە لە چینی سەرمایەدار و رژیمی پشتیوانی دەکرێت. رژیمی کۆماری ئیسلامی بەپێی غەریزەی چینایەتی زانیویەتی کە دەبێ لە بەرانبەر هەر هەوڵێکدا کە لە لایەن کرێکارانەوە ئەنجام ئەدرێت، مقاومەت بکات و ڕێبەرانی کرێکاری بخاتە زیندانەوە.
بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشی بەرنامەبۆدارێژراوی رژیم رێگایەک بێجگە لە پەرەدان بە خەبات بۆ ئازادی کرێکارانی زیندانی و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بوونی نییە. هه‌ڵسووڕاوانی کرێکاری بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتووە کە هەر جۆرە بێدەنگی و نەجوڵانەوەیەک لە بەرانبەر ئەم هێرشەدا، سەرانی رژیم لەسەر درێژەپێدانی سورتر دەکات. دەبێ بەر دەرکی زیندانەکان بکرێتە شوێنی ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵە کرێکاریەکان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بۆ ئازادکرانی ئەم خۆشەویستانە. لە دەرەوەی وڵات ئەحزاب و سازمانە چەپ و کومونیستەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکاری بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران نابێ هیچ دەرفەتێک بۆ بەرپا کردنی کارزاری سیاسی و تەبلیغی بۆ پشتیوانی لە کرێکارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی لەدەست بدەن.