ئاویش گران دەبێت

وەزیری وزه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌م دواییانەدا كۆتایی هێنانی به‌وه‌ی کە ئەو ناوی نا “بە خۆڕایی فرۆشتنی ئاو”، راگەیاند و ئەو سیاسه‌ته‌ی بە کلیلی چاره‌سه‌ركردنی گرفتی کەم ئاوی زانی. ئەو هەروەها وتی: “٧٢ لەسەدی بنەماڵەکانی وڵات مانگانە نزیکەی ١٠ هەزار تمەن قەبزی ئاو پەرداخت دەکەن، لەحاڵێکدا مامناوەندی رەقەمی پەرداختی هەر بنەماڵەیەک بە مخابرات ١٠٠ هەزار تمەنە. به‌ پێی وته‌ی ئه‌و كه‌ ده‌بێ نرخی ئاویش گران بێت تا لە رێژەی مەسرەفەکەی کەم بێته‌وه‌. لە درێژە و پەیگیری ئەم سیاسەتەدا، جێگری وەزیری وزه‌ رایگەیاند: بڕینی ئاوی موشتەرەکە پڕ مەسرەفەکان لە دەوڵەتدا لە حاڵی بەرڕەسی کردن دایە و وادیارە نێوەڕاست یان کۆتایی مانگی پوشپەڕ رابگەیەندرێت. بەم جۆرە وەک هەمیشە و وەک هەموو گرفتەکانی تر لە کۆمەڵگادا، ئەمجارەش رێگا چارەی کەم ئاوییان بەر لە هەر کردارێکی دیکە لە گوشار خستنەسەر ژیانی خەڵکدا دیت. ئەم قەیرانە بەشێک لە قەیرانی ژینگەییە کە لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا هەڵبەت لە هەموو حەوزەکاندا ئاستێکی بەرین تری بەخۆیەوە گرتووە. بەڵام هەرئەو جۆرەی کە لە وتەکانی وەزیری وزه‌ و جێگرەکەیدا دیارە، ئەوان گرفتی کەم ئاوی لە زۆربەی شارە گەورە و چکۆلەکانی ئێران بە فەرهەنگی بێ رەویەی ئاوی مەسرەفی و رێگا چارەی لە زیاد کردن یان بڕینی ئاوی ماڵاندا دەبینن.464

پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە ساڵی ١٣٣٧، جەمعیەتی ئێران ١٦ ملیۆن کەس بووە و لەمرۆدا گەیشتۆتە ٧٥ ملیۆن کەس. لەحاڵێکدا کە رێژەی ئاو وەک خۆی ماوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی کارناسانی ژینگەیی، ئێران لە ناوچەی خاوەرمیانەدا هەڵکەوتووە کە لە نەزەر رێژەی باران بارینەوە لە ئاستێکی گەلێک لەخوارەوە دایە. دیارە کە رێژەی مەسرەفی ئاو لەگەڵ بارودۆخی کەم ئاویدا نایەتەوە و سەرانەی مەسرەفی ئاو لە ئێران لەسەرەوەیە. لەبەرانبەر ئەم راستیەدا، حاکمیەتی بەرپرسیار، دەبوو بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی دوور ئەندیشانە، سیاسەتگەلێکی دوور لە تەماح و زێدە خوازی و كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سود و قازانج، تەنیا بە ئامانجی وڵامدانەوە بەم گرفتە و باقی ئەو کێشە ژینگەییانەی کە لە داهاتوودا بەرەوڕووی گه‌لێك كێشه‌ و گرفتی جیدی به‌ڕێچوونی ژیانیان ده‌كاته‌وه‌، لە زۆر لەوەپێشەوە دەست بەکار بوایە و بە بەرنامە و گرتنە پێشی رێوشوێنی کارناسانە، بەری بە سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە ژینگەییانە بگرتایە کە نەک لە داهاتوودا، بەڵکو ئەمرۆ ئاسەوارەکانی ژیانیان لە خەڵک تاڵ کردووە. گومانی تێدا نییە کە چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی رێژه‌ی جەمعیەت، بەرز بوونەوەی ئاستی ژیان و بێهداشت، مەسرەفی زیاتری ئاوی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەم رەوتە ئاسایی و شیاوی پێش بینی کردنە. لەوێوە کە حاکمیەتێکی نامەسئول بەسەر موقەدەراتی کۆمەڵگادا و لەوانە مەسایلی پێوەندیدار بە ژینگەوە حکومەت دەکات، لەگەڵ ئاوا گرفتێکی گەورەدا بەرەوڕوو دەبێتەوە، بەهەمان شێوەش رێگاچارەی نامەسئولانەتر بۆ چارەسەر کردنی، هەر بەو جۆرەی کە لە قسەکانی وەزیری وزه‌ و جێگەرەکەیدا بوو، لەبەرچاو دەگیردرێت.

راستیەکەی ئەوەیە کە ئابووری مافیایی حاکم، بارودۆخێکی فەراهەم کردووە تا تاڵان و بڕۆی سەرچاوە سروشتیەکان و وێران کردنی ژینگە، ئاستێکی گەلێک کارەساتبار بەخۆیەوە بگرێت. ئەوەی کە ئێمە لەم حاکمیەتەی دەبینین لە پێوەند لەگەڵ مەسەلەیەكی گرنگی وەک قەیرانی کەم ئاوی کە لەمرۆدا بۆتە گرفتێکی جیدی بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا، فرۆشتنی بێ رەویەی زەوی و کەڵەکە بوونی زۆری جەمعیەت لە شارە گەورەکان لە لایەکەوە و سەد سازییە بێ رەویەکان، دەرکردنی بەردەوامی ئیجازەی هەڵکەندنی چای عه‌میق، لادانی روبارەکانی وڵات لە لایەکی ترەوە، بۆتە هۆی ئەوەیكه‌ سەرچاوەی سروشتی ئاو، دەریاچەکان و روبارەکان لە هەموو ئەم ساڵانەدا یەک لەدوای یەک، لە ئاکامی ئەم سیاسەتانه‌ و کرداری نامەسئولانە، وشک یان لە حاڵی وشک بووندابن. بێجگە لە مەسەلەی ئاو، پیس بوونی هەوا لە شارە گەورەکانی وڵاتدا، مافی هەڵمژینی هەوای خاوێنی لە هەوڵاتیان زه‌وت كردووه‌. دیاردەی تەپ و تۆز بۆتە گەورەترین گرفتی زورتری ئۆستانه‌كان، ڕەوتی خێرای نابود بوونی ئەو دارستانانە دەبینین کە هەموو ساڵێک لەگەڵ دەست پێکردنی وەرزی گەرما بەتایبەت لە رۆژئاوای وڵات لە ئاگردا دەسوتێن و نابوود دەبن. ژینگەی حەیاتی وەحش ساڵ لەگەڵ ساڵ بەرتەسک تر بۆتەوە، هەموو ئەمانە لە ماوەی ئەم ٣٦ ساڵەدا وێران بوونی ژینگەیان گەیاندۆتە ئاست و بارودۆخێکی قەیراناوی.

لەگەڵ ئەمانەدا ره‌عایه‌ت نەکردنی تەنانەت سەرەتایی ترین ستانداردەکان و مەوازینی پێشڕەوانەی نێونەتەوەیی لە پاراستنی ژینگەدا، بۆتە سیاسەتێکی دایمی و ئاسایی لە کۆماری ئیسلامیدا. لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو پرۆژە ئابوورییەکان، لە بەشی دەوڵەتی و تایبەتدا، بەبێ لەبەر چاو گرتنی مەسایلی ژینگەیی ئەنجام ئەدەرێن و سەرجەمی ئەم رەوتە، ژیانی بەرەی ئێستا و داهاتووی، بەرەوڕووی مەترسی جیدی کردۆتەوە. مەرگ و میری سەرچاوەگرتوو لە پیس بوونی ژینگە، زیاد بوونێکی سەرسوڕهێنەری بەخۆیەوە گرتووە، نەخۆشیە بێ چارەسەرکان ژیانی گەلێک کەسی خستۆتە مەترسیەوە و بە هەزاران کەس لەبەر وشک بوونی دەریاچە و رووبار و یان لەنێوچوونی دارستانەکان، کار و سەرچاوەی داهاتیان لەدەست داوە.

پرسیارێک کە لێرەدا دێتە گۆڕی ئەوەیە، ئایا گرفتی ژینگەیی لە ئاوا حاکـمیەتێکدا بێجگە لە باقی بابەت و موشکلەکانی تر، ئیمکانی چارەسەر كردنی هەیە؟ ئایا رژیمێک کە ئەرزش بۆ گیانی ئینسانەکان دانانێ، ئایا رژیمێک کە سەرەتاییترین مافی ئینسانەکان بە رەسمیەت ناناسێ، بەڕاستی زەرفیەتی ئەوەی هەیە کە بۆ گرفتی ژینگەیی، بەرنامە و پلانی هەبێت؟ ئایا رژیمێک کە وێران کردنی ژیانەکان و بەرەو نابوودی بردنیانی لە بەرنامەی کاری رۆژانەی خۆیدا داناوە، دەتوانێ بەر بە وێران بوونی ژینگەی ئەم ئینسانانە بگرێت؟ ئەم راستیانە نیشانی ئەدەن کە بۆ چارەسەری قەیرانی ژینگەیی لە ئێران، رێگا چارەی جیاواز، بوونی نییە. رژیمی ئیسلامی هۆکاری سەرەکی قەیرانی ژینگەییە لە ئێران.