ئاگرگه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كانی ناوچه‌ی بانه‌ و مه‌ریوان

242
به‌ پێی راپۆرته‌كان، له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا، به‌شێكی زۆر له‌ دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ناوچه‌ی مه‌ریوان و بانه‌، له‌نێو ئاگردا سووتان. به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، دارستانه‌كانی سنووری بانه‌ ــــ پێنجوێن له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سپای پاسدارانه‌وه‌ ئاگر دراوه‌. پێویسته‌ بوترێت ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ دارستانه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ئاوایی “سیاگوێز” له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سپاوه‌ ئاگر ده‌درێن. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه، زیاتر له‌ ٩٠٠ هێكتار له‌ دارستانه‌كانی ئاوایی “هه‌نجیران”ی شاری مه‌ریوان له‌نێو ئاگردا سووتان. شایانی باسه‌، ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌م دارستانانه‌، چوار رۆژ درێژه‌ی كێشا كه‌ به‌ یارمه‌تیدانی ئه‌ندامان و هه‌ڵسووڕاوانی “ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان، جه‌معیه‌تی سه‌وزی سنه‌، جه‌معیه‌تی ئاژوانی كامیاران” و لایه‌نگرانی ژینگه‌ و خه‌ڵكی ئاواییه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ئه‌م ناوچه‌یه‌، توانیان ئه‌م ئاگرانه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن. جێگای ئاماژه‌یه‌، له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی هاوینه‌وه‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ئێران و به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان، له‌نێو ئاگردا سووتان و زه‌ره‌ر و زیانێكی به‌رچاویان لێكه‌وته‌وه‌. شایانی باسه‌ به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار له‌ به‌رامبه‌ر ژینگه‌دا زۆر كه‌مته‌رخه‌من و زۆربه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ خامۆش كراون.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →