ئایا ئەگەر گەمارۆکان هەڵوەشێنەوە کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا پێکدێت؟

وتووێژی سەبارەت بە بەرنامەی هەستەیی ئێران لە لوزانی سویس سەرەڕای کۆتایی ماوەی دیاری کراوی پێشو هێشتا لە ئارادیە. یەکێک لە ئامانجە جیدیەکانی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدسن بە مزاکراتی هەستەیی، لاچونی ئەو تەحریمانەیە کە پشتی ئابووری نەخۆشی کۆماری ئیسلامی شکاندوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا لە ئەگەری پێکهاتنی لەگەڵ ئامریکا و رۆژئاوا و کەم بوونەوەی گۆشاری تەحریمەکان، ئەم ئابوورییە لە قەیران ڕزگاری دەبێت و ئایا کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا بەدی دێت؟ کۆماری ئیسلامی سەرەتا هەوڵی ئەدا سیاسەتی هەستەیی خۆی لە چوارچێوەی دروشمی ” وزەی هەستەیی مافی سەلمێندراوی ئێمەیە” بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی ئێرانەوە گرێ بدات، ئەمرۆش بە قەبوڵ کردنی شکست لە درێژەدان بە سیاسەتی هەستەییدا، دەیەوێ بە پەرەدان بە گومانی بەدیهاتنی گەشەی ئابووری لە ئاکامی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان، ئاڵوگۆڕ لەم سیاسەتەدا پێوەند بداتەوە بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە. بەم جۆرە ئەگەر لە سەحنەی نێونەتەوەییدا ناچار بووە شکست قەبوڵ بکات، لە بەرەی نێو خۆییدا بە دروست کردنی هیوا بە باش بوونی بارودۆخەکە لە ئاکامی کەم بوونەوە یان هەڵوەشانەوەی تەحریمەکان، ماوەیەکی تر دەرفەت بۆخۆی بەدەست بێنێ.401

ئایا کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی ئەم سازشەدا دتوانێ باشتر بوونێک لە ژیانی خەڵکی ئێراندا بەدی بێنێ؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا پێکناهێنێت. لەبەر ئەوەی کە بارودۆخی دژواری ژیان و بێ مافی زۆر کە بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە لە پێش گەمارۆکانیشدا بوونی هەبووە. گرفتی ژیانی خەڵک لە ئێران نەک تەحریمەکان بەڵكو لە ڕاستیدا حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیە. ئەم ڕژیمە بە گەمارۆوە و بەبێ گەمارۆکانیش دڵخوازانە دەست ناداتە هیچ چاکسازیەکی ڕاستەقینە لە ڕاستای باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی کرێکاران و زۆربەی خەڵک. لەمرۆدا تەیفێک لە جەریاناتی سیاسی لە پەڕاوێزی حکومەتدا لە هەوڵدان بە پەرەدان بە خۆشباوەڕی ئیسلاح پەزیر بوونی ڕژیم خەڵکی ناڕازی بۆ دەورەیەکی تر لە چاوەڕوانیدا ڕابگرن و ئەوان لە خەباتی ڕاستەوخۆ بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکاریەکانیان سارد بکەنەوە. بە هاتنەسەر کاری حەسەن رۆحانی، ئەم گومانە لەنێو بەشێک لە خەڵکدا بەدیهات کە گوایا ڕەنگە کۆماری ئیسلامی بە گرتنەپێشی سیاسەتی ” تەدبیر و ئیعتداڵ” لە ڕاستای گۆڕان و چاکسازیدا قەرار بگرێت.

بۆ وڵامدانەوە بە پرسیاری ئیمکانی ئیسلاح پەزیر بوونی ڕژیم دەبێ بەر لە هەموشتێک ئاماژە بەو هۆکارە سەرەکیانەی کە بنەمای حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی پێکدێنن بکرێت. لەم پێوەندیەدا دەکرێ ئاماژە بە ٣ هۆکار بکرێت کە بنەما و پایەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانی لەسەر دامەزراوە و وەک هۆکاری سەرەکی لە درێژەی حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا بە ئەژمار دێن. یەکەم، بوونی دین سالاری بە تایبەتمەنی شیعەیانەی. دووهەم، بوونی دەوڵەتێکی ئیستبدادی، سەرکوتگەری پۆلیسی، پشت بەستو بە درێژەدان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوایەتی، دینی و عەقیدەتی و سەرکوتی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان و سێهەم، حاکمیەتێکی کە دیفاع کردن لە مناسباتی سەرمایەداری بە ئەرکی خۆی دەزانێ و بەم مەبەستەش چەوسانەوەی توندی هێزی کاری لە ئێران کردۆتە قانونی و لە سەرکوتی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاری لەهیچ قۆناغێکدا غافڵ نەبووە. بوونی ئەم تایبەتمەندیانە کە پایە سەرەکیەکانی مەوجودیەتی حکومەتی ئیسلامی پێکدێنن هەموو جۆرە ئیسلاحێکی لە ڕاستای دابین بوونی بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی، لە لایەن ڕژیمەوە نامومکین کردوە. ئەوەی کە لە مەحافلی حاشیەیی حکومەتیدا وەک ئاڵوگۆڕ و ئیسلاح باسی دەکەن، گۆڕان و ئیسلاحی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیە بۆ بەردەوام مانەوەی حاکمیەتەکەی و بۆ قایم کردنی پێگەی ئەم ڕژمە، نەک گۆڕان و ئیسلاح لە ژیانی خەڵکدا. بەڵام کۆمەڵگە بەردەوام پێویستی بە پێکهاتنی ئیسلاح و ڕێفۆڕم لە مەیدانە سیاسی و ئابووریەکاندایە، تەسەور کردنی کۆمەڵگایەک کە خەڵکەکەی بەردەوام لە مەوقعیەتی شۆڕشگێرانەدان و هەموو رۆژێ لە سەر شەقام و مەیدانی شارەکان کۆدەبنەوە و لە شەڕدان لەگەڵ ئەڕتەش و پۆلیس و باقی هێزە ئەمنیەتیەکان، ئیمکانی نییە. کەوایە ئەم ڕیفۆڕم و ئیسلاحاتە پێداویستی کۆمەڵگایەکی نۆڕماڵ و لە حاڵی پێشکەوتن دایە. بەڵام بەدەست هێنانی دەستکەوت لەم بوارەدا تەنیا بە خەباتی ڕاستەوخۆی خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوە و زۆرلێکراو مومکین دەبێت.پێکهاتن لە وتووێژی پێوەندیدار بە مەسایلی هەستەییدا ئەگەرچی ڕەنگە لێرەو لەوێ کرانەوەیەکی بۆ ڕژیم تێدا بێت، بەڵام لە بەرانبەردا ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانیەکانی ٥٠ ملیۆن خەڵکی بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوەنراو، بەملیۆن بێکار، بەملیۆن لە ژنانی تێکۆشەر، خەباتکارانی دەستەبەر بوونی مافە نەتەوایەتیەکان، چەند ملیۆن منداڵی کار و دەیان ملیۆن ژن و پیاوی گرفتار لە داوی ئیستبداد و چەوسانەوەدا بۆ دابین کردنی ڕیفاه و ئازادی دەباتە سەرترەوە. ئەمانە کۆمەڵێک داواکاری بوون کە کرێکاران، ژنان، لاوان و نەتەوە ژێردەستەکان بۆ دەستەبەر بوونیان لە ساڵی ٥٧ دا ڕاپەڕین و شۆڕشیان بۆ بەرپا کرد.ەبەرانبەر هەموو ئەو ئیمتیازانەی دەیدەن بە ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاوایی، سەرانی ڕژیم هیوادارن بە هاتنی سەرمایە و تێکنولۆژی پێشکەوتو بۆ ئێران، ئابووری لەپێ کەوتوی وڵات سەرلەنوێ پێ بگرێتەوە. ئەم گومانە بە لەبەرچاو گرتنی ئەو قەیرانە ئابووریەی ئێستا بەرۆکی سیستمی سەرمایەداری گرتوە بەخێرایی دەبێتە بڵقی سەرئاو. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە زەمینە بۆ پەرەسەندن و قوڵ بوونەوەی خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ڕزگار بوون لە موسیبەتەکانی سەرمایەداری و حکومەتی ئیسلامی فەراهەم تر دەبێت.