ئایا سێناریۆی کارەساتباری سوریە لە یەمەنیش تێکرار دەبێتە؟

ئاتەش بەسێکی کە پادشای عەرەبستان ناوی ناوە ” ئاتەش بەسی ئینساندۆستانە” لە کۆتایی شەوی سێشەممە بەکاتی عەرەبستان و بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٣ ی مانگی گوڵان بە کاتی تاران چووە بواری ئیجراییەوە. ئاتەش بەسێکی کە لەژێر گوشاری رای گشتی خەڵکی ئازادی خواز لە دنیادا بەسەر ئیتیلافی ژێر رێبەری عەرەبستاندا سەپێندراوە، قەرارە رێگایەک بۆ گەیاندنی یارمەتی مروڤدۆستانە بۆ شەڕلێدراوان بکاتەوە.
لەگەڵ مەتەرەح بوونی بابەتی ئاتەش بەس، کۆماری ئیسلامی وەخۆ کەوت و کەشتیەکی کە بەڕواڵەت هەڵگری یارمەتی ئینسانی بوو رەوانەی لێوارەکانی یەمەن کرد. کەشتیە جەنگیەکانی ئامریکا رێگای نزیک بوونەوە لە یەمەنیان لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گرتبوو. لە رێگای ئاسمانیشەوە فرۆکە شەڕکەرەکانی عەرەبستان ئیمکانی هاتوچۆیان لە هێزەکانی رژیمی ئێران بەرەو یەمەن بەستبوو. دەوڵەتی ئامریکا داوای لە رژیمی ئیسلامی کرد کەشتیەکەی رەوانەی وڵاتی ئافریقایی جیبوتی بکات تا بارەکەی لە رێگای سازمانی ملەلەوە بۆ خەڵکی یەمەن بنێردرێت.432

لە کاردانەوە بەم قسانە مەسعود جەزایری، جێگری ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی، لە رۆژی ٢٢ ی مانگی گوڵان و لە وتووێژ لەگەڵ شەبەکەی عەرەب زمانی ” ئەلعالەم” هۆشداری دا کە لە ئەگەری دروست کردنی ” مزاحمەت” بۆ کەشتیەکەیان ڕەنگە ” ئاگرێک” هەڵبگیرسێ. هێزی دەریایی رژیمیش رایگەیاند کە کەشتیە شەڕکەرەکانیان ئاگاداری لەو کەشتیانە دەکەن کە هەڵگری یارمەتی ئینسانین. بەڵام رژیمی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرا، نەیتوانی ئەم ئیدیعایەی بەرکردەوە دەربێنێ. هەوالنێری رۆیتێرز لە رۆژی ٢٤ ی مانگی گوڵاندا لە زمان سەرهەنگ ئستیو وارێن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئامریکا، نووسی کە هیچ کەشتیەکی جەنگی ئێرانی کشتی هەڵگری یارمەتی ئینسانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئیسکۆرت نەکردوە.

بەڵام ئەوەی کە ئەمرۆ لە وڵاتی یەمەن لە ئارادایە، ریشەی لە شکستی ئاخێزی شۆرشگێڕانەی ساڵی ٢٠١١ خەڵکی ئەم وڵاتەدایە. ئاخێزی خەڵکی تونێس و میسر لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا ٢ دیکتاتۆڕی ئەم وڵاتانە زەین العابدین بن عەلی و حوسنی موبارەکیان لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە. نەسیمی ئەم ئاخێزانە کە گەیشتە خەڵکی یەمەن راپەڕین و عەلی عەبداللە ساڵح، سەرۆک کۆماریان، لە رێکەوتی مانگی فوریەی ٢٠١٢ دا لە کورسی دەسەڵات کێشا خوارەوە. بەڵام وڵاتانی ئەندامی ” شورای هاوکاری خەلیجی فارس” بە رێبەری عەرەبستانی سعودی بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی نارەزایەتی و قوڵ بونەوی داواکاری خەڵکەکەی، دەست بەکار بوون و بە داسەپاندنی جەریانی گواستنەوەی دەسەڵات لەسەرەوە لە عەلی عەبداللە ساڵحەوە بۆ کەسی جێی سرنجی خۆیان ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی یەمەنیان لە ناوەرۆکی راستەقینەی بەتاڵ کرد.

دامرکانەوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و لاواز بوونی دەوڵەتی ناوەندی مەیدانی بۆ هێز نواندنی هێزە چەکدارەکانی سەربە حه‌وسیە شیعەکان، هێزەکانی رێکخراوی ئیسلامی توندڕەوی قاعیدە و پاشماوەی هێزەکانی وەفادار بە ساڵح دیکتاتۆڕی پێشو، فەراهەم کرد. دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی بۆ بەسەرپێوە راگرتنی دەوڵەتەکه‌ی مەنسور هادی دەستیدایە تەیار کردنی ماڵی و تەداروکاتی و نیزامی ئەرتەشی ئەم وڵاتە. هێزە حه‌وسیەکان بە هاندانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هێزەکانی وەفادار بە عەلی عەبداللە ساڵح دیکتاتۆڕی پێشو یەکیان گرت و بە بەهرەمەند بوون لە یارمەتیە تەداروکاتی و نیزامیەکانی رژیمی ئێران لە پێگەی سەرەکیان، ئوستانی سەعدە لە باکوری یەمەن و سنوری ئەم وڵاتە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەوە، حەرەکەتیان کرد و توانیان بە داگیر کردنی عەدەن، پێتەختی یەمەن، مەنسور هادی سەرۆک کۆماری جێی پشتیوانی پادشاهی عەرەبستانی سعودی ودار بە هەڵاتن بکەن. ئیتیلافی حه‌وسیەکان و هێزەکانی عەلی عەبداللە ساڵح کە لە خێرایی پێشڕەویەکانیان توشی غورور ببوون، بە هاندانی کۆماری ئیسلامی هەموو جۆرە وتووێژێکیان بۆ دابەش کردنی دەسەڵات لەگەڵ مەنسور هادی کە لەلایەن عەرەبستانەوە پشتیوانی دەکرێت رەد کردەوە.

بەڵام سەقامگیر بوونی ئەم بارودۆخە نوێیە لە یەمەندا بەواتای زیاد بوونی نفوزی رژیمی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا و پەرەسەندنی نفوزی ئەم رژیمە لە سەرجەم ناوچەکە بەحیساب دەهات. ئەم روداوانە لە عەینی حاڵدا هاوکات بوون لەگەڵ بەرەپێشەوە چوونی رەوتی سازشی رژیم لەگەڵ ئامریکا و هاوپەێمانەکانی لە لوزان سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمی. دەوڵەتانی رۆژئاوایی و هێزە ناوچەییەکانی هاوپەیمانیان و لەوانە پادشاهی عەرەبستانی سعودی ئیجازەیان نەدا، رژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە لوزان سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمی سازشی کردبوو، بە بەهێز کردنی پێگەی خۆی لە یەمەن باری ئەم سازشە لەسەر شانی سوک بکات. لەم روەوە بە تەشویق و پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا ئیئتیلافێکی ناوچەیی کە تێیدا دەوڵەتانی لێوارەی خەلیجی فارس و میسر و پاکستانیش بەشدار بوون، بەرێبەری عەرەبستانی سعودی پێکهات. و ئەمەش سەرەتای کارەساتێکی ئینسانی تر بوو بۆ خەڵکێکی کە بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و ژیانێکی باشتر دەستیان دابووە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە، بەڵام بوونە بازیچەی دەستی هێزە ناوچەیی و گوروپە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە.

هەزاران تۆن بۆمب بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا کە کەوتبونە داوی رقابەتی کۆنەپەرستانەوە، داباری، هەزاران کەس لە خەڵکی بێدیفاع کوژران. ئەو وێرانیانەی لەم شەڕە کەوتۆتەوە لەم وڵاتە جیهانی سێیەمەدا یەمەنی دیان ساڵی ترگێڕاوەتەوە بۆ دواوە و کردویەتە وێرانەیەک. بەملیۆن کەس لە نێوخۆی ئەم وڵاتەدا ئاوارە بوون. ئەوەی کە ئەمرۆ لە یەمەندا دەیبینین شتێک نییە بێجگە لە تێکراری سێناریۆی سوریە و لیبی لەم وڵاتەدا. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی یەمەن کە لە رێبەریی رادیکاڵ و پێشڕەوی خۆی بێبەش بوو، نەتەنیا نەبووە هۆی وەدیهاتنی ئازادی و باشتر بوونی ژیان، بەڵکو ئەمنیەتێکی رێژەیی کە لە رابردوشدا بوویان، لەدەستیاندا.

دەور و نەخشی ئامریکا و باقی وڵاتانی رۆژئاوایی هەروا لە راستای دامەزراندنی نەزمی جێی سرنجی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەسوڕێتەوە. ئەمرۆ یەمەنیش خەریکە دەبێتە قوربانی دامەزرانی ” نەزم” گرتنی سەرمایە لە ناوچەی خاوەرمیانەدا. ” نەزمێکی” کە قەرارە لەسەر وێرانەکانی وڵاتانی ناوچەکە و نابود بوونی ژیانی گەلێک ئینسان دابمەزرێت. لە ناخی ئەم بارودۆخەدا رقابەتەکانی کۆماری ئیسلامی و پادشاهی سعودی بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە. وادیارە تا شکڵ گرتنی هێزێک لە قوربانیەکانی ئەم ” نیزامە” کۆتاییەک بۆ ئەم شەڕ و وێرانکاریانەی سەرمایە بەزەیندا نایەت.