ئه‌گه‌ری گیان له‌ده‌ستدانی زیندانیه‌كی سیاسی تووشبوو به‌ سه‌ره‌تان له‌ زیندانی میناب

509t

زیندانیه‌كی سیاسی به‌ندكراو له‌ زیندانی میناب به‌ناوی “ئه‌فشین سۆهراب زاده‌” كه‌ ساڵی ١٣٨٨ به‌ تۆمه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حێزبه‌ نه‌یاره‌كانی رژیم له‌ كامیاران ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌، به‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشیی سه‌ره‌تان گیانی كه‌وتۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، “ئه‌فشین سۆهراب زاد” خه‌ڵكی شاری كرماشان كه‌ له‌ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری سنە حوكمی ٢٥ ساڵ زیندان‌ و دوور خرانەوە بۆ زیندانی مینابی پێدراوه‌ و ٥ ساڵ لە حوكمەكەی تێپەڕ كردووە، له‌م ماوه‌یه‌دا تووشی نه‌خۆشی سه‌ره‌تان بووه‌.‌ جێگای ئاماژه‌یه‌ ناوبراو ساڵی رابردووش به‌ مه‌به‌ستی ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ٢٣ رۆژ مانی له‌ خواردن گرتبوو و دوای به‌ڵێنی به‌رپرسانی زیندان، مانگرتنه‌كه‌ی شكاند، بەڵام بۆ جارێكی دیكە و بێ ئەوەی كە چارەسەری بۆ بكرێ ره‌وانه‌ی زیندانی میناب كرا. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم زیندانییە سیاسییه‌ بە هۆی نەخۆشیی سه‌ره‌تان، بارودۆخی زۆر ناله‌باره‌ و بە پێی لێكدانەوەی پزیشكی بێهداریی زیندانی میناب، بێتوو چارەسەری بۆ نەكرێ، گیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌.