ئێران خوازیاری ڕاگیرانی ئۆپڕاسیۆنی نیزامیی توركییه‌ له‌ سووریه‌ بوو

158e
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی وێڕای ئاماژه‌دان به‌ ئاڵوزتربوونی بارودۆخی سووریه‌ دوای له‌شكركێشیی توركییه‌، خوازیاری ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ توركییه‌ هه‌رچی خێراتر كۆتایی به‌ ئۆپڕاسیۆنی نیزامیی له‌ سووریه‌ بێنێت.
ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی به‌ یه‌كێك له‌ نزیكترین هاوپه‌یمانانی به‌شار ئه‌سه‌د دێته‌ئه‌ژمار و بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌، له‌ ڕێگه‌ی جۆراوجۆری وه‌ك پێدانی پووڵ، چه‌كوچۆڵ و ناردنی ژماریه‌كی زۆر له‌ هێزه‌كانی سپا و به‌سیج پشتیوانیی لێ ده‌كات. ئه‌م هێزانه‌ له‌ژێر ناوی “مۆسته‌شاری نیزامیی” و به‌ناوه‌كانی وه‌ك “پارێزه‌رانی حه‌ره‌م” له‌ مه‌یدانی شه‌ڕی ناوخۆیی سووریه‌ و له‌ به‌ره‌ی هێزه‌كانی “به‌شار ئه‌سد”دا به‌شداریی ده‌كه‌ن. توركییه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو ئۆپڕاسیۆنی نیزامیی له‌ناو خاكی باكووری سووریه‌ ده‌ستپێكرد. ئه‌م هێرشانه‌ سه‌ره‌ڕای ئامانج قه‌راردانی هێزه‌كانی تاقمی ئیسلامیی داعش، ڕوو له‌ پێگه‌ كوردییه‌كانی سووریه‌شه‌. ئانكاڕا به‌نیازه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ئۆپڕاسیۆنانه‌وه‌ پێش ڕه‌وتی پێكه‌ولكانی كانتۆنه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بگرێت.