ئێعدامی ده‌یان كه‌س له‌لایه‌ن داعش له‌ نه‌ینه‌وای عێراق

657
به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێرییه‌كان، ئه‌ندامانی گروپی ئیسلامگه‌رای داعش لانیكه‌م ٣٠ كه‌سی له‌ ئۆستانی نه‌ینه‌وای عێراق ئێعدام كرد.
ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ هه‌ندێكیان له‌ هه‌ڵسووڕاوانی بواری راگه‌یاندن له‌ عراق بوون، له‌ پایه‌گای نیزامی “ئه‌لغه‌زلانی” له‌ ناوه‌ندی ئۆستانی نه‌ینه‌وا ئێعدام كردووه‌. سه‌رچاوه‌كانی عێراق رایانگه‌یاند، ته‌رمی ئه‌م كه‌سانه‌ بۆ به‌شی پزیشكی قانونی نه‌خۆشخانه‌ی نه‌ینه‌وا گواستراوه‌ته‌وه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌ دۆزینه‌وه‌ی چه‌ندین گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دیكه‌ له‌ شاری شه‌نگال ده‌كه‌ن. له‌م گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌‌ له‌ ١٥ كیلومیتری رۆژئاوای شاری شه‌نگال، ته‌رمی ٥٣ پیاو، ژن و منداڵانی ئێزیدی دۆزراوه‌ته‌وه‌. پێشتریش فه‌رمانده‌ی پۆلیسی شاری شه‌نگال هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵی ٨٠ ژنی به‌ته‌مه‌نی ئێزیدیان راگه‌یاندبوو.