ئێعدامی زیندانییه‌ك له‌ ره‌شت و گواستنه‌وه‌ی ٧ زیندانی

502
به‌ پێی راپۆرتی “هێرانا”، رۆژی جومعه‌ ٢٣ی مانگی گه‌لاوێژ، زیندانییه‌كی مه‌حكووم به‌ ئێعدام له‌ زیندانی ناوه‌ندی ره‌شت، ئێعدام كرا.به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ده‌زگای قه‌زایی رژیم ئه‌م زیندانییه‌ی به‌ تۆمه‌تی “قه‌تڵی عه‌مد” به‌ ئێعدام مه‌حكووم كردووه‌ و رۆژی جومعه‌ له‌ زیندانی ناوه‌ندی ره‌شت ئێعدام كرد. له‌ لایه‌كه‌ی دیكه‌وه‌، رۆژی شه‌ممه‌ ٢٤ی مانگی گه‌لاوێژ، لانیكه‌م ٧ زیندانی مه‌حكووم به‌ ئێعدام له‌ زیندانی به‌نده‌رعه‌باس بۆ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكم بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی گواسترانه‌وه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا رۆژی شه‌ممه ‌”ئه‌حمه‌د شه‌هید” نوێنه‌ری تایبه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، رایگه‌یاند: رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دژ به‌ سزای ئێعدام له‌ هه‌ر بوارێكدایه‌. ناوبراو جارێكی تر داوای له‌ رژیمی كۆماری ئیسلامی كردووه‌: تا ده‌ستبه‌جێ به‌ شه‌پۆلی ئێعدامه‌كان له‌ ئێران كۆتایی بێنێت.