ئێعدامی فاتمه‌ سالبهی له‌ زیندانی شیراز

45q
“فاتمه‌ سالبهی” كچێكی لاو كه‌ له‌ ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا به‌ تۆمه‌تی كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ ٢١ی مانگی ره‌زبه‌ر، له‌ زیندانی “عادڵ ئاباد”ی شیراز ئێعدام كرا.
به‌وته‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكمی ئێعدامی “فاتمه‌ سالبهی” له‌ حاڵێكدا روویدا كه‌ پێشتر به‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی رانه‌گه‌یه‌ندرابوو. فاتمه‌ سالبهی كه‌ له‌ كاتی كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی ته‌مه‌نی ١٧ ساڵ بوو، ساڵی ٨٨ ده‌ستبه‌سه‌ر و به‌ قه‌ساس مه‌حكوم كرا. به‌ وته‌ی یه‌كێك له‌ پارێزه‌ره‌كانی پێشووی ئه‌م په‌روه‌نده‌، فاتمه‌ سالبهی ئه‌گه‌رچی له‌ یه‌كه‌م بازجوییه‌كان و له‌ژێر گوشاردا دانی به‌ كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی دانابوو، به‌ڵام له‌ دانیشتنه‌كانی تری دادگا كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی ره‌ت كردبۆوه‌. شایانی باسه‌ پێشتر رێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ئێعدامی فاتمه‌ سالبهی هۆشداری دابوو و خوازیاری راگیرانی ئێعدامی ناوبراو و منداڵان له‌ ئێران بوو.