ئەمنیەتی رژیم لەکوێ کەوتۆتە مەترسیەوە؟

رۆژی دووشەممە ١٩ی مانگی گەلاوێژ بە ئامادە بوونی جێگرانی سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی ئوستانداریەکانی سەرتاسەری وڵات، کۆبونەوەیەکی ئەمنیەتی لە شوێنی وەزاڕەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو، لەم کۆبونەوەیەدا، مەسایلی ئەمنیەتی پێوەندیدار بە ئۆستانەکان، کۆنترۆڵ کردنی سنورەکان و کاروباری ئینتیزامی، لە لایەن کاربەدەستانی وەزاڕەتی نێوخۆوە قسە و باسی له‌سه‌ر کرا. هاوکات لەگەڵ بەڕیوەچونی ئەم کۆبونەوەیە، گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی “سیانەت لە حێجاب و عیفاف” لە لایەن ژمارەیەک لە کاربەدەستانی رژیمەوە لە مەجلیس بۆ پەسندکرانی درایە ئەم ناوەندە دژی خەڵکیە. لە یەکێک لە خاڵەکانی ئەم تەرحەدا داوا لە هێزی ئینتیزامی کراوە ئەو ژنانەی کە، بە قەولی ئەم کۆنەپەرستانە بە جل و بەرگی ناشەرعی و نەگونجاوەوە لە شوێنە گشتیەکان و تەنانەت لە ماشێنەکانیاندا دەردەکەون، بە جەریمەی نەغدی مەحکوم بکەن. مادەیەکی تری ئەم تەرحە، نەسب و تەعمیر کردنی کەلوپەلی وەرگرتنی ماهوارەیی قەدەغە و ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن سەرەتا جەریمەی نەغدی و دواتر بە زیندان مەحکوم دەکات. رۆژێک دوای بەڕێوەچونی ئەم کۆبونەوەیە پاسدار “محەممەد تەقی عوسار” جێگری هێزی ئینسانی نیروی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی بە بیانوی مەڕاسمی ناشتنی یەکێک لە کوژراوەکانی دەورانی شەڕ لە زەنجان، گۆشەیەکی تری نیگەرانیەکانی رژیمی باس کرد و وتی: “لە پێوەند لەگەڵ ئەمنیەتی نێوخۆ بەرنامەی دامەزراندنی ٣٠٠ هەزار پۆلیسی ئیفتیخاریمان هەیە.”508دوو رۆژ دوای ئەم کۆبونەوە ئەمنیەتییە، پاسدار جەعفەری فەرماندەی گشتی سپای پاسداران لە کۆبونەوەیەکدا بە ئامادە بوونی بەناو ئوستادان و نوخبەکانی حەوزەی عیلمیە لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی توندی خۆی لە بارودۆخی فەرهەنگی و ئەخلاقی کۆمەڵگە وتی: “بابەتی ئەمنیەتی و دیفاعی لە وڵاتدا بەرپرسی هەیە و ئەوان بەرەنگاری نائەمنی و هەڕەشەکان دەبنەوە. کەوایە دەبێ بزانین دیفاع لە ئینقلابی ئیسلامی لەگەڵ دیفاع لە یەک پارچەیی وڵات جیاوازە.”هەموو ئەم کردار و هەڕەشانەی کە لەگەڵ سوخەنڕانیەکەی حەسەن رۆحانی بە بۆنەی تەوافوقی هەستەیی ویەن دەستی پێکرد نیشان ئەدات کە، ئێعدامە بەرین و بەربڵاوەکانی زیندانیانی تاوانە عادیەکان لەم چەند مانگەی دواییدا، ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی، گرتنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە ئامانجی دروست کردنی کەش و هه‌وای پڕ لە ترس و وەحشەت و دامەزراندنی ئارامشێکی گۆڕستانی جێی سرنجی ڕژیم لە کۆمەڵگەدا کارایی نەبووە. نیگەرانیەکانی کۆماری ئیسلامی لە بابەت ئاخێزە کۆمەڵایەتیەکانەوە قوڵتر و جیدیترە. ئەم ئامەدەکاریانە نیشانی ئەدەن کە وەرگرتنی زەمانەتی مانەوە لە وڵاتانی رۆژئاوایی لە پرۆژەی تەسلیمی هەستەییدا بە واتای واکسینە بوونی نێوخۆیی لەبەرانبەر ئاخێز و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان نییە و نابێت.هەر لەم پێوەندیەدا ئەو کارانەی کە لەژێر ناوی نیگەرانی لە ئەمنیەت لە سنورەکان ئەنجام ئەدرێت، بەگشتی بیانوون. کۆماری ئیسلامی باشتر لە هەمو کەسێکی تر دەزانێ کە ئەمنیەتی ڕژیم لە ڕێگای سنورەکانەوە نه‌کەوتۆتە مەترسیەوە. ئەوەی کە خەتەری جیدی و کابوسی ڕژیمە، مەترسی تێکەڵ بوونەوەی جۆگەلەکانی خۆڕاگری خەڵکی و مەترسی بەرپا بوونی ئاخێزە کۆمەڵایەتیەکانە. لاچونی مەترسی لەسەر سنورەکان، ئەگەر مەترسیەک بوونی هەبێت، لە ڕێگای گەلێک ئاسان ترەوە ئیمکان پەزیرە و بە هەر حاڵ مەسەلەیەکی بێ چارەسەر نییە. ئەوەی کە بێ چارەسەرە چاوەڕوانی خەڵکێکە کە سالانێکە بە بیانوی ته‌حریمی ئابووری و گوشاری دەرەکی، نانی شەویان بە بارمتە گیراوە. ئەم خەڵکە نان و کار و ئازادی و ژیانی باشتریان دەوێ. ئەم خەڵکە لە وڵاتێکدا دەژین کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی رۆنیشتوە. بەرهەمی کاری تاقەت پروکێن و ساعات کاری تولانی لەگەڵ حەقدەستی کەمی چینی کرێکار لەم وڵاتەدا، دەچیتە گیرفانی کۆمپانیا و شیرکەتەکانی سەربە سەرانی ڕژیمەوە و یان سەرفی پرۆژەکانی نیزامی و ئەمنیەتی بۆ سەرکوتی ئەم خەڵکە کراوە.رژیم لەنێو خۆی وڵاتدا و نەک لە سنورەکانەوە، لەگەڵ شەپۆلێک لە تەنەفور و بێزاری جەماوەری خەڵکی برسی و نارازی، ئەو لاوانەی کە ئاسۆی ژیانیان تاریکە، ژنانی خوازیاری ئازادی و ڕزگار بوون لە ستەم و سەرکوتی قانونی شەرعی بەرەو رووە. پێش بینی کارناسانی ئابووری، خودی ڕژیم کە لە مەحفەلی تایبەتی خۆیاندا باس دەکرێت و جاریوایە گۆشەیەکی لێ ئاشکرا دەبێت، نیشان ئەدات کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ وڵام دەرەوەی چاوەڕوانی و داواکاریەکانی خەڵک بێت. لەبەر ئەوە رووبەڕوو بوونەوەی خەڵک و ڕژیم لە ئاستی نێوخۆیی لە قەلەمڕەوی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا حەتمیە و لە هەموو مەترسیەکی دیکە زیاتر هەڕەشە لە ڕژیم دەکات. خەڵکێک کە لە فازی کڕین و فرۆشتنی کولیە پەڕیوەنەتەوە و گەیشتونەتە کڕین و فرۆشتنی چاو و پێست و هەموو ئەندامەکانی تری جەستە، ئیتر توانایی دانی دەرفەتی زیاتریان بەم ڕژیمە نییە.سەرانی ڕژیم و وەزاڕەتی نێوخۆ و کاربەدەستانی ئوستانی، فەرماندەکانی سپا و بەسیج و واعزینی حەوزەکانی عیلمیە و ئیمامانی جەماعەتی بەکرێگیراو، ئەم ڕاستیەیان بەباشی هەست پێکردووە. لەم روەوەیە کە لە تەقسیم کارێکدا، هەر لە مزگەوت و مینبەر، سپا و بەسیج و ناوەندە پۆلیسی و ئەمنیەتیەکانەوە گرتویەتی، لە هەوڵدان تا بەر بە سەرهەڵدانی ئاخێزی کۆمەڵایەتی بگرن. بەڵام لە ئاوا بارودۆخێکدا، شمشێر بەدەستێکی وەک پاسدار جەعفەری ناتوانێ بەرەنگاری خەڵکی برسی بێتەوە. خەڵکێک کە هیچی بۆ لەدەستدان نییە بەڵام، لە کەوتنەڕێی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا هەم کەرامەتی خۆی بە دەست دێنێتەوە هەم لە نێعمەتی بە تاڵان براوی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی بەهرەمەند دەبێت. بەڕێوەچونی کۆبونەوەی ئەمنیەتی وەزاڕەتی نیوخۆ و هەڕەشەی فەرماندە نیزامیەکانی سپا و هێزی ئینتیزامی بەهەر بیانویەک و لەژێر هەر ناوێکدا بێت، دەرخەری نیگەرانییە جیدیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئامادەیی خەڵکە بۆ بەرپا کردنی ئاخێزێکی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا. پێویستە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و سوسیالیستی ئێران بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ وەها بارودۆخێک بە ئامادەیی و لێهاتوویی و درایەتی پێویستەوە ئامادە بن. ڕێکخراو و یەکگرتو بوون و سەرتاسەری کردنەوەی داواکاری و ویستی کرێکاران و یەکگرتنیان لەگەڵ باقی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان یەکیک لە پێویستیەکانی ئەم ئامادە بوونەیە.