ئەگەری رێكه‌وتنی رژیم لەگەڵ ئامریکا، دەرفەتێک بۆ پەرەسەندنی بزوتنەوەی موتالباتی

راگەیەنەرە رۆژئاواییەکان دەڵێن کە، وتووێژی گروپی ١+٥ و کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە دوایین ساتەکانی و راگەیەنەرەکانی رژیمیش باس لەوە دەکەن کە هێشتا رێكه‌وتنێك بەدەست نەهاتووە. ئاکامی ئەم دەورە لە وتووێژەکان هەرچی بێت، لە رۆژانی داهاتوودا روون دەبێتەوە. ستراتیژی ئامریکا لەم وتووێژانەدا، کردنی رژیمی کۆماری ئیسلامیە لە رژیمێکی نەیار و سەرکێشەوە بە هاوکارێکی ناوچەیی. بەڵام لە روانگەی ئامریکاوە ئەم رەوتە لە هەمانحاڵدا دەبێ لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئامریکا، بەتایبەت ئیسرائیل و تورکیە و عەرەبستانی سعودیدا بڕواتە پێشێ. ئەمەش کاری دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە بە کۆتایی گەیاندنی رێكه‌وتنه‌كان دژوارتر دەکات. لێرەدا مەسەلە لەسەر سەهمێکە کە رژیمی ئیسلامی لەم هاوکاریەدا بەریدەکەوێ و نرخێک کە دەبێ لە پێناویدا بیدات. سەهمێکی کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بریتیە لە :کۆتایی هاتنی بەتەواوەتی هەمووجۆرە و کردارێک لەلایەن دەوڵەتانی رۆژئاواییە بۆ گۆڕینی رژیم، هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و ئەو بەربەستە بازرگانیانەی دانراون و کرانەوەی رێگا بۆ رژیمی ئێران بۆ پەیوەست بوون بە معادلاتی ئابووری نێونەتەوەیی.398

نرخێک کە دەبێ بیدات، هاوکاری و گێڕانی رۆڵێکی ئەرێنی و هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندی دەوڵەتانی رۆژئاوایی و لە سەروشیانەوە ئامریکا لە قەیرانە ناوچەییەکان لە عێراق و سوریە و فەلەستین و یەمەن و ئەفغانستان و هیترە، دانی دڵنیایی بە رۆژئاوا کە بەشوێن دروست کردنی چەکی هەستەییەوە نییە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەوەی کە سەلمێندراوە هەر رێكه‌وتنێك دەستەبەر بێت، بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان وەک ئەهرومی گوشار بەسەر رژیمەوە بۆ دڵنیایی لە پێبەند بوونی کۆماری ئیسلامی بەو تەعەهودانەی داویەتی و لەسەری رێكه‌وتۆون، دەمێنێتەوە. وەک ئەولەویەتێک کۆماری ئیسلامی ئەساسەن بەدوای ئەوەوەیە کە لە رێگای هەڵگیرانی بەشێک و یان هەموو تەحریمەکانەوە پشوویەک وەبەر ئابووری نیوەگیانی خۆی بێنێتەوە. بەڵام له‌ راستیدا ئابووری ئێران لە وەها بارودۆخێکی قەیراناوی دایە و دەزگای ئیداری رژیم بەشێوەیەک بە زەلکاوی گەندەڵیدا چۆتەخوارێ، کە بەم رێكه‌وتنانه‌ش ناتوانێ ببوژێتەوە. هەزاران ناوەندی بەرهەمهێنان لەکار کەوتۆون کە دیسان وەگەڕ خستنەوەیان لە بارودۆخێکی ئاساییدا و لەلایەن رژیمێکی موتەعارفیشەوە چەندین ساڵ درێژە دەکێشێ، چ بگات بە رژیمێک کە خاوەنی یەکێک لە ناکاراترین و بێ کیفایەت ترین سیستمە ئیداریەکانە بە بەراورد بە باقی وڵاتانی دواکەوتوی سەرمایەداری. ئەو ناوەندانەی بەرهەمهێنان کە هێشتا بەسەر پێوەن بەهۆی کۆنی و پەرتوکاوی ئامێرەکانیان، لەخوارەوە بوونی ئاستی تێکنولۆژی و هەزینەی زۆری وزە، ناتوانن لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی کالای هاوشێوە لە ناوچەکەدا و لە ئاستی جیهانیدا ره‌قابەت بکەن. لەم رووەوە ئەوانیش لە باشترین حاڵەتدا بە نیوەی زەرفیەتی خۆیانەوە کاردەکەن و لە سه‌روبه‌ندی وەرشکست بووندان. سەرمایەدارانی ئەم وڵاتە دەمێکەیە کە ئیتر کاری بەرهەمهێنان بە قازانج نازانن و پێیان باشترە سەرمایەکەیان لە دەرەوەی وڵات یان لە ريشتەی سودئاوەری بازرگانیدا بخەنەکار. سپای پاسداران ئابووری ژێر دەسەڵاتی خۆی بەشێوەی مافیایی و بە پاشقولدانی رەقیبە نێوخۆییەکانی و دەستگرتن بەسەر ئیمکاناتی دەوڵەتیدا بەڕێوەدەبات. دەوڵەتی رۆحانی کە نەیتوانیوە هیچکام لە به‌ڵێنه‌كانی کاتی هەڵبژاردنی جێبەجێ بکات، بەبێ هیچ نەخشە و پلانێکی رۆژانه‌ تر لە دەورانی ئەحمەدی نیژاد دەجوڵێتەوە، ئابووری وڵات ئەمرۆ بۆ سبەی بەڕیوەدەبات و خەتاکانیش دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتی پێشوو و سپا و دەستێوەردانەکان لەسەرەوە.

قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران و سەرهەڵدانی نیشانەکانی لێکهەڵوەشان و ئاسەوارەکانی ئەم قەیرانە بەسەر کار و ژیان و بەڕێچونی چینی کرێکار و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگاوە، هەر رۆژەو ئاستێکی نوێتر بەخۆیەوە دەگرێت. بارودۆخی خراپی ئابووری، زیاد بوونی رۆژانەی خێڵی بێکارانی بەشوێنەوە بووە. ئەو کرێکارانەی کە بەبێ بەهرەمەند بوون لە هیچ جۆرە پشتیوانیەکی دەوڵەتی لە جەنگەڵی سەرمایەداری ئێراندا وێڵ دەکرێن دەکەونە داوی هەمووجۆرە خەسار و زیانی کۆمەڵایەتیەوە. حەقدەستی چەندین جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، بێکاری چەند ملیۆنی، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی، گرانی و دەستکورتی هەر ئێستا گوشارێکی کەمەرشکێنی بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا سەپاندووە. ئەم بارودۆخە دژوارە ئابوورییە بنەماڵە کرێکاریەکان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران زیاتر لە پێشوو لە چنگی خۆیدا دەگوشێت.

درێژەی ئاوا بارودۆخێک، بەتایبەت بەشوێن کەمبوونەوەی ناکۆکی لەگەڵ ئامریکا، بێ گۆمان کۆمەڵگای ئێران بەرەو گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە گشتیەکان و مانگرتنی کرێکاری دەبات. هەر رادەیەک لە رێكه‌وتنی رژیم لەگەڵ ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاوایی ئەم بیانووە لە دەست ڕرژیم دەردێنێ کە سەرچاوەی هەموو نابەسامانیە ئابوورییەکانی خەڵکی ئێران ببەستێتەوە بە گوشارەکانی رۆژئاوا و گەمارۆ ئابوورییەکانەوە. لەم بارەوە بارودۆخ بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی موتالباتی کرێکاران و خەڵکی هەژار و کەم داهات لەبارتر دەبێت. هەر ئێستاش کرێکاران بە خەباتی، بەردەوام بەڵام پڕژوبڵاو، لەدژی ئەم موسیبەتانە کاردانەوەیان نیشانداوە. بۆ بەهێز کردنی ئەم خەباتە بەر لە هەموو شتێک پەرەدان بە هەوڵەکان بۆ دروست کردنی تەشەکولی چینایەتی زەرورییە. لە هەمانحاڵدا گرێدانی خەبات و تێکۆشانەکان بەیەکەوە و پشتیوانی بەشە جۆراوجۆرە کرێکارییەکان لە یەکتر بابەتێکی پێویست و مومکینە. ئێستا هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە چەند تەشەکولی سەربەخۆ لە دەوڵەتدا کۆبونەتەوە و یان بەشێوەی تاک چالاكیه‌كانیان دەبەنەپێشێ. بەڵام ئەم ئەزمونە گەلێک سنوردارە. پێوەندی ئەم هەڵسوڕاوانە لە چوارچێوەی یاسا و رێسای کاری عەلەنیدا دەبێ پەرەبستێنێ. رێكه‌وتنی ئیحتیمالی و کەمبوونەوەی ناکۆکیەکان لەگەڵ ئامریکا هەروەها دەرفەتی نوێ بە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان بۆ خۆ دەرخستنی بەهێز لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەدات. پێوەندی هەڵسوڕاوانی ئەم بزووتنەوانە دەتوانێ سەرەڕای ئەو جیاوازیانەی کە لە شێوەی کار و بۆچوون و گرایشی سیاسی چالاکان و پێشڕەوانیاندا هەیە، بە ئامانجی وڵامدانەوە بە نیازه‌كانی ئێستای خەباتی رەوای ئەم دەورەیە و وەجوڵە خستنی بزووتنەوەیەکی موتالباتی بەهێز، پەرە بستێنێ.