بارودۆخی خراپی تەندروستی زیندانیانی زیندانی ناوەندی سنە

777
به‌ندكراوانی زیندانی ناوەندی سنە و بەتایبەت بەندكراوانی سیاسی بەهۆی پێڕانەگەیشتنی لایەنە پەیوەندیدارەكان و پشتگوێ خرانیان، لە بارودۆخێكی خراپ و ناجێگردا دەژین.
زیندانی ناوەندیی سنە كە ژماره‌یه‌كی بەرچاو زیندانی بەتایبەت بەندكراوی سیاسی لەخۆگرتوە، لە ١٠ بەندی سەرەكی پێكدێت و بەهۆی كەمیی جێگە و نەبوونی كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی و تەندروستی بارودۆخێكی ئاڵۆزی هەیە و ئەم بارودۆخە بۆ زیندانیان و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنیی بەندكراو، لەم ناوەندە زۆر ئەستەم و دژوارترە. هەركام لە بەندەكانی ئەم زیندانە چەند ژووری ١٢ میتری لەخۆدەگرێ كە لە هەر ژوورێكدا ٢٠ تا ٢٥ بەندكراویان تێدایە كە ناچارن لە تەنیشت یەكتر و تەنانەت هەندێك جار لە نێو كالیدۆرەكان بخەون. هاوكات هیچ جیاكارییەك بۆ زیندانییەكان لەباری جۆری تاوان و سزاكانیان لەبەرچاو ناگیرێت و زۆربەی جار منداڵانی خوار ١٨ ساڵیش، تێكەڵ بە زیندانیانی سەرووی ١٨ ساڵ دەكرێن.