بارودۆخی سوریە لەسەر ناوەرۆکی کێشمەکێشی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان

 

کەمتر کەسێک دەتوانێ حاشا لەم راستیە بکات کە ئاخێزە جەماوەرییەکان لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا ڕەنگدانەوەیەک لە قەیرانی ئێستای سەرمایەداری جیهانی لەوڵاتانی دواکەوتودا بوون. دەکرێ بە ئامار و ئەرقام بە روونی نیشان بدرێت کە چلۆن بانکی جیهانی و سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو ئەم وڵاتانەی بۆ دانەوەی قەرزەکانیان خستبووە ژێر گوشارەوە و ئەوانیان پێمل کردبوو کە هەزینە دەوڵەتیەکان لە بواری خزمەتگوزاری گشتیدا کەم بکەنەوە و ئەم مەیدانە بە کەرتی تایبەت بسپێرن و بە سەرفەجوویی کردن لەم بوارەدا وامەکانیان بدەنەوە و لە لایەکی دیکەوە چلۆن هاوکات لە زەمینەی سەرمایەگوزاری و رەخساندنی هەلی کار لەم وڵاتانەدا، دەقیقەن بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە قەول و قەرارەکانیان پێشێل دەکرد.بەر لە بەرپا بوونی ئەم ئاخێزانە لەژێر چاوەدێری ئیمپڕیالیزمی ئامریکادا نیزامێکی ئەمنیەتی دیاریکراو لە ناوچەکەدا هەبوو و لە سایەی ئەم نیزامەدا، سەرمایەی جیهانی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی خۆی دابین دەکرد. بەڵام بینیمان خەڵکێک کە لە درێژەی ژیانی فەلاکەتباری ژێر حاکمەیەتی ڕژیمە گەندەڵەکاندا وەگیان هاتبوون، لەدژی ئەم بەناو نەزمە ڕاپەڕین و نیزامە ئەمنیەتیه‌كه‌ی ڕابردوشیان تێکەوەپێچا. بەرژەوەندی سەرمایەداری رۆژئاوا کەوتە مەترسیەوە. شۆڕشەکان لە بارودۆخێکدا ڕویاندا کە ڕیزی خەڵکی عەداڵەت خواز خاوەنی رێبەریی نەبوو. یەکەم کارێک کە کەوتە دەستور کاری دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و لە سەرویانەوە ئامریکا و ئیسرایل ئەوە بوو کە بەربە شکڵ گرتنی بەدیلێکی ڕادیکاڵ و سەربەخۆ، حاسڵ لەم ئاخێزانە بگرن. بەتایبەت دەوڵەتی ئیسرایل بۆ دابین کردنی ئەمنیەتی خۆی پێویستی بە دروست کردنی نائەمنی لەم وڵاتانەدا هەبوو. ئەم کارە ئیمکانی نەبوو مەگەر بە زاڵ کردنی فەزایەکی جەنگی بەسەر کەشی سیاسی ئەم وڵاتانەدا و ناردنە ماڵەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو. بەڵام ئاکامی ئیجرای ئەم سیاسەتە، لە کردەوەدا بارودۆخەکەی ئالۆزتر لەوە کرد کە ئەوان لەپێشدا پێش بینیان دەکرد. ئاگرێک کە کردویانەتەوە بەرەو ئەوە دەچێت دوکەڵەکەی بچیتە چاوی خۆشیانەوە. بەگشتی هەموو شەڕێک دەست پێکردنەکەی لە ئیختیار هەڵگیرسێنەرەکەی دایە، بەڵام کۆتایی پێهێنانی ئیلزامەن لە ئیختیار ئەودا نییە. لە وڵاتی تونێس ستراتیژی دەوڵەتە رۆژئاواییەکان بەرەوڕووی دەردە سەری کەمتر بۆوه‌. وڵاتی میسر دوای دوو ساڵ شەڕ و تێکهەڵچونی خوێناوی و کۆنترۆڵ کرانی بارودۆخەکە لەلایەن ئەڕتەشەوە سەرئەنجام بەشێوەی نیسبی سەقامگیری جێی سرنجی دەوڵەتانی رۆژئاوایی بەدەست هێنا. لە لیبی و سوریە و یەمەن گەیشتنە بونبەست و کارەساتێکیان بەدیهێنا کە دەیبینین، بەشێوەی لانیکەم لە کورت ماوەدا ڕێگا چارەیەکی بۆ تەسەور ناکرێت. هەر ئەو بەڵایەی کە بەسەر ئەفغانستان و عێڕاقیان هێنا لەو وڵاتانەی دیکەش تێکراریان کردەوە. بە گشتی بەدیهاتنی بارودۆخی ئالۆزی ئێستا بەرهەمی چەند ڕاستیەکە:v یەکەم، پەڕاوێزکەوتنی دەور و نەخشی جەماوەری خەڵک و میلیتاریزە بوونی گشتیی فەزای سیاسی ئەم وڵاتانە. دووهەم، ڕقابەتی نێوان زلهێزە سەرمایەداریەکان سەبارەت بە سەرلەنوێ دابەش کردنەوەی دنیا بۆ ناوچەی ژێر نفوز و سێهەم، ڕقابەتی هێزە ناوچەییەکان لەسەر سەهم بەری لە دابەشکاریە ناوچەییەکاندا.561

بونبەستی سیاسی لە سوریە و شوێنەکانی تر یەکێک لە نیشانەکانی بێتوانایی دەوڵاتانی ئیمپڕیالیستی دنیایە لە شکڵدان بە نەزمێکی جێی سرنجی خۆیان. زیاتر ئامریکا و روسیە و یەکێتی ئوروپا، کە هاوپەیمانی ئامریکایە و تا ڕادەیەک چین، لەم کێشمەکێشانەدا دەرگیرن. ئەم جەمسەرانە کەوتونەتە مەوقعیەتێکەوە کە هیچکامیان بە ئاسانی لە بەرانبەر گوشاری لایەنی بەرانبەردا پاشەکشە ناکات. دیپلۆماسیش ناتوانێ ئەوەی کە لە مەیدانی هاوسەنگی هێزی راستەقینەدا زەمینەی چارەسەری بۆ فەراهەم نەکراوە، چارەسەر بکات. ئێستا سێ دەسەڵاتی گرنگی ناوچەیی، ئێران، عەرەبستانی سعودی و تورکیە ڕاستەوخۆ هاتونەتە نێو ئەم رقابەتانەوە. رقابەتی نێوان عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامی لە یەمەن، رقابەتی هەرسێکیان لە سوریە و عێراق، لە هۆکارەکانی ئاڵۆزتر بوونی بارودۆخەکەن.
زلهێزەکان کە هەرکامە و بە شێوەیەک لە کێشمە کێشەکانی ناوچەکەدا دەرگیرن، ناتوانن بەرژەوەندی هێزە ناوچەییەکان پشت گوێ بدەن و لە سەرو ئەوانەوە بارودۆخی جێی سرنجی خۆیان دابسەپێنن. ئەم راستیە کە هێزە ناوچەییەکان ئیتر وەک رابردوو گوێ بەفەرمانی دەوڵەتە گەورەکان نین، بەر لەوەی کە نیشانەی بەهێزتر بوونی ئەوان بێت، نیشانەی تێکچونی هاوسەنگی هێزی جیهانی و کۆتایی هاتنی قۆناغی جیهانی یەک جەمسەری بە سەرۆکایەتی ئیمپڕیالیزمی ئامریکایە. ئەوان ئیتر بۆ درێژەی حاکمیەتی خۆیان ناتوانن هێندە لەسەر پشتیوانی ئامریکا حیساب بکەن و هەوڵ ئەدەن قوڵایی ئەمنیەتی خۆیان پەرە پێبدەن و لە دابەشکاری ئەمنیەتی ناوچەکه‌دا بەشدار بن.
سەبارەت بە هێرشی ئاسمانی ئەڕتەشی روسیە بۆسەر پێگە و سەنگەری نەیارەکانی بەشار ئەسەد لە سوریە کە له‌م دواییانە دەستی پێکردوە، گەلێک نیشانە باس لەوە دەکەن کە دەوڵەتی ئامریکا چرا سەوزی بۆ هەڵکردبوو. لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە بارودۆخ لە سوریە بە بونبەست گەیشتبوو وە لە لایەکی دیکەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بونبەستە و ئەوەی کە ئیجازەی نەئەدا کە ئەم بابەتە بە پێی بەرژەوەندی دەوڵەتی ئامریکا چارەسەر بکرێت، خودی روسیە بوو. دەوڵەتی ئامریکا هیوادارە بە کێشرانی پێی روسیە بۆ نێو گۆڕەپانی شەڕەکە، ئەم بونبەستە بشکێت. تا ئێستا هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، حیزبۆڵای لوبنان و هێزە نیزامیەکانی بەشار ئەسەد لە جیاتی روسیە شەڕیان کردوە، ئێستا دەوڵەتی روسیە دەیەوێ لەوان وەک پیادە نیزامێک کە لەژێر چەتری بۆمبارانی ئاسمانی ئەودا پێشڕەوی دەکەن، کەڵک وەربگرێت. لایەنی ئامریکایی هیوادارە کە دخاڵەتی روسیە و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە مەیدانی شەڕدا ئەو بونبەستەی ئێستا بشکێنێت و سەرلەنوێ وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە تەوافوق دەست پێبکاتەوە.