بارودۆخی ناله‌باری زیندانییه‌كی سیاسی خه‌ڵكی بۆكان له‌ زیندانی ته‌به‌س

282y
به‌ پێی راپۆرتی هه‌ڵسووڕاوانی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، زیندانی سیاسی “محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵاهی” خه‌ڵكی شاری بۆكان، نزیكه‌ی ٢ ساڵه‌ بۆ زیندانی ته‌به‌س ته‌بعید كراوه‌ و له‌ مافی ملاقات له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبه‌ش كراوه‌.
ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ڕێگای نامه‌یه‌ك روو له‌ به‌رپرسانی قه‌زایی ته‌به‌س، خوازیاری پێراگه‌یشتن و گواستنه‌وه‌ی بۆ زیندانی نزیك شوێنی نیشته‌جێ بوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ی به‌كرده‌وه‌ ده‌رنه‌هێنن، چاره‌یه‌كی جگه‌ له‌ مانگرتن له‌ خواردن نییه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ برایه‌كی ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ به‌ ناوی “محه‌ممه‌د عه‌بدوڵاهی” كه‌ زیندانی سیاسییه‌، حوكمی ئێعدامی بۆ ده‌ركراوه‌ و هه‌ر ئێستا له‌ زیندانی ورمێ هه‌ڕه‌شه‌ی ئێعدامی له‌سه‌ره‌ و برایه‌كی دیكه‌شی بۆ ‌ سه‌ربازی نێردراوه‌‌ و باوكی پیر و دوو منداڵی ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه،‌ بێ سه‌رپه‌ره‌ست ماونه‌ته‌وه‌. شایانی باسه‌، محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵاهی، ساڵی ١٣٨٤ كاتێك كه‌ ته‌مه‌نی ١٩ ساڵ بوو، ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌ دادگای رژیم له‌ شاری مهاباد، به‌ تۆمه‌تی محاربه‌ و تێكهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌تی، به‌ ١٨ ساڵ زیندانی و دوورخستنه‌وه‌ بۆ زیندانی ته‌به‌س، مه‌حكووم كرا.