بانگه‌واز بۆ كارزاری دیفاع له‌ كرێكارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی له‌ هوله‌ند

439y
“ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران “واحیدی “هوله‌ند”، له‌ بانگه‌وازییه‌كدا، هه‌واڵی به‌ڕێوه‌چوونی كارزاری دیفاع له‌ كرێكارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی له‌ شاره‌كانی “لایدێن” و “ئامستێردام”ی راگه‌یاند.له‌ به‌شێك له‌م بانگه‌وازه‌دا هاتووه‌: “ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی زیندانین و گوشاری رژیم بۆسه‌ر كرێكاران و خه‌ڵكی ئازادیخواز رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ په‌ره ‌ده‌سێنێت. پاش رووداوه‌كانی شاری مهاباد و ناڕه‌زایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ خه‌ڵكی ناڕازیی ده‌ستبه‌سه‌ر كران و له‌وانه‌یه‌ كه‌ شه‌پۆلێكی نۆی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنه‌كان په‌ره‌بسێنێت. بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م باروودۆخه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بۆ پشتیوانی له‌ كرێكاران و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی زیندانی، ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و “هوله‌ند”یش له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، رێپێوانێكی ناڕه‌زایه‌تییان له‌ رۆژی شه‌ممه‌ ٣٠ی مانگی “مه‌ی” له‌ شاری لایدێن و رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٣١ی مانگی “مه‌ی” له‌ شاری ئامستێردام، رێكده‌خات. به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆی و هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ئازادیخواز و باقی هێزه‌كانی چه‌پ و رادیكال له‌ هۆله‌ند، بانگهێشت ده‌كات كه‌ له‌م رێپێوانه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌دا، به‌شداری بكه‌ن.