بانگه‌واز بۆ پێكهێنانی كومیته‌ی دیفاع له‌ مه‌حمود ساڵحی

655
بنه‌ماڵه‌ی مه‌حمود ساڵحی له‌ بانگه‌وازێكدا داوای یارمه‌تییان له‌ كرێكاران و رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان و خه‌ڵكی ئازادیخواز بۆ پێكهێنانی كومیته‌ی دیفاع له‌ مه‌حمود ساڵحی كردووه‌.
له‌ به‌شێك له‌م بانگه‌وازه‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری پشتیوانی لێكراوه‌ هاتووه‌: رێكه‌وتی ٢٥ی مانگی خه‌رمانی ئه‌مساڵ دوای ئه‌وه‌یكه‌ مه‌حمود ساڵحی له‌ لایه‌ن ده‌فته‌ری دادگای لقی ١ی رژیم له‌ شاری سنه‌ بانگ كرا، به‌ تۆمه‌تی “ته‌بلیغ له‌دژی نیزام” به‌ یه‌كساڵ و نیو زیندان و به‌ تۆمه‌تی “ئه‌ندامیه‌تی له‌ حێزبه‌كانی نه‌یاری رژیم” به‌ حه‌وت ساڵ و نیو و سه‌رجه‌م به‌ ٩ ساڵ زیندان مه‌حكوم كرا. به‌ سه‌رنجدان به‌م حوكمه‌ قورسه‌، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ن تا بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حوكمه‌ ناعادڵانه‌یه‌، كومیته‌یه‌ك له‌ژێر ناوی “كومیته‌ی دیفاع له‌ مه‌حمود ساڵحی” پێكبێنن. له‌ كۆتایی ئه‌م بانگه‌وازه‌دا داوا له‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئازادیخواز، كرێكاران و رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان كراوه‌ له‌م پێناوه‌دا یارمه‌تیان بده‌ن و له‌ هیچ هه‌وڵ و تێكۆشانێك درێغ نه‌كه‌ن.