بانگ كرانی هه‌ڵسووڕاوێكی مه‌ده‌نی بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مهاباد

762
به‌ پێی راپۆرته‌كان، هه‌ڵسووڕاوێكی مه‌ده‌نی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بە مەبەستی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكم، بانگ كراوە.
بە پێی هەواڵی ماف نیوز، رۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ “پێشەوا ساڵح زادە” هه‌ڵسووڕاوی مەدەنی خەڵكی شاری سەردەشت، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباده‌وه‌ لە رێگای پێوەندی تەلەفوونی ئاگادار كراوەتەوە كە دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوكمەكەی، خۆی بە زیندان بناسێنێت. جێگای ئاماژه‌یه‌ پێشەوا ساڵح زادە، مانگی ره‌شەمەی ساڵی رابردوو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوه‌ دەستبەسەر كراو و نزیك بە دوو مانگ لە ژووری تاكەكەسی و بەندی گشتی زیندانی مەهاباد دەستبەسەر بووە و پاشان بە دانانی وه‌سیقه‌ی ١٥٠ میلیون تمه‌نی بە شێوەی كاتی لە زیندان ئازاد كرا. شایانی باسە ئەو تۆمەتانی كە خراونەتە پاڵ ئەو چالاكە مەدەنیە بریتین لە، هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی گشتی له‌دژی وڵات، ئەندامیه‌تی لە یەكێك لە حیزبەكانی نه‌یاری نیزام، چالاكی ته‌بلیغی له‌دژی نیزام و رێبەری كردنی كۆبوونەوه‌ی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە كۆبانی لە مەهاباد و كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ منداڵانی شێناوی لە پیرانشار.