بزووتنەوەی ئێمە پێویستی بە پەرەسەندنی تاکتیکەکان، بە پێکهێنانی ئامراز و بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکان هەیە

روژی دووشەممە ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر ساڵوەگەڕی ئاخێزی جەماوەریی خەزەڵوەری ٩٨ە. دوو ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا ڕاگەیاندنی لەناکاوی سێ بەرابەربوونی قیمەتی بێنزین هەر وەک چەخماخەیەک لەناو ئەنباری باڕووتدا، ملیۆنان کەس لە جەماوەری ناڕازیی لە سەرتاسەری ئێران وەحەرەکەت خست. ئەم ناڕەزایەتییانە کە زۆربەیان لە گەڕەکە کرێکاری و هەژارنشینەکانی شارەکانەوە سەریان هەڵدا، لە ماوەیەکی کورتدا پتر لە ١٩٠ شاری ئێرانیان لەخۆگرت. ناڕەزایەتییەکان سەرەتا ئاشتی خوازانە بوون، بەڵام هەڵسووکەوتی وەحشیانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەرەو توندوتیژیی برد و ئەم ئاخێزە بەکردەوە بوو بە ڕاپەڕینێکی گشتی. درووشمەکان بەخێرایی لە تەوەری گرانبوونی نرخی بێنزین تێپەڕین و گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج. هێرشی هێزەکانی ڕژیم نە تەنیا جەماوەری ڕاپەڕیوی چاوترسێن نەکرد، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بوێرانەتر بەرەنگاری هێزە سەرکوتگەرەکان بوونەوە. شەقامەکان ببوونە هاوشێوەی مەیدانی شەڕ. لە بەرەیەکی ئەم نەبەردەدا جەماوەرێک بوون بەدەستی بەتاڵ و بە تووڕەیی پنگخواردووی هەڵچووەوە و  لەو بەرەیەی دیکەشدا ڕژیمێک بوو کە هەموو هێزە پڕچەککراوەکانی خۆی هێنابووە مەیدان. ئەوان بێبەزەیانە هێرشیان کردە سەر ڕیزی خۆپیشاندەران و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک دەکرد. بینا دەوڵەتییەکان، ماشێنەکانی پۆلیس و بانکەکان ئاگر تێبەردران. لەو نێوەدا دەست و پەیوەندەکانی ڕژیم کە خۆیان خستبووە ناو ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە، بە ئامانجی دووبەرەکی نانەوەو و بێ ناوەرۆک کردنی ئامانجەکانی ئاخێزی جەماوەری، دەستیان دەدایە ئاگرتێبەردانی دووکان و شوێنی کەسب و کاری خەڵک کە لە زۆر حاڵەتدا بە وشیاری و کردەوەی سەری وەختی کەسانی وشیار و پێشڕەو ئەم پیلانگێڕیانە پووچەڵ دەکرانەوە.

ئەم ئاخێزە بۆ ماوەی یەک حەفتە درێژەی بوو. ڕژیم بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان، تۆڕی ئینتێرنێت و مۆبایلی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ قەتع کرد. تەنیا پاش دووبارە چالاک بوونەوەی هێڵەکانی پەیوەندی بوو کە هەم پانتایی بەشداریی ملیۆنیی خەڵک لەم ناڕەزایەتییانە ئاشکرا بوو و هەم ڕادەی دژەمرۆیی بوون و بێرەحمیی ڕژیم لەئاست جەماوەری ناڕازی، خرایە بەرچاوی بیروڕای گشتیی جیهان.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی چەند مانگە ئامادە کرابوو، ڕایگەیاند کە: بێجگەلە چوار نموونە، هەموو قوربانیان بە تەقەی گوللەی هێزە ئەمنییەکان لەوانە ئەندامانی سپای پاسداران و بەسیج و مەئموورانی ئینتزامی گیانیان لەدەست داوە. گوللەی کوشندەی ئەم هێزانە زۆربەیان سەر و نیوەی سەرەوەی جەستەیان پێکابوو و ئەوەش نیشانی دەدات کە بە ئامانجی کوشتن تەقەیان کردووە”. لە شوێنێکی وەک ماهشەهر، وێنەکان دەریان خست کە هێزەکانی سپای پاسداران بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی نیوە قورسی جەنگیی وەک دوشکا و تیربار، ناڕازیانیان کردووەتەوە ئامانج.

هەواڵنێریی فەڕانسە لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرای کردووە کە پتر لە ٧٥٠ وێنە و گرتە ویدیۆ لە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوشتن و برینداربوونی ناڕازیان تۆمار کراوە. سەبارەت بە گیان بەختکردووانی خەزەڵوەری ٩٨، ڕژیم هەرگیز ئامارێکی ورد  و ڕوونی ڕانەگەیاند. بەڵام سەرچاوەکانی خەڵک و ڕاپۆرتی جێگای متمانە باس لە کوژرانی پتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس و برینداربوونی پتر لە ١٠  هەزار کەس دەکەن. لەناو گیان بەختکردوواندا ٢٣ منداڵ دەبیندرێت. لە جەرەیانی ئەم ئاخێزە و لە ڕۆژانی دواتریدا پتر ٨ هەزار کەس لە ٢٢ ئۆستانی ئێران دەستبەسەرکران. ژمارەیەک لەم دەستبەسەرکراوانە پەروەندەیان بۆ سازکراوە و هێستاش هەروا لە زینداندا بەسەر دەبەن.

لە ڕۆژانی مانگی خەزەڵوەر بەرەو ئەملا، کرێکاران و جەماوەری خەڵک بێ پسانەوە خەباتی مافخوازانەی خۆیان لە شێوازی جۆراوجۆردا درێژە پێداوە و بەردەوام پەیگیری داخوازییەکانیان بوون. بەڵام كۆماری ئیسلامی هه‌ر وه‌ك هه‌موو ڕژیمێكی دیكتاتۆری بورژوازیی دیكه‌، ته‌نانه‌ت له‌ سێبه‌ری خۆشی ده‌ترسێ. هه‌ر بۆیه‌ هه‌مووجۆرە ناڕه‌زایه‌تیه‌كی مه‌ده‌نی و پیشه‌یی، بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، به‌ مه‌ترسی ده‌زانێ. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا‌، مانگرتنی كرێكاری، ناڕه‌زایه‌تیی ژنان، چالاكانی ژینگه‌ پارێز، به‌رده‌وام سه‌ركوت و خه‌ڵتانی خوێن كراون. سه‌رانی ڕژیم هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوون كه‌ هه‌رجۆره‌ نه‌رمشێكی ئیحتمالی له‌ به‌رامبه‌ر خواستی ناڕازیاندا، چاوه‌ڕوانیه‌كانیان ده‌باته‌ سه‌رێ و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆی لاواز بوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. ڕژیم، نه‌ ده‌یهه‌وێ و نه‌ ده‌شتوانێ، كه‌ش و هه‌وای كراوه‌ی سیاسی له‌ ئێران ته‌حه‌مول بكات و یان باروودۆخی ژیان و گوزه‌رانی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌ش باشتر بكات، كه‌وابوو بێجگه‌له‌ پیلانی نوێ و په‌ره‌پێدانی شێوه‌كانی سه‌ركوت، بیر له‌ هیچ شتێكیتر ناكاته‌وه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ باشتر كردنی ئه‌و ژیانه‌ فه‌لاكه‌تباره‌ی كه‌ ڕژیم به‌سه‌ریانی دا سه‌پاندووه‌، ته‌نیا به‌ هێزی ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ ئاخێزی جه‌ماوه‌ری له‌ په‌نا مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستا، دژبه‌ باروودۆخی زاڵ، بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ژیانی سیاسیی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌. له‌ ڕاستیدا، به‌ره‌یه‌كی نه‌به‌رد، به‌ پانتایی هه‌موو ئێران، له‌ نێوان كۆماری ئیسلامی و زۆربه‌ی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌ و بێبه‌شی ئێران، كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ره‌‌ی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام خه‌ریكی به‌هێز كردنی ئامرازه‌كانی سه‌ركوته‌ و هه‌موو ڕۆژێ پیلانی نوێی بۆ كپ كردنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ری ناڕازیی له‌ به‌رنامه‌ دایه‌، به‌ره‌ی به‌رامبه‌ریش پێویستی به‌ گۆڕینی تاكتیكه‌كان، به‌ ئاماده‌كردنی ئامرازی ڕێكخراوی نوێ، به‌ ده‌رس وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كان و چاره‌سه‌ر كردنی كه‌م و كوڕییه‌كان، هه‌یه‌. لە ساڵوەگەڕی ئاخێزی جەماوەریی خەزەڵوەری ٩٨دا یادی ئەو گیان بەختکردووانە بەرز ڕادەگرین کە لە بەرامبەر گوللەی دوژمندا سینگیان کردە قەڵغان و بۆ گەیشن بە ئازادی و مافی گشتی گیانیان فیدا کرد و سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵەی ئەم ئازیزانە کە لە سەنگەری خەبات بۆ بە موحاکمە کێشانی ڕژیم دەستیان دایە نەبەرد.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →