به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگی پارله‌مان له‌ لایه‌ن حێزبی عه‌داڵه‌ت و ته‌وسعه‌

599
له‌گه‌ڵ كۆتایی هه‌ڵبژاردنی زووتر له‌كاتی دیاریكراوی توركیه‌ و ژماردنی ده‌نگه‌كان، حێزبی “عه‌داڵه‌ت و ته‌وسعه‌” به‌ به‌ده‌ستهێنانی زیاتر له‌ ٣١٥ كورسی، توانی ده‌وڵه‌تی ته‌ك حێزبی پێكبێنێت.
حێزبی دیمۆكراتیكی گه‌لان زیاتر له‌ ١٠ له‌سه‌دی ده‌نگه‌كانی بۆ چوونه‌ پارله‌مان و حێزبی كۆماریخوازی خه‌لق زیاتر له‌ ٢٣ له‌سه‌دی ده‌نگه‌كان و حێزبی حه‌ره‌كه‌تی میللی ١٢ له‌سه‌دی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه‌. به‌م حاڵه‌ حێزبی عه‌داڵه‌ت و ته‌وسعه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ كورسی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌بردنی راپرسی به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی و زیاد كردنی ئێختیاراتی سه‌رۆك كۆماریی نییه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان خوازیاری بوو. له‌ هه‌ڵبژاردنی ١٧ی ژوئه‌ن، حێزبی عه‌داڵه‌ت و ته‌وسعه‌ به‌ به‌ده‌ستهێنانی ٤١ له‌سه‌دی ده‌نگه‌كان و به‌ له‌ده‌ستدانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كان له‌ مه‌جلیسی توركیه‌ ناچار بوو ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمانی پێكبێنێت. به‌ڵام له‌و روانگه‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان رازی نه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌شكست كێشانی وتووێژه‌كان بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمان، بڕیاری به‌ڕێوه‌بردنی زووتر له‌كاتی خۆی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی ده‌ركرد. ده‌وترێت ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمار و داوود ئۆغڵوو سه‌رۆك وه‌زیری توركیه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ تا دوایین ساته‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی چڕتر كردنه‌وه‌ی داوێنی نائارامییه‌كانی توركیه‌ هه‌وڵیان دا به‌ پێكهێنانی نیگه‌رانی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌منیه‌تی گیانی خه‌ڵك، ئابوریی و پیشه‌یی، له‌سه‌ر ده‌نگی خه‌ڵك كاریگه‌ری دابنێن. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ ژماردنی ده‌نگه‌كان تێكهه‌ڵچوونگه‌لێك له‌ نێوان ناڕازییان و پۆلیس له‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌ كوردنشینه‌كان له‌وانه‌ دیاربه‌كر و جه‌زیره‌ روویدا. راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی پۆلیس به‌ هاویشتنی گازی فرمێسكڕێژ و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ماشینی ئاوپاش، هێرشان كرده‌ سه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی و ئه‌زیه‌ت و ئازاریان دان.