به‌رنامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بۆ یه‌كسانیی ژن و پیاو

نه‌هێشتن وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنی ژنان به‌رابه‌ری ژن و پیاو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بۆ دابین كردنی به‌رابه‌ری كامڵی ژن و پیاو له‌ هه‌موو مه‌یدانه‌كانی ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌واده‌ییدا خه‌بات ده‌كا و له‌ پێناو ئه‌وه‌دا، خوازیاری وه‌دیهاتنی ده‌س به‌جێی ئه‌م خاڵانه‌یه‌.

مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسییه‌كان

ژنان و پیاوان ده‌بێ به‌ یه‌كسانی له‌ مافی هه‌ڵبژاردن و  هه‌ڵبژێردران بۆ هه‌موو داموده‌زگایه‌كی قانوونی دانان، قه‌زایی و ئیجرایی له‌هه‌موو ئاستێكی سه‌راسه‌ری و ناوچه‌ییدا به‌هره‌مه‌ندبن.
هه‌موو ئه‌و قانوون و بڕیارانه‌ كه‌ ئازادی ژنان له‌ جل وبه‌رگ و پۆشیندا  به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك قانونی حیجابی زۆره‌ملێ، هه‌ڵده‌وه‌شێندرێنه‌وه‌. هه‌موو بڕیارێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ جیا كردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان له‌ كۆبوونه‌وه‌كان، مه‌دره‌سه‌كان و دانیشگاكان، شوێنه‌ گشتییه‌كان و وه‌سیله‌ گشتییه‌كانی هاتوچۆ، هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌. هه‌رچه‌شنه‌ هه‌ڵاواردنێك به‌ پێی جنسیه‌ت له‌زه‌مینه‌Happy-International-Womens-Day-March-8-O-780x563
ی فێركردن و بارهێناندا، هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌. كلاسه‌ ده‌رسییه‌كان له‌ هه‌موو ئاستێكی خوێندندا ده‌بێ تێكه‌ڵ بێ‌. ژنان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ هه‌مو رشته‌یه‌كی وه‌رزشی، هونه‌ری و زانستیدا به‌شداری بكه‌ن و ده‌بێ له‌ هه‌موو ئیمكاناتێك له‌م زه‌مینانه‌دا به‌هره‌مه‌ند بن.
ژنان ده‌بێ له‌ قورسایی كاری ناوماڵ نه‌جاتیان بێ‌ و به‌شدارییان له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بێ ئاسان بكرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بنكه‌ و دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاریی تایبه‌ت،  وه‌ك: شیر خۆرگه‌، باخچه‌ی مناڵان، جلشۆرخانه‌ و…، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنه‌كانی نیشته‌جێ بوون، به‌ خۆڕایی بخرێته‌ به‌رده‌ستی هه‌مووان.

مافه‌ ئابوورییه‌كان

به‌رابه‌ری كامڵی ژن و پیاو له‌ كاركردن دا، دانی حه‌قده‌ستی یه‌كسان بۆ كاری یه‌كسان به‌ژن و پیاو، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كسان بۆ ژنان و پیاوان. به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ مافی دوو رۆژ مۆڵه‌تی مانگانه‌ بۆ ژنانی له‌سه‌ركار، قه‌ده‌غه‌ بوونی ئه‌سپاردنی هه‌رچه‌شنه‌ كارێكی زیانبه‌خش به‌ ژنانی دووگیان. قه‌ده‌غه‌ بوونی ده‌ركردنی ژنانی دووگیان به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك. خۆ لادان له‌ دامه‌زراندنی ژنانی دووگیان و ژنانی منداڵه‌به‌ر، ناقانوونییه‌ و به‌ تاوان داده‌ندرێ.
قه‌ده‌غه‌ بوونی ده‌س نیشان كردنی جنسییه‌ت له‌ ئاگاداری و راگه‌یاندنه‌كانی دامه‌زراندن وخوێندندا (مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن و له‌كاتی پێویست دا كه‌ قانوون دیاری ده‌كا) .
به‌هره‌مه‌ندی له‌ 16 حه‌وتوو مۆڵه‌ت بۆ ده‌وره‌ی دووگیانی و یه‌ك ساڵ مۆڵه‌ت بۆ چاودێری منداڵ كه‌ به‌ رێككه‌وتنی هه‌رتك لایه‌نه‌كه‌، ژن و مێرد كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن .

 مافه‌كانی ژن له‌ خانه‌واده‌دا

ئازادی له‌ ژن هێنان و شووكردن و هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ردا. قه‌ده‌غه‌ بوونی هه‌رچه‌شنه‌ معامه‌له‌گه‌رییه‌ك وه‌ك شیربایی، ماره‌یی، جیاز وشتی له‌م بابه‌ته‌ له‌ هاوسه‌رێتیدا. به‌ڕه‌سمییه‌ت ناسینی هاوسه‌رێتی كاتێك له‌ ده‌فته‌ره‌ ده‌وڵه‌تییه‌كاندا تۆماركرابێ‌، قه‌ده‌غه‌ بوونی سیغه‌ و چه‌ند ژنه‌. به‌رابه‌ری مافه‌كانی ژن و پیاو له‌ جیابوونه‌وه‌ و سه‌رپه‌رستی منداڵاندا.
قه‌ده‌غه‌بوونی هاوسه‌رێتی ژنان و پیاوانی ته‌مه‌ن له‌ 18ساڵ كه‌متر. ئه‌و  كه‌س و مه‌رجه‌عه‌ مه‌زهه‌بییانه‌ كه‌ كه‌سانی ته‌مه‌ن له‌ 18 ساڵ كه‌متر ماره‌ ده‌كه‌ن، به‌تاوانبار داده‌ندرێن. قه‌ده‌غه‌ بوونی پێكهێنانی په‌یوه‌ندی جنسی كه‌سانی ته‌مه‌ن له‌ 18 ساڵ به‌ره‌وژوور له‌گه‌ڵ كچان و كوڕانی ته‌مه‌ن له‌ 16 ساڵ كه‌متر. ژن و پیاو ده‌بێ له‌ ماف و مه‌سئوولییه‌تی ته‌واو یه‌كسان و به‌رابه‌ر له‌ حاست یه‌كتر، له‌ حاست منداڵان و له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی خانه‌واده‌ییدا به‌هره‌مه‌ند بن. شوێنی ژیان ده‌بێ به‌ ره‌زامه‌ندی هاوبه‌شی هه‌رتك لا هه‌ڵبژێردرێ. ئه‌و قانوونه‌ كه‌ ته‌نیا مافی پیاوان له‌ دیاریكردنی شوێنی نیشته‌جێ بووندا به‌ ره‌سمی ده‌ناسێ، ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ مافی ژنان بۆ كاركردن و سه‌فه‌ر كردن نابی ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ ئیجازه‌ی مێرد.
هه‌موو ئه‌و یاسا شه‌رعی و عورفییانه‌ كه‌ له‌ژێر ناوی پاراستنی نامووس دا، تاوانی ئه‌و كه‌سانه‌ سووك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ دژی ژنان ده‌ستیان داوه‌ته‌ جینایه‌ت، ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و تاوان و جینایه‌تانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن باوك، برا، مێرد، یان هه‌ركه‌سێكیتره‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ژنان، له‌ ژێر ناوی پاراستنی نامووس و ئه‌م جۆره‌ شتانه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، سزای قورس دیاری ده‌كرێ، هه‌رچه‌شنه‌ هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌رییه‌كی نێوان ژن و پیاو له‌ قانوونه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ میرات و دابه‌شكردنی ماڵ و دارایییه‌كاندا و، ئیمتیازاتی قانوونی پیاوان و بنه‌ماڵه‌ی باوك له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رپه‌رستیدا، هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌. ژنان و پیاوان ده‌بێ به‌یه‌كسان له‌ مافی جیابوونه‌وه‌ به‌هره‌مه‌ند بن قانوون ده‌بێ له‌ كاتی مه‌یلی هه‌ركام له‌ دوو لایه‌نه‌كه‌، چ ژن چ پیاو، جیا بوونه‌وه‌یان به‌ ره‌سمی بناسێ. مافه‌كانی دایكایه‌تی، ده‌بێ به‌ جیا له‌ هاوسه‌رێتی به‌ ره‌سمی بناسرێن. ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ به‌ بێ هاوسه‌رێتی منداڵیان ده‌بێ، ده‌بێ له‌ هه‌موو مافه‌  كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دایكایه‌تی به‌هره‌مه‌ند بن منداڵه‌كانیشیان ده‌بێ خاوه‌نی هه‌موو مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بن په‌یوه‌ندی خوسووسی ژن و پیاو حورمه‌تی راده‌گیرێ و ده‌بێ له‌ هه‌موو ده‌سدرێژییه‌ك پارێزراو بێ. ده‌خاڵه‌تی كه‌سان و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ژیانی خوسووسی ژن و مێرد دا به‌ شێوه‌ی ئه‌كید قه‌ده‌غه‌یه‌.

له‌بار بردن

كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ته‌نیا دوو رێگا ده‌خاته‌ به‌رپێی ئه‌و ژنانه‌ كه‌ به‌ نادڵخواز دووگیان ده‌بن، له‌ ناو بردنی كۆرپه‌كه‌، یان ملدان به‌ هه‌لومه‌رجی دژواری رووحی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌ر بیانه‌وی كۆرپه‌كه‌ بپارێزن. هه‌ژاری و نه‌بوونی توانای دابین كردنی ئیمكاناتی ژیان و به‌ڕێچوونی منداڵان، ، ئه‌و كۆسپه‌ واقیعی و عه‌مه‌لییانه‌یه‌ كه‌ بوونی منداڵ و به‌ خێوكردنی و په‌روه‌رده‌ كردنی ده‌خاته‌ سه‌ررێگای به‌شداریی ژنان له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا و گیروگرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی منداڵ بوون بۆ ژنانی ته‌نیا، ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ زۆر له‌ ژنان بیانه‌وێ كۆتایی به‌ دووگیانی خۆیان بێنن له‌ كاتێكدا ئه‌م كاره‌ ناقانوونی بێ، ژنانی دووگیان، بۆ له‌باربردنی كۆرپه‌كه‌یان مل به‌وه‌ ده‌ده‌ن بچنه‌ لای كه‌سانی ناشاره‌زا و له‌ هه‌لومه‌رجی نابێهداشتیدا و به‌ دانی خه‌رجێكی زۆره‌وه‌. به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م راستییه‌ ده‌بێ مافی له‌باربردنی كۆرپه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا كه‌ مه‌ترسی گیانی بۆ ژنه‌كه‌ نه‌بێ و ته‌مه‌نی كۆرپه‌كه‌ له‌ 16 حه‌وتوو تینه‌په‌ڕیبێ، بۆ هه‌موو ژنان به‌ڕه‌سمی بناسرێ و له‌بار بردنی كۆرپه‌ نابه‌سترێته‌وه‌ به‌ ئیجازه‌ی هیچ كه‌س و مه‌رجه‌عێك بێجگه‌ له‌ ژنه‌كه‌ خۆی.
له‌باربردنی كۆرپه‌ ده‌بێ له‌ بیمارستانه‌كان و كلینیكه‌كان و به‌ چاودێری پزیشكی شاره‌زا و به‌خۆڕایی بكرێ. ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌بێ شاره‌زایی پێویست ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ئه‌م كاره‌، به‌ تاوانبار داده‌ندرێن و قانوون ده‌كه‌وێته‌ شوێنیان.

فه‌حشا

فه‌حشا شكڵێكی ئه‌وسته‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا له‌ ژنان ده‌كرێ و خه‌بات له‌ دژی فه‌حشا بۆ وه‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی حورمه‌تی ئینسانی ژن له‌ كۆمه‌ڵدا، مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌یاتییه‌. هه‌ژاری و بێده‌ره‌تانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆسپ و مه‌حدوودییه‌تی قانوونی و عه‌مه‌لی كه‌ له‌سه‌ر رێگای كار كردنی ژنان و سه‌ربه‌خۆیی ماڵییان هه‌یه‌، له‌پاڵ فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاقیاتی پیاوسالارانه‌، له‌ هۆیه‌كانی پێكهێنان و پاراستن و په‌ره‌پێدانی فه‌حشا له‌ كۆمه‌ڵگای ئێستادان .ده‌مارگرژی و ئاموژگاریی مه‌زهه‌بی، هه‌روه‌ك ته‌جره‌به‌ی جمهووری ئیسلامی له‌ ئێران نیشانی داوه‌، به‌به‌هێز كردنی پیاو سالاری و چه‌سپاندنی جێگاو شوێنی ژێرده‌سته‌ی ژن، خۆی سه‌به‌بكاری په‌ره‌گرتنی فه‌حشایه‌ له‌ كۆمه‌ڵدا.
ریشه‌كێش كردنی فه‌حشا له‌ گره‌وی خه‌بات دژی هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ دایه‌. جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ڵگرتنی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش به‌ خێرایی بۆ به‌رانبه‌ركێ له‌گه‌ڵ فه‌حشا پێویسته‌:
ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی ژنانی قوربانیانی فه‌حشا له‌ باری ئابورییه‌وه‌ دابین بكا و ئیمكاناتی فێربوون و هه‌لومه‌رجی دۆزینه‌وه‌ی شوغڵ و كاركردنیان بۆ ئاسان بكاته‌وه‌، ده‌ڵاڵه‌كان و كارگوزارانی فه‌حشا ده‌بێ بكه‌ونه‌ به‌ر لێپرسینه‌وه‌ی قانوونی و سزای قورسیان بۆ له‌به‌رچاو بگیرێ.