دەوڵەتانی حاکم لە نیمچه دورگەی عەرەبستان و وڵاتانی لێوارەی کەنداوی فارس لە سەرەتای پێکهاتن و دوای دابەش بوونی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی و دواتر پاشەکشەی بریتانیا لەم ناوچەیە، لەسەر بنەمای حاکمیەتی مەزهەبی سوننی شکڵیان گرتووە و بەم واتایە کۆمەڵێک دەوڵەتی فیرقەیین. بەڵام کۆمەڵێکی بەرین لە خەڵکی ئەم وڵاتانە لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە پێکدێن. پاوان خوازی شێخ و حاکمانی سوننی مەزهەب بەسەر دەسەڵاتدا بەواتای وەلانانی شیعە مەزهەبەکان و هەڵبەت زیاتر سیکۆلارەکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی تر بووە. عەرەبستانی سعودی، بەحرهین و یەمەن لەم بارەیەوە تایبەتمەند ترن. هەڵاواردن و نابەرابەری و ستمی مەزهەبی لەم دەیانەی دواییدا بەردەوام ئەنگیزەی خۆڕاگری و کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بووە لەم وڵاتانەدا. لە جەریانی ئاخێزەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتانی خاوەرمیانە و شومالی ئافریقا بە کرانەوەی فەزای سیاسی و لاواز بوونی دەوڵەتە ناوەندیە سوننیەکان، جەمعیەتی شیعە لەم وڵاتانەش داواکاری بەشی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی ئەم وڵاتانەدا بوون. یەمەن لەزومرەی ئەم وڵاتانەیە.
بەڵام شیعەکانی یەمن ناسراو بە “حهوسیەکان” کە لەسەر ئەو زەمینە کۆمەڵایەتیەی سەرەوە شکڵی گرتبوو، بە دهخاڵەتی کۆماری ئیسلامی کە بەشوێن بەرژەوەندیەکانی لە رقابەتە ناوچەییەکاندایە، بەلارێدا برا و بوو بە شەڕێکی نیابەتی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودی. ئەم شەڕە بە داگیر کرانی سەنعا پێتەختی یەمەن لەلایەن ئەو هێزە شیعانەوە کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان دەکات، چووە ئاستێکی تازە ترەوە. بە داگیر کرانی کۆشکی سەرۆک کۆماریی یەمەن لە رۆژی ٢٠ ی ژانویەی ساڵی ٢٠١٥ دا و لادانی “عەبد رهبە مەنسور هادی” و هەڵوەشانەوەی مەجلیسی ئەم وڵاتە، رهواڵەتی شەڕێکی بەتەواو مانای بە خۆیەوە گرتووە. رژیمی ئێران بە پشتیوانی کردن لە ئەنساراللەی یەمەن، عەرەبستانی سعودی بە پشتیوانی کردن لە ئەڕتەش و دەوڵەتی مەنسور هادی و ئەلقاعیدەی یەمەن کە دەوترێ یەکێک لە بەهێزترین باڵەکانی قاعیدەیە لە رۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، لایەنەکانی شەڕێکی فیرقەیی- مەزهەبی پێکدێنن و ئەم وڵاتەیان کردۆتە یەکێکی تر لە کانونەکانی قەیران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی کردن لە شیعە حهوسیەکان لە هەوڵی پەرەدانە بە قوڵ کردنەوەی ئەمنیەتی خۆی، گوشار هێنان بۆسەر دەوڵەتی ئالی سعود بە پشت بەستن بە پێوەندی شیعەکانی یەمەن، بەحرهین و عەرەبستانی سعودیە. “عەلی ئەکبەر ویلایەتی” راوێژکاری کاروباری نێونەتەوەیی “عەلی خامنەیی” و دەبیری گشتی مەجمەعێک بەناوی “مەجمەعی جیهانی بیداریی ئیسلامی” لە دیدارێکدا لەگەڵ ههندێک لە رێبەرانی شیعە حهوسیەکانی یەمەن لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، وێڕای راگەیاندنی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە جوڵانەوەکەیان لە دژی دەوڵەتی دەست نیشاندەی عەرەبستانی سعودی دوای روخانی عەلی عەبداللە ساڵح لە یەمەن وتی: “ئێمە هیوادارین ئەنساراللە دەورێک بگێڕێ کە حیزب اللە لە لوبنان نواندویەتی. ئەو هەروەها لە وڵامی یەکێک لەو پرسیارانەی کە لێی کرا وتی: “مەسەلەی گرینگ ئەوەیە کە بە تەعبیرێک رێگای ئازادی فەلەستین بە یەمەندا دەڕوات، لەبەر ئەوەی کە یەمەن پێگەیەکی ستراتیژیک و گرینگی هەیە و لە پاڵ ئۆقیانوسی هێند، دەریای عوممان و باب المندب هەڵکەوتووە.”
عەرەبستانی سعودی لە نزیک بوونهوهی کۆماری ئیسلامی بە “باریکەی باب المندب” و “کەنداوی عەدەن” زۆر نیگەرانە و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ئاستی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق، سوریە و لوبنان و بەحرین و لەم دواییانەش یەمەن، بۆتە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە. لە قەڵەمڕەوی ئابووریدا، کۆماری ئیسلامی دابەزینی نرخی نەوتی ئوپێک بە پیلانی عەرەبستانی سعودی دەزانێ و عەرەبستانی سعودیش سازشی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئامریکا و نزیکایەتی کردن و هاوئاراستە بوونی دوو وڵات بە هەوڵێک لە راستای کەم کردنەوەی نفوزی ناوچەیی خۆی ههڵدهسهنگێنێت.
گروپی ئهلقاعیدەش کە ساڵانێکە وڵاتی هەژاری لێدراوی یەمەن، بەتایبەت ناوچەکانی باشور و سوننی نشینی کردۆتە یەکێک لە پایهگاكانی خۆی، بۆشایی دەسەڵات لەم وڵاتەی کردە دەفەتێک بۆ هێرش کردنەسەر پادگان و ناوندە ئەمنیەتی و ئیدارە دەوڵەتیەکان لە باشور و لە هەوڵی پەرەدانە بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەم ولاتەدا. لە ئێستادا شایەتی شەڕێکی بەتەواو ماناین لە یەمەندا، شەڕێک کە هەزینە ئینسانیەکانی روو لە زیاد بوونە. یەمەن وەک عێڕاق و سوریە، بۆتە یەکێک لە کانونەکانی شەڕی نیابەتی عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی لێوارەی کەنداو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. قەیرانێک کە لەم رۆژانەی دواییدا وڵاتانی ناسراو بە شوڕای هاوکاری کەنداو بۆ چارەسەر کردنی، پەنایان بردۆتەبەر شوڕای ئەمنیەتی رێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان. دەوڵەتی ئامریکا و عەرەبستانی سعودی بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی قوڵایی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بەرژەوەندی هاوبەشیان ههیه و لە یەمەنیش بەیەکەوەن. دەوڵەتی ئامریکا هەرچەند ناتوانێ ئەگەری پێشڕەویەکانی ئهلقاعیدە لە یەمهن لەبەرچاو نەگرێت، بەڵام لە ئێستادا رۆڵی هاوسەنگی هێزی وەئەستۆ گرتوە. وڵاتانی ناسراو بە شوڕای هاوکاری کەنداو بە رێبەری عەرەبستانی سعودی، لە پەرەسەندنی ئاستی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیاندا زۆر نیگەرانن و ترسیان لێ نیشتووه. ئەوان رۆژی یەکشەممەی رابردوو خوازیاری دهخاڵەتی نیزامی شوڕای ئەمنیەت لە ئاڵوگۆڕەکانی یەمەندا بوون. ئەم شورایەش رۆژی دووشەممەی رابردوو بە کۆی دەنگ بڕیارنامهیهكی پەسند کرد و تێیدا داوای لە شیعە حهوسیەکان کرد کە بەبێ هیج شەرت و مەرجێک، ئیدارە دەوڵەتیەکان چۆڵ بكهن و دەسەڵات بەجێبێڵن.
بەو هۆکارانەی کە ئاماژەیان پێکرا، وڵاتی بەحرهینیش ئەو زەرفیەتەی ههیه کە ببێتە یەکێکی تر لە کانونەکانی قەیران لە ناوچەکەدا. لەوێش کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدات خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئەم وڵاتە کە لەدەست حاکمانی گەندەڵی سوننی مەزهەب وەگیان هاتوون، بەرەو دەرگیری و شەڕی مەزهەبی و فیرقەیی پاڵ پێوەبنێت و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێت. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامی بە نزیک بوونەوە لە گوزەرگاکانی گواستنەوەی وزەی رۆژهەڵاتی ناوهڕاست بەرەو رۆژئاوا، ئامرازی گوشار بۆسهر وڵاتانی رۆژئاواش بهدهستهوه دهگرێت. رووداوێك كه نه بۆ عهرهبستان و وڵاتانی شورای هاوكاری كهنداو بهڵكوو بۆ ئامریكا و به تایبهت ئیسرائیلیش تهحهمول ناكرێت. ئهمهش دهبێته هۆی ئهوهیكه عەرەبستانی سعودی کاردانەوەی تۆڵە سهندنهوه له خۆی نیشان بدات. بهڵگهكان دهریدهخهن كه لهشكهركێشی و كوشت و كوشتاری خهڵك یهمهن له لایهن موسهلهسی ئێران، عهرهبستان و ئهلقاعیده و ئاگر خۆشکەریی ئامریکا، بەمزوانە کۆتایی نایەت. ئەم راستیە لە وڵامی نەرێنی و مهنفی دەزگای رێبەریی ئەنساراللە بە بڕیارنامهی شوڕای ئەمنیەتی رێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان سەبارەت بە چۆڵ کردنی ئیداراتی دەوڵەتی و بەجێهێشتنی دەسەڵات لە لایەک و تەحریکاتی نیزامی بێوێنەی ئهلقاعیدە و قەبیلە سوننیەکانی یەمەن لە لەیەکی دیکەوە، دەکرێ بە باشی ببیندرێت. ئەگەر یەمن دوفاکتۆ لەت نەبێت و باکور و باشوری ئهم وڵاته لە نێوان شیعە حهوسیەکان و قەبیلە سوننیەکان و ئهلقاعیدەدا دابەش نەبێت، تا ماوەیەکی نادیار وەک یەکێکی تر لە کانونەکانی قەیران لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.