به‌شداری توركیه‌ له‌ هێرشی ئاسمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له‌ سوریه‌

314
وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی توركیه‌ رایگه‌یاند: فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ یه‌كه‌م جار شه‌وی جومعه‌ ٦ی مانگی خه‌رمانان، له‌ هێرشی ئاسمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان به‌ رێبه‌ریی ئامریكا له‌دژی گروپی داعش، به‌شداری كردووه‌.ئه‌م عه‌مه‌لیاته‌ پاش ئه‌وه‌ روویدا كه‌ له‌ مانگی رابردووی زایینی له‌ نێوان توركیه‌ و ئامریكا سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی توركیه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپی داعش، رێكه‌وتنێك ئه‌نجام د‌را. شایانی باسه‌، فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی توركیه‌ مانگی ژوئیه‌ی ئه‌مساڵ به‌ ته‌نیایی و نه‌ له‌ قاڵبی هێزه‌كانی هاو‌په‌یمان، بنكه‌ و باره‌گاكانی داعش له‌ سوریه‌ی كرده‌ ئامانج. توركیه‌ له‌ مانگی ژوئیه‌ی ئه‌مساڵدا رایگه‌یاند: ئیزنی ئه‌وه‌ به‌ ئامریكا ده‌دات تا له‌ پایه‌گای هه‌وایی “ئینجرلیك” كه‌ له‌ باشووری توركیه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عه‌مه‌لیات له‌دژی بنكه ‌و باره‌گاكانی داعش له‌ خاكی سوریه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرێت.