به‌ڕێوه‌چوونی ئاكسیۆن به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی قه‌تڵی عامی زیندانیان له‌ ئێران

12

رۆژی شه‌ممه‌ ٣٠ی مانگی جۆزه‌ردان، هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی قه‌تڵی عامی زیندانیانی سیاسی له‌ لایه‌ن رژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ئێران، كۆمه‌ڵێك له‌ هه‌ڵسووڕاوان و ئه‌ندامانی حێزبی چه‌پ و كۆمۆنیست به‌م بۆنه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌فاره‌تی رژیم له‌ شاری “ئۆسلۆ”ی نۆروێژ، ئاكسیونێكیان به‌ڕێوه‌برد.
به‌ پێی راپۆرتی ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران واحێدی نۆروێژ، به‌ پێی بانگه‌وازی حێزبه‌ چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان له‌وانه‌ حێزبی كۆمۆنیستی ئێران و حێزبی كۆمۆنیست كرێكاری ـــ حێكمه‌تیست و سازمانه‌ سوسیالیسته‌ كرێكارییه‌كانی ئه‌فغانستان و هه‌ڵسووڕاوانی چریكه‌ فیداییه‌كانی خه‌لقی ئێران، ئاكسیونێك بۆ پشتیوانی له‌ زیندانیانی سیاسی و كرێكارانی زیندانی به‌ڕێوه‌چوو. له‌ لایه‌ن كومیته‌ی نۆروێژی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌م بۆنه‌وه‌ وته‌یه‌ك پێشكه‌ش كرا. ئه‌م ئاكسیونه‌ به‌ دروشمگه‌لێكی وه‌ك: “زیندانی سیاسی ده‌بێ ئازاد بكرێت، مه‌رگ و نه‌مان بۆ كۆماری ئیسلامی، نا بۆ ئێعدام، كۆماری ئیسلامی به‌ هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێ بروخێندرێت”، درێژه‌ی كێشا.