به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمی ساڵڕۆژی دامه‌زرانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ مه‌قه‌ڕی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌

390w

سه‌ر له‌ ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی ١٢ی خه‌رمانان، به‌ ئاماده‌ بوونی هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ و كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، كۆمه‌ڵێك له‌ خه‌باتكارانی كوردستانی سوورییه‌، رێوڕه‌سمێكی گه‌موگوڕ له‌ مه‌قه‌ڕی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
دوای به‌خێرهاتن كردنی ئاماده‌بووان و خوێندنه‌وه‌ی ریزی به‌رنامه‌كان له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی مه‌راسم هاوڕێیان دڵنیا ڕه‌حیمی و كه‌یوان ئه‌حمه‌دی، رێوه‌ڕه‌سمه‌كه‌ به‌ پێشكه‌شكرانی سروودی “ئه‌نترناسیۆناڵ” له‌ لایه‌ن كۆڕی بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه و به‌ یاریده‌ی هونه‌رمه‌ندی شۆڕشگێڕ كاڵێ ئاته‌شین و یه‌ك ده‌قیقه‌ بێده‌نگیی بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی گیانبه‌ختكردووان ده‌ستی پێكرد. به‌ دوایدا هاوڕێ محه‌ممه‌د نه‌به‌وی ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ به‌م بۆنه‌وه‌ قسه‌وباسێكی پێشكه‌ش كرد. له‌ درێژه‌دا هاوڕێ كاڵێ به‌ یاریده‌ی كۆڕی بانگه‌واز، یه‌كێك له‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی پێشكه‌ش كرد، به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ به‌ دێكله‌مه‌ی شێعرێكی “رێبوار” به‌ ناوی سپاس، له‌ ستایشی هه‌ڵسووڕانی نه‌هێنی، له‌ لایه‌ن هاوڕێ حوسێن حه‌میدی، كۆتایی پێهات. به‌شی كۆتاییش به‌شی هونه‌ریی بوو كه‌ له‌ نێوه‌ شایی و خۆشی به‌شداربووان هه‌تا دره‌نگانێكی ئێواره‌ درێژه‌ی كێشا.