به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمی ساڵڕۆژی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ سنه‌

378w
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، رۆژی چوارشه‌ممه‌، كۆمه‌ڵێك له‌ مۆعه‌لیمانی ئێخراجی و خانه‌نشنیكراوی سنه‌ وێڕای ژماره‌یه‌ك له‌ كرێكاران، دۆستان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، به‌ بۆنه‌ی ١١ی خه‌رمانان، ساڵڕۆژی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، رێوڕه‌سمێكیان به‌ڕێوه‌برد.
ژماره‌یه‌ك له‌ به‌شداربووان له‌ تاران و زۆربه‌ی شاره‌كانی ئوستانی كوردستانه‌وه‌ به‌شداری رێوه‌ڕه‌سمه‌كه‌ بوون. رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ و راگرتنی یه‌ك ده‌قیقه‌ بێده‌نگی بۆ یادی سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردووانی رێگای ئازادیی و سۆسیالیزم ده‌ستی پێكرد. دواتر یه‌كێك له‌ به‌شداربووان سه‌باره‌ت به‌ زه‌روره‌ت، چونایه‌تی پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیست و رۆڵ و ده‌ور و نه‌قشی مۆعه‌لیمان له‌ وشیار كردنه‌وه‌ی لاوان قسه‌وباسێكی پێشكه‌ش كرد. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ به‌شداربووان قسه‌وباسێكی له‌سه‌ر هاوڕێیانی گیانبه‌ختكردوو، “فوئاد موسته‌فا سوڵتانی”، “سدیق كه‌مانگه‌ر” و هاوڕێیانی دیكه‌ و ده‌ورونه‌قشیان له‌ رێكخستنی خه‌باتی خه‌ڵك له‌وانه‌ كۆچی مێژوویی مه‌ریوان و دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی موعه‌لێمینی خه‌باتكاری كوردستان كرد. رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ سروودی “یاد باد” و له‌ كۆتاییشدا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی میوه‌ و شیرینی كۆتایی پێكهات.