به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژێكم بۆ زرێبار له‌ شاری مه‌ریوان

358t

رۆژی جومعه‌ ٢٤ی مانگی رێبه‌ندان هەزاران کەس لە کۆڕی “ڕۆژێکم بۆ زرێبار” کە لە لایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە سازکرابوو، بەشداریان كرد.
لەم كۆبوونه‌وه‌یه‌ کە دوانیوەڕۆی رۆژی جومعه‌ لە تەنیشت ده‌ریاچه‌ی زرێبار دەستی پێکرد، سەرەتا پەیامی “ئەنجومەنی سەوزی چیا” خوێندرایەوە. لە درێژەی رێورەسمەکەدا چەند وتەیەک سەبارەت بە قەیرانی زرێبار و ئەو گرفتانەی کە زرێبار تووشی بووە باس کرا. هەروەها لە لایەن خەڵکی مەریوانەوە داوا لە  بەرپرسان کرا کە دەبێ بە شێوەیەکی جدی بیر لە ریگەچارەیەک بۆ ئەو قەیرانە بكه‌نه‌وه‌ کە ماوەیەکە تووشی زرێبار بووە. لە بەشەکانی تری کۆڕەکەدا وێڕای پێشکەشکرانی چەند پارچە مووسیقی و شانۆیەکیش لەسەر سرووشت و ژینگە لە لایەن هونەرمەندانی ئەم شارەوە، پەیامی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوانیش بە بۆنەی بە هاناوە هاتنی ده‌ریاچه‌ی زرێبار خوێندرایەوە. هەر لەم پێوەندییەدا و لە درێژەی بەرنامەکانی ئەم کۆبوونەوە جەماوەرییە، پەیامی کۆمەڵێک لە ئەنجوومەن و رێکخراوە ژینگەپارێزەکانی دیکەی کوردستان کە لە شارەکانی وەک: سنە، سەقز، بانە، کامیاران و جوانڕۆوە بەشداری کۆڕەکە بوون، خوێندرانه‌وه‌. شایانی باسه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و په‌یامانه‌دا باس له‌ سه‌رنج پێنه‌دان و كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی رژیم له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ریاچه‌ی زرێبار كرابوو.