به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له‌ شاری بانه‌

180y (1)
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، دوانیوه‌رۆی رۆژی جومعه‌ ١١ی مانگی گوڵان، مه‌راسمی شكۆدار له‌ شاری بانه‌ به‌ به‌شداری زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س له‌ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار به‌ڕێوه‌چوو.ئه‌م مه‌راسمه‌ به‌ سرودی ئه‌نترناسیوناڵ سرودی هاوپشتی جیهانی چینی كرێكار ده‌ستێپكرد. پاشان بۆ رێزگرتن له‌ یادوبیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردووانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و ئازادی و سوسیالیزم، ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌نگی راگیرا. بێده‌نگیه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆپله‌ شیعرێك شكێندرا. دواتر مێژووی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی ئه‌م مه‌راسمه‌ خوێندرایه‌وه‌. له‌ درێژه‌دا یه‌كێكی تر له‌ هاوڕێیانی به‌شدار بووی ئه‌‌م مه‌راسمه‌، له‌ قسه‌ و باسێكدا ئاماژه‌ی به‌ قه‌یرانی جیهانی سه‌رمایه‌داری و ئاكامه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ موناسبات و ناوه‌رۆكی راسته‌قینه‌ی سیستمه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كان له‌وانه‌ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و نائه‌منی و هه‌روه‌ها جه‌ریاناتێكی كۆنه‌په‌ره‌ستی له‌ چه‌شنی داعش و سه‌له‌فییه‌كان و هه‌روه‌ها لاوازی نئۆلیبرالیزم بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگای سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌ ئیداره‌ كردن و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا، هه‌ڵسه‌نگاند و ته‌نیا رێگای چاره‌ی مومكینی شۆڕشی كرێكاری و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م چینه‌ی، له‌ رێگای رێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆكان ناولێبرد. له‌ درێژه‌دا بڕیارنامه‌ی ١٧ به‌ندی رێكخراوی سه‌ربه‌خۆی كرێكاریی خوێندرایه‌وه‌ كه‌ خاڵ به‌ خاڵی ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه‌ ته‌ئید و پێشوازی لێكرا. ئه‌م مه‌راسمه‌ له‌ نێو شایی و خۆشی به‌شداربووان، به‌ بڵاو كردنی میوه‌ و شیرینی كۆتایی پێكهات.