به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی ١١ی خه‌رمانان له‌ بانه‌

365
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ ١٠ی مانگی خه‌رمانان، ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڵسووڕاوان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ و حێزبی كۆمۆنیستی ئێران، به‌ بۆنه‌ی ١١ی خه‌رمانان ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران، مه‌راسمێكیان به‌ڕێوه‌برد.مه‌راسمه‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌ سرودی ئه‌نترناسیوناڵ ده‌ستیپێكرد و پاشان بۆ رێزگرتن له‌ یادوبیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م گیان به‌ختكردووانی رێگای ئازادی و سوسیالیزم یه‌ك ده‌قیقه‌ بێده‌نگی راگیرا. بێده‌نگیه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆپله‌ شێعرێك له‌ لایه‌ن یه‌كێك له‌ به‌شداربووانه‌وه‌ شكێندرا. پاشان یه‌كێكی تر له‌ به‌شداربووانی ئه‌م مه‌راسمه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێویستی پێكهێنانی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران و ده‌ستكه‌وته‌كان و خاڵه‌ لاوازه‌كان و جێگه‌ و پێگه‌ی حێزب له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی ئێران قسه‌ و باسێكی پێشكه‌ش كرد. له‌ درێژه‌دا، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی سیاسی جیهان و ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها بارودۆخی ناوخۆی وڵات به‌ به‌شداری چالاكانه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌شداربووان، باسی ئازاد كرا. ئه‌م مه‌راسمه‌ دوای دوو سه‌عات، به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی میوه‌ و شیرینی له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی هاوڕێیانه‌دا، كۆتایی پێهات.