به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسم به‌ بۆنه‌ی ٢٥ی نوامبر له‌ سنه‌ و سه‌قز

825
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٨ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنان، مه‌راسمگه‌لێك به‌م بۆنه‌وه‌ و بۆ مه‌حكوم كردنی توندوتیژی له‌دژی ژنان له‌ شاره‌كانی سنه‌ و سه‌قز به‌ڕێوه‌چوو.
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز له‌ گۆڕرستانی “به‌هه‌شت محه‌ممه‌دی”ی شاری سنه‌ و له‌سه‌ر گڵكۆی “ئامنه‌ محه‌ممه‌دی” یه‌كێك له‌ قوربانیانی ئه‌م توندوتیژییه‌، مه‌راسمێكیان به‌ڕێوه‌برد و شێوه‌كانی توندوتیژی دژبه‌ ژنان له‌وانه‌ “قه‌تڵی ناموسی”یان مه‌حكوم كرد. به‌شداربووان له‌م مه‌راسمه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی شاخه‌ گۆڵ، پلاكارد و تراكت، له‌دژی توندوتیژی ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی و جارێكی تر له‌سه‌ر خه‌باتی خۆیان له‌دژی نابه‌رابه‌ری، هه‌ڵاواردن و یاسای دژبه‌ ژن پێداگریان كرد. مه‌راسمه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ ئامنه‌ محه‌ممه‌دی و سه‌رجه‌م ژنانی قوربانی توندوتیژی، ده‌ستیپێكرد. مه‌راسمه‌كه‌ پاشان به قسه‌ و باسێك له‌لایه‌ن به‌شداربووان، خوێندنه‌وه‌ی به‌یانییه‌ به‌م بۆنه‌وه‌ و گۆڵباران كردنی گڵكۆی ئامنه‌ محه‌ممه‌دی كۆتایی پێهات. هاوكات دانیشتنێك له‌ژێر ناوی “توندوتیژی له‌ بنه‌ماڵه‌” له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی حقوقی دانیشگای په‌یام نووری سه‌قز له‌ ساڵۆنی ئامفی ته‌ئاتری ئه‌م شاره‌ به‌ڕێوه‌چوو. به‌شداربووانی ئه‌م دانیشتنه‌ به‌ شێوازی به‌رچاوی توندوتیژی دژبه‌ ژنان له‌ بنه‌ماڵه‌ و كۆمه‌ڵگا ئاماژه‌یان كرد و ئاكامه‌ خراپه جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌كانی ئه‌م توندوتیژیانه‌یان تاوتوێ كرد.