به‌یانییه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌ كرێكارانی سنه‌ و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگی

616q
كۆمه‌ڵێك له‌ كرێكارانی سنه‌ و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان بۆ پێكهێنانی ته‌شه‌كۆله‌ كرێكارییه‌كان، له‌ به‌یانییه‌یه‌كدا، په‌یامی نه‌ورۆزی “عه‌لی ره‌بیعی” وه‌زیری كاری رژیمیان به‌ریاكارانه‌‌ وه‌سف كرد.
له‌ به‌شێك له‌م به‌یانییه‌دا هاتووه‌: “ئێمه‌ كرێكاران چاره‌ی كاری خۆمان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و له‌مه‌ودوا فریوی درۆ و ده‌له‌سه‌كانی ئێوه‌ی ناخۆین. له‌ ساڵی داهاتوودا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی و به‌په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تیی و مانگرتنی كرێكاریی، مافه‌ پێشێل كراوه‌كانمان ‌ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.” شایانی باسه‌، وه‌زیری كاری رژیم له‌ په‌یامه‌ نه‌ورۆزییه‌كه‌یدا وتبووی كه‌ “له‌ خه‌می باروودۆخی كرێكارانی بێكار و هاتنه‌ خوارێی ئاستی توانای كڕینی كرێكاران، ژنانی بێ سه‌رپه‌ره‌ست، بنه‌ماڵه‌، كه‌مئه‌ندامان، مناڵانی كار و بێ سه‌رپه‌ره‌ست ته‌نانه‌ت بۆ ساتێكیش ئۆقره‌ ناگرێت و ئه‌و خه‌مه‌ وازی لێ ناهێنێت.”