به‌یانییه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ موعه‌لیمان له‌سه‌ر خۆسووتاندنی مه‌نسوور كه‌یهانی

392
ژماره‌یه‌ك له‌ موعه‌لیمانی شاری كرماشان سه‌باره‌ت به‌ خۆسووتاندنی موعه‌لیمی خانه‌نشینكراو مه‌نسور كه‌یهانی به‌یانییه‌یه‌كیان ده‌ركرد. له‌ به‌شێك له‌م به‌یانییه‌دا هاتووه‌: “مه‌نسوور كه‌یهانی موعه‌لیمی خانه‌نشینكراوی ٦٠ ساڵ ته‌مه‌ن به‌ حه‌قده‌ستی زۆر كه‌می خانه‌نشینی یه‌كێك له‌ موعه‌لیمانی خۆشناوی شاری سونقور بوو كه‌ خوێندكاره‌كانی تا ئێستاش زه‌حمه‌ت و ماندوویه‌تی ئه‌م موعه‌لیمه‌ دڵسۆزه‌یان له‌بیر نه‌چۆته‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناوبراو له‌ بارودۆخێكی سه‌ختی به‌ڕێچوونی ژیاندا به‌سه‌ری ده‌برد و ده‌بوا هه‌زینه‌ی ده‌رمانی هاوسه‌ره‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی كه‌ قه‌تعی نوخاع ببوو، دابین بكات و هه‌وڵی دا بۆ ئاگاداری له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی قاتێكی دیكه‌ ماڵ دروست بكات تا یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی له‌وێ نیشته‌جێ بێت و بتوانێت یارمه‌تی ئاگاداری له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات. ناوبراو دوای چه‌ندین مانگ هاتووچۆ كردن بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ چ قه‌رزێكی قورسیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌ و خه‌ریكن تاڵانی ده‌كه‌ن، به‌م بۆنه‌وه‌ دوای چه‌ندین جار شكایه‌ت و وڵام نه‌دانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ تاڵان و برۆی كاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیداری رژیم و له‌ژێر گوشاردا، ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و گیانی له‌ده‌ستدا. له‌ كۆتایی به‌یانیه‌كه‌دا هاتووه‌: “ئێمه‌ وێڕای هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاز‌یه‌تباری شاری سونقور و بنه‌ماڵه‌ داخداره‌كه‌ی و كۆمه‌ڵگای موعه‌لیمان، هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ موعه‌لیمانی ئازادیخواز و ماندوونه‌ناسی ئێران، جارێكی دیكه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆمان له‌م حكومه‌ته‌ چه‌وسێنه‌ره‌ ده‌رده‌بڕین و له‌سه‌ر درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌ ره‌واكانمان تا كاتی جێبه‌جێ كرانی داخوازییه‌كانمان، پێداگری ده‌كه‌ین.”