بوارخۆش كردنی رژیم بۆ چڕتر كردنه‌وه‌ی سه‌ركوته‌كان له‌ كوردستان

229y
دوابه‌دوای ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی شاری مهاباد و ئه‌گه‌ری ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان، ده‌زگا ئه‌منیه‌تی و نیزامییه‌كانی رژیم بۆ چڕتركردنه‌وه‌ی سه‌ركوته‌كان له‌دژی خه‌ڵك، ده‌ستی كردووه‌ به‌ بوارخۆش كردن و پیلانی تازه‌ له‌دژی هاوڵاتیان. له‌ حاڵێكدا ره‌وتی سه‌ركوت و بازداشتی خه‌ڵكی ناڕازی به‌ جه‌نایه‌ته‌كانی كه‌سانی سه‌ربه‌ رژیم و گیان له‌ده‌ستدانی “فه‌ریناز خوسره‌وانی” له‌ شاره‌ جیاجیاكانی كوردستان له‌وانه‌ مهاباد، نه‌غه‌ده‌، شنۆ، مه‌ریوان و ناوچه‌كانی دیكه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌زگا ئیتلاعاتی و ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیم له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ چڕتركردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای پۆلیسی ــــ نیزامی زاڵ به‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان ئیدیعایان كردووه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ چۆته‌ نێو شاره‌كانی كوردستان. پێشتریش جێگری سیاسی ـــ ئه‌منیه‌تی رژیم له‌ ئۆستانی ئازه‌ربایجانی غه‌ربی له‌ قسه‌ و باسێكدا، بۆ بوارخوش كردن به‌مه‌به‌ستی سه‌ركوتی زۆرتری خه‌ڵكی ناڕازی، رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌حزاب و رێكخراوه‌كانی ئۆپۆزیسیونی كۆماری ئیسلامی له‌ پشت خۆپیشاندانه‌كه‌ی خه‌ڵكی شاری مهابادن و له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌وڵی په‌ره‌پێدان به‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ده‌ده‌ن. ناوبراو له‌ هه‌مان حاڵدا جارێكی تر به‌ نیشان دانی چنگ و ددان به‌ خه‌ڵكی شاری مهاباد و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ركوت و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنیان لێده‌كات. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رژیم به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ته‌یار كردنی هێزه‌ ئیتلاعاتی و نیزامیه‌كانی و ره‌وانه‌ كردنی به‌ره‌و شاره‌كانی تری كوردستان له‌وانه‌ مهاباد، بڕانی هاتووچۆ له‌ جاده‌ی بۆكان به‌ره‌و مهاباد، بڕانی هێڵی ئینترنێت و ته‌له‌فون، كۆنتڕۆڵی توندی ورودیی و خروجی شاره‌كانی دیكه‌، به‌ سه‌ردانی داروخانه‌ و نه‌خۆشخانه و ناوه‌نده‌ ده‌رمانییه‌كان به‌ ئامانجی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی برینداره‌كان، هه‌وڵی دا تا پێش به‌ هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی كوردستان و یه‌كپارچه‌یی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ بگرێت. پێویسته‌ بوترێت ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ له‌ ساڵڕۆژی ئێعدامی جه‌نایه‌تكارانه‌ی موعه‌لیمی ئازادیخواز “فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر” و چوار هاوبه‌ندی “عه‌لی حه‌یده‌ریان، شیرین عه‌له‌م هولی، فه‌رهاد وه‌كیلی و مێهدی ئیسلامیان” كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی ١٩ی مانگی گوڵانی ١٣٨٩، به‌ شێوه‌ی شاراوه‌ و به‌ بێ ئاگادار كردنه‌وه‌ی پارێزه‌ر و بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ محه‌وه‌ته‌ی پاركینگی زیندانی ئێوین له‌ لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی له‌سێداره‌ دران و دواتر مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌ ٢٣ی گوڵانی هه‌مان ساڵ، زیاتر له‌ جاران رژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌راسان و نیگه‌ران كردووه‌.