بۆچی حەقدەستەکان لەخوارەوە رادەگیرێن؟

مەعمولەن هەرجار ناجارێك ئامار و ئەرقامێک سەبارەت بە موسیبەت و موشکلاتی خەڵک لەلایەن بەرپرسان و ئۆرگانە دەوڵەتیەکانەوە ئیرایە ئەدرێت، کە لەگەڵ ئەوەدا کە نا واقعین، ئامانجی فریوکارانەشیان لە پشتەوەیە. ئەوان هیوادارن کە یەکەم، خەڵک لەم ڕێگایەوە لەگەڵ نۆڕمەکانی ئەمرۆی ژیان ڕابێن و دووهەم، ئەگەر لە هێندێک حاڵەتدا ئەم ئەرقامە دەست کردانەیان کەمێک بوژانەوەیان نیشاندا، خەڵک هیوادار بن و چاوەڕێی کەم بوونەوەی باری قورسی موشکلاتی ژیان بن. لەم مانگانەی دواییدا دەوڵەتی رۆحانی نمونەیەکی لەم جۆرە فریوکاریەی سەبارەت بە دابەزینی نرخی تەوەڕوم بەکارهێنا. لە ڕاستیدا دەوڵەتی رۆحانی ژیانی خەڵکی باشتر نەکرد، بەڵکو باشتر بوونێکی لە ئامارە ڕەسمیەکاندا ئیرائه‌دا!بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریە حکومەتیەکان، رۆژی دووشەممە ٢٧ ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٣ ” ڕەحمەت اللە پور موسەوی” دەبیری گشتی کانونی باڵای شوڕای کاری ئیسلامی، لە ئاكامی وتووێژێکدا ڕایگەیاند:” ٧٠ لەسەدی کرێکارانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دە

368ژین و ٥٠ لەسەدی حەقدەستیان بۆ ماڵ و بێهداشت سەرف دەکرێت.” ئەمە لەو شگردانەیە کە مەعمولەن و بەتایبەت لە وەرزی دیاریکردنی ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستەکان لێرەو لەوێ لە لایەن ناوەند و ئۆرگانەکانی پێوەندیدارەوە تێکرار دەبێتەوە، تا وای نیشان بدەن کە بەرپرسانیش دەزانن چ گیروگرفتێک بوونی هەیە و گۆیا لەبیری چارەسەر کردنیدان. زۆری پێناچێت کە هێندێک زیاد بوونی حەقدەستەکان وەک ئاکامی هەوڵەکانی خۆیان پێشکەش بە کرێکاران دەکەن. ئاکامیشی ئەوەیه‌ کە کاتێک کرێکاران تەماشای سفرەی خۆیان دەکەن، دەبینن ئاش هەمان ئاش و کاسەش هەمان کاسەیە.

بە پێی مادەی ٤١ ی یاسای کار، شوڕای باڵای کار مەرجەعی ڕەسمی دیاریکردنی حەقدەستی پایەیە. ئەم ناوەندە گۆیا حەقدەستی پایەی بەپێی دوو پیوانە: نرخی تەوەڕوم و سەبەدی هەزینەی ژیانی بنەماڵەیەکی مامناوەندی ٤ کەسی دیاری دەکات. بەڵام ئەم ڕێژەیە بەپێی وتەی کاربەدەستان و ناوەندە ڕەسمیەکان، بۆ لانیکەمی هەزینەی بەڕێچونی بنەماڵەیەکی کرێکاری لە ساڵی پێشودا زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار تمەن بەراورد کرابوو. لەگەڵ ئەمەدا، چ هۆکارێک هەیە کە حەقدەستەکان هەروا لەخوارەوە ڕادەگیرێن، بە تایبەت کاتێک کاربەدەستان، خۆشیان ئاستی کارەساتباری ژیانی کرێکاران ڕەت ناکەنەوە؟ بەپێی یاساكان، پەسند کراوەکانی شورای باڵای کار سەبارەت بە زیاد کرانی حەقدەستەکان لایەنی ئیلزامی و یاسایی هەیە، پرسیار لێرەدایە کەوایە و لە حاڵێکدا ئەندامێکی شورای باڵای کار بەم شێوەیە ئەرزیابی لە بارودۆخی دژواری ژیانی ٧٠ لەسەدی بنەماڵە کرێکاریەکان هەیە، بۆچی حەقدەستی کرێکاران بە ڕێژەیەک کە بتوانێ وڵام دەرەوەی نیاز و پێداویستیەکانی ژیان بێت زیاد ناکەن؟ بۆچی بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومەتی ئیسلامی بێشەرمانە لە کاردانەوەی ئەو بارودۆخە فەلاکەتبار و ئەو هەموو ئازار و موسیبەتەی کە لە ئاکامی درێژەی حاکمیەتیاندا بەسەر زۆربەی ئەم خەڵکەیاندا سەپاندوە، مێشیان لێ میوان نییە و هه‌ندێك جار تەنانەت ئیجازە بەخۆیان ئەدەن باسیشی بکەن؟ بۆچی ٣٦ ساڵە بەسەر وڵاتێکدا حکومەت دەکەن کە زۆربەی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین؟ تەنیا بوونی ئەم رێأەیە لە هەژاری و ته‌وه‌ڕۆم و بێکاری، تەنیا بوونی ئەم ڕێژەیە لە خەفەقان و سەرکوت کردنی سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکان، لە وڵاتێکدا کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردودا سێ جار پێی ناوەتە دەورەی شۆڕشەوە و هەلێک سونەتی بەهێزی خەباتی رادیکاڵ و ئازادی خوازانەی تێدایە، کافی دەبوو تا تۆماری هەر حکومەتێکی تێدا تێکەوە پێچرێ. وڵامی هەموو ئەم پرسیارانە ئەوەی کە حکومەتی ئیسلامی لەمرۆدا نانی لە ئارادا نەبوونی هێزێکی ڕێکخراو و وشیار بە قازانجی خۆی دەخوات، هێزی کرێکاران کە دەتوانێ ئاوا ڕیسالەتێکی هەبێت. بێ هۆ نییە کە ڕژیمی ئیسلامی هەموو توانایی خۆی بەکار هێناوە تا بەر بە شکڵ گرتنی ئەم هێزە و وشیار بوونەوەی بە قازانج و بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی بگرێت، سیاسەت و کرداری ڕژیم، بە دەستەوە گرتنی ئامرازی فریو و سەرکوت، بەگشتی باس لەم ڕاستیە دەکات.

ئەمرۆ کرێکارانی ئێران بوونەتە هەرزانترین هۆکاری بەرهەمهێنان. کاری هەرزان هەڵبەت نیازی ڕاستەقینەی کەڵەکە کردنی سەرمایە لە ئێران ولام ئەداتەوە. لەگەڵ ئەوە کاتێک نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانیەکاندا دەگاتە ئاستی کەمتر لە نێوەی ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە ڕێگاکانی دابینکردنی کەسری بودجەی سەرچاوە گرتوو لێیەوە، هەرزان کردنی هێزی کار و کەم کردنەوەی بودجەی خزمەتگوزاری گشتیە. ئەم ڕژیمە ناتوانێ لە بوجەی ناوەندەکانی سەرکوت و دەمودەزگای بەرینی تەبلیغاتی خۆی کەم بکاتەوە. لەبەر ئەوەی دەزانێ کە ئەساسی حاکمیەتەکەی لەسەر بەهێزی ئەم ناوەندانە راوەستاوە. کۆی بەرهەمی ئەم بارودۆخه‌ و بە بارمتە گرتنی هێزی کاری هەرزانی دەیان ملیۆن کرێکار و بنەماڵەی کرێکاری، زیاد بوونی هەژاری بەرین و بێ وینە، بێکاری بەرین، لێک هەڵوەشانی ژیانی دەیان هەزار بنەماڵەی کرێکاری، داسەپاندنی ئیعتیاد، لەشفرۆشی، پەرەسەندنی منداڵانی کار و خیابانی و گەلێک خەساری کۆماڵایەتی تر دەبێت. لە حاکمیەتی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا، شەڕی وەحشیانە و بەردەوام، بەڵام ” قانونی” و ” شاراوە”، کە بەڕاستی هەر ساڵەو چەند بەرابەر شەڕی گەرم لە مەیدانەکانی شەڕدا قوربانی دەستینێ لەدژی چینی کرێکار لە ئارادایە. لە ساڵی ٩٣ دا نە تەنیا بە بەشێکی بەرین لە کرێکاران تەنانەت لانیکەمی حەقدەستی تەحمیلی و بەردەگی پەسند کراوی ” شوڕای بالای کار” یش پەرداخت نەکرا، بەڵکو لە چەندین ناوەند دا حەقدەستەکانی کرێکاران هێشتا نەدراون و خەبات بۆ وەرگرتنی حەقدەستە وەدوا خراوەکان بە ناچاری بووە بەشێکی گرنگ لە تێکۆشانی کرێکاران لەم ساڵدا. هەوڵ ئەدەن لە ساڵی داهاتوشدا ئەم نۆڕمە بکەنە بابەتێکی ” ئاسایی”.

لە زەمینەی میزانی حەقدست بۆ ساڵی ٩٤ دەوڵەت و خاوەنکاران بڕیاری خۆیان داوە. ئەوان لە جەلەساتی سەرەتاییدا زیاد کرانی ١٨ تا ٢٠ لەسەدیان بۆ حەقدەستەکانی ساڵی داهاتوو لە نەزەر دایە. بەڵام ئەگەر ڕژیمی ئیسلامی کەسری بوجەی خۆی لە سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژار دابین دەکات، قوربانیانی حاکمیەتی ئیسلامی، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و دەستکورت چیدەکەن؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە خەبات بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی و لە هەوڵدان بۆ دیفاع لە مافە ئینسانیەکان، هێزی سازماندراو و وشیار یەکلا کەرەوەیە. هێزێکی کە دەتوانێ بەربە ئەم جۆرە دەست درێژیە بێ باکانەیە بۆسەر ژیان و داسەپاندنی ئەم کۆیلەتیە بۆسەر ئەکسەریەتی خەڵکی ئەم وڵاتە بگرێت. ناڕەزایەتی و خەباتی ئەمرۆ بەهەر ڕادیەک بەرین و بەربڵاوتر بێتەوە زەمینەی شکڵ گرتنی ئەم هێزە زیاتر خۆش دەکات.