بۆچی دەستی سپا لە قاچاغی کاڵا و ئەرز دا کراوەیە؟

بەپێی ڕاپۆرتی ستادی خەبەری سەرۆک کۆماری، له‌م دواییانە حەسەن رۆحانی، دەستوری بە “ستادی خەبات لەدژی قاچاغی کاڵا و ئەرز” داوە کە ھه‌ندێک ڕێکار بۆ بەرەنگار بوونەوەی ھاتنی کاڵا لە ئیسکلە ناڕەسمیەکانەوە بگرنەبەر و بەربە ده‌خاڵەت کردن لەلایەن دەزگا “نا مەسئولە”کانەوە لە کاروباری ھاوردە کردنی کالادا بگرن. بۆ ئەرزش مەسرەفی دەستورێکی لەمجۆرە دەبێ بە ناوەرۆکی بارودۆخی شپرزەی سیاسی ئێران و شەڕی ئەو باڵە حکومەتیانەدا کە بۆ دەست خستنی ئیمتیازی زیاتر و قایم کردنی پێگەی خۆیان لە سبەی رۆژی دوای ئەگەری پێکھاتنێکی ھەستەییدا کە شیر و تیر لەیەکتری دەکێشن، بگەڕێین. حەسەن رۆحانی خۆی باش دەزانێ کە ئیسکلە و رێگاکانی ھاتنی کاڵای قاچاغ لە دەست سپای پاسداران دایە، کە وەک “دەزگای نامەسئول” ناویان دەبات. بەر لەویش ئەحمەدی نژاد لە کۆتایی دەورانی سەرۆک کۆماریەکەیدا، کاتێک کە ئیتر تاریخ مەسرەفی بەرەو کۆتایی دەچوو، لە بەرەو روو بوونەوەیەکدا لەگەڵ “بەیتی ئاغا” و سپا ئەم دیاردەیەی وەک “برایانی قاچاغچی” ناوبرد و سپاییەکانی لە کاروباری قاچاغی کالا و ئەرزدا بە دەخیل زانیبوو. بەڵام بۆچی سەرەڕای ئاشکرا بوونی مەسەلە و قەزیەی سەرچاوەی سەرەکی قاچاغی کاڵا، رۆحانی لەم قۆناغەدا ئەم ھەڕەشەیە دەکات و چ ئامانجێک لە پشتی ئەم ھەڕەشانەوە ھەیە، و ئایا ئەو و دەوڵەتەکەی دەتوانن بەربە چالاکیە ئابووریەکانی سپای پاسداران بگرن کە وەک مافیایەکی گەورە دەستی بەسەر ئابووری ئێراندا گرتووە؟

 392

ئەگەر لە ئابووریەکی موتەعارفدا قاچاغی کاڵا و ئەرز بەھۆكاری جۆراوجۆر لەوانە ئیخلال لە ڕەوتی سەرمایەگوزاری لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی بەرھەمھێناندا، دەتوانێ زەربە لە رەوتی ئاسایی حەرەکەت و کەڵەکە کردنی سەرمایە بدات و بەم ھۆیەوە بەربە ئەنجامەکانی بگرێت، بەڵام لە ئێران، بە پێچەوانە قاچاغچێتی دیاردەیەکی ئاساییە. ئەم دیاردەیە تەنیا بابەتێکی نایاسایی نییە بەڵکو بەکردەوە بۆتە بەشێکی رەسمی و جێی سه‌رنجی ئابووری وڵات. دیاردەیەک کە ئیمکانات و ڕیکخستنی تایبەت بەخۆی ھەیە و وەک مەیدانێکی گرنگ لە ئابووری ئێراندا جێی خۆی کردۆتەوە. سپای پاسداران بە کەڵک وەرگرتن لەم ئیمکانات و سازمانە، ھەوڵە بان قانونیەکانی پەرە پێداوە و توانیویەتی سادرات و وارداتی گەلێک لە کالا ئەساسی و نائەساسیەکان بەدەستەوە بگرێت.

حەبیب اللە حەقیقی، سەرۆکی ستادی ناوەندنی خەبات لەگەڵ قاچاغی کاڵا، ئەرزشی کالای قاچاغ کراو بۆ ئێرانی لە ساڵی 92 دا لەنێوان 20 تا 25 ملیارد دۆلار ڕاگەیاند. ئەم ڕەقەمە نزیکەی نیوەی ئەرزشی ئەو کالایانەیە کە لە ساڵی 1392 دا بەشێوەی ڕەسمی ھاتونەتە ئێرانەوە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە رۆژێک کە خامنەیی ئیجازەی ئیسکلە قاچاغەکانی ئەدا بە سپا شایەد ئەوەی بەبیردا نەدەھات کە ئەم ئێسکلانە تا ئەم ڕادەیە چالاک بن و سپا تا ئەم ڕادەیە کۆنترۆڵی ئابووری وڵات بەدەستەوە بگرێت. خامنەیی لە ماوه‌ی 2 ساڵی ڕابردودا بەردەوام باسی ئابووری موقاومەتی کردوە و ھەوڵیداوە تا لە بەرانبەر سپا و بەھێز بوونیدا خۆی نیشان بدات. بەڵام بەکردەوە کارێکی لەدەست نەھاتوە و نەیتوانیوە ببێتە کۆسپێک لەسەر ڕێی پەرەسەندنی چالاكییه‌ ئابووریەکانی سپا. ھەڵبەت مەسەلەکە تەنیا نەتوانین نییە، بەڵکو لە ھەمانحاڵدا نەیشیویستوە لەبەر ئەوەی بەفەڕز ئەگەر لە ئاکامی ئەم دژایەتیانەدا، چالاکیە ئابوریەکانی سپا ڕاوەستێت، پێگەی خامنەیی و ئەھلی بەیتەکەی لە بەرانبەر ڕەقیبە حکومەتیەکانیدا و تەنانەت لە بەرانبەر رۆحانیشدا لاواز دەبێت. لەم روەوە خامنەیی و بەیتەکەی لە شەڕی باڵەکاندا و بۆ زەمانەت کردنی پێگەی خۆیان، لە پشتی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانەوە لە ئێران، پێویستیان بە باسکێکی وەک سپا ھەیە کە لە شەڕی دەسەڵات لەسەرەوە لایەنی ئەوان بگرێت. خامنەیی باش دەزانێ کە بەبێ دانی ئیمتیازێکی گەورە بە سپای پاسداران نابێتە خاوەنی ئەم پشتیوانییە.

بەمجۆرە ئێمە لە ئێران لەگەڵ حکومەتێکدا سەروکارمان ھەیە کە بەشێکی گرنگ لە ئابووریەکەی لەسەر بنەمای قاچاغ دەچێتە پێشێ. روون و ئاشکرایە کە حکومەتێکی ئاوا ناتوانێ حکومەتی مافیای بەھێزی ئابووری نەبێت. سەروەت و ئیمکاناتێکی گەورە کە بەمجۆرە بە ماڵوێران کردنی خەڵک بەدەست دێت، تەنیا بە پشت بەستن بە فریو و پیلان و جەنایەت و سەرکوت دەپارێزرێت. قاچاغی کالا و ئەرز کە لە ئاستێکی ئاوا بەریندا، لەدەست سپای پاسداراندا کۆبۆتەوە، بەڕواڵەت وەک” بەرەنگار بوونەوەی ته‌حریمه‌كان” یان بەناو، دەور دانەوەی تەحریمەکان پاساو ئەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ھەمان پاداشە کە سپا لە بەرانبەر خزمەتەکانی بۆ ئیدارە کردنی ماشێنی سەرکوت وەری دەگرێت. ئەم بدە و بستێنە ڕاستەقینەی نێوان سپا و خامنەیی و رۆحانیەکانی سەربەوە، کە حەسەن رۆحانی لە بەرانبەریدا ناتوانێ کارێک بکات. بەڵام مەتڕەح کردنی لە بارودۆخی ئێستادا لە پەرەسەندنی شەڕی بەڵەکان، ئەم خاسیەتەی ھەیە کە رۆحانی لە حاڵەتی بەرگری دێتەدەر و ھەڕەشەی کۆسپ نانەوە و یان لە کۆتاییدا ئیفشاگەری لە لایەنی بەرانبەری دەکات. ڕێکاری ئەم دواییەی رۆحانی کە ھیچ زەمانەتێکی ئیجرایی بۆی نییە، دەبێ لەم پێوەندا بێت. به‌ تایبەت بە بەھێز بوونی ئەگەری پێکھاتنی ھەستەیی لەگەڵ رۆژئاوا دەبێ چاوەڕێی پەرەسەندنی ئاستی ئەم بەرەوڕوو بوونەوانە لە باڵە حکەمەتیەکاندا بین. لەم بەرەوڕوو بوونەوانەدا ھەرکامە و ھەوڵ ئەدات بە وەدەست ھێنانی ئیمتیازی زیاتر خۆی بۆ ئێرانی دوای ئەم تەوافوقاتە، ئامادە بکات. ئەم کێشمە کێشە دەرونیەی رژیم بەھەر لایەکدا قورسایی بکات، ئاکامەکەی تاڵان کردنی زیاتری سەروەتی کۆمەڵگا و بەروڕوو بوونەوە و بەرەنگار بوونەوەیە لەگەڵ خەڵکێک کە بۆ ئازادی و یەکسانی و دابین بوونی مافە پێشێل کراوەکانی شەڕ دەکات.