بۆ مه‌حكوومییه‌تی نۆمایه‌شی كۆچبه‌رانی ئه‌فغانستانی نێو قه‌فه‌س

60
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆچبه‌رانی ئه‌فغانستان ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٠ی مانگی خه‌رمانان، “نۆمایه‌ش”ی كۆچبه‌رانی نایاسایی ئه‌فغان له‌ نێو “قه‌فه‌س” له‌ شاری شیرازی شه‌رمه‌زار و مه‌حكوومی كرد.
وته‌بێژی ئه‌م ناوه‌نده‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ی پۆلیسی شیرازی، وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ و سووكایه‌تی پێكردن به‌ كڕامه‌تی مرۆیی ناوبردوو و شه‌رمه‌زاری كرد. به‌ دوای ناڕه‌زایه‌تیی به‌ بڵاوكرانه‌وه‌ی وێنه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوان له‌ شیراز كه‌ له‌ نێو قه‌فه‌س دا ڕاگیرابوون، جێگری كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌رمانده‌یی ئینتزامیی فارس هه‌واڵی بڵاوكراوه‌ له‌ فه‌زای مه‌جازی سه‌باره‌ت به‌ نۆمایه‌ش دانی دانیشتووانی بیانی له‌م ئۆستانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاوكات هێزی ئینتزامیی ئه‌م ئۆستانه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ عه‌مه‌لیاتێكی دوو ڕۆژه‌دا، ٢٧٧ كه‌س له‌ دانیشتووانی بیانیی له‌م ئۆستانه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌. بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنانه‌، ناڕه‌زایه‌تیی ژماره‌یه‌ له‌ سیما سیاسییه‌كان و كاربه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌ دواوه‌ بووه‌. شایانی باسه‌ له‌ چه‌ندین به‌ش له‌ هه‌ندێ له‌ ئۆستانه‌كانی ئێران له‌وانه‌، فارس، ئیسفه‌هان، بووشێهر، خۆراسانی جنووبی، خۆراسانی ره‌زه‌وی، خووزستان، سێمنان، قه‌زوین، كرمان، گۆلستان، مه‌ركه‌زی و یه‌زد، نیشته‌جێبوونی هاووڵاتییانی ئه‌فغانستانی قه‌ده‌غه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.