بۆ مەحکوم کردنی ئێعدامی جەنایەتکارانەی زیندانی سیاسی لاو سامان نەسیم

ماشێنی ئێعدام و جەنایەتی رژیم هەروا قوربانی دەستێنێ. به‌ پێی راپۆرته‌كان، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی مانگی رێبەندان حوکمی ئێعدامی “سامان نەسیم” زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ بەکردەوە دەرهات. لەم چند رۆژەی رابردوودا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، لێبوردنی نێونەتەوەیی، چاودێری مافەکانی مرۆڤ، فێدراسیۆنی نیونەتەوەیی کۆمەڵگاکانی مافی مرۆڤ، یەکیه‌تی ئوروپا و کومیسێری مافی مرۆڤی دەوڵەتی فیدڕاڵی ئاڵمان، داوایان لە دەوڵەتی ئێران کرد حوکمی ئێعدامی “سامان نەسیم” رابگرێت ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە هاوکات لەگەڵ ئێعدام کرانی “سامان نەسیم” ٥ زیندانی سیاسی دیکەی مەحکوم بە ئێعدام بە ناوەکانی: یونس ئاقایان، حەبیب ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی و ئێبراهیم عیسا پوور، گواستراونەوە بۆ سلولی تاکەکەسی و مەترسی ئێعدامیان لەسەرە.

سامان کە رۆژی پێنجشەممە ئێعدام کرا لە کاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كرانیدا ١٧ ساڵ تەمەنی بووە. ئێعدامی لاوێک بەرەوڕووی کاردانەوەی بەرینی تۆڕه‌ کۆمەڵایەتی و کۆ369ڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان بۆوە لە ئاستی دنیادا. سامان نەسیم لەدایک بووی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٧٣ و خەڵکی شاری “مەریوان”ە. ئەو لە زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ بوو کە لەگەڵ ٢٩ زیندانی سیاسی دیكه‌، لە رێکەوتی ٢٩ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، لە ناڕەزایەتی بە به‌ڕێوه‌نه‌چوونی ئەسڵی جیاكردنه‌وه‌ی تاوانی زیندانیان لەم زیندانەدا، دەستیان دابۆوە مانگرتن لەخواردن. مانگرتنەکەیان دوای ٣٣ رۆژ کۆتایی پێهێنا. بەرپرسانی زیندان لەو کاتەدا و دواتریش، چەندین جار هەڕەشەی دوورخستنەوە و به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی حوکمی ئێعدامەکانیان لە زیندانیانی مانگرتوو کردبوو.

سامان نەسیم لە رێکەوتی ٢٦ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٠، لە جەریانی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی پژاک، لە سنوری سەردەشت گیرا. ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی حێفازەت ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ دا، خرایە ژێر لێپرسینه‌وه‌ و ئەشکەنجەی زۆرەوە و دواتر گواسترایەوە بۆ زیندانی مهاباد. ئەشکەنجە جەستەیی و ده‌روونیه‌كان بەڕادەیەک دژی بەشەری و تاقەت پڕوکێن بوون کە “سامان”یان ناچار بە ئیعتیرافی درۆینه‌ سەبارەت بە دەست تێدابوونی لە کوشتنی پاسدارێکدا کردبوو.

رژیمی کۆماری ئیسلامی هێندێک جار لە رووی تۆڵە ستاندنەوە و هێندێک جار بۆ ئەوەی توانایی خۆی بەڕووی خەڵکی بێدیفاعدا بکێشێ، ژمارەیەک لە منداڵانی خەڵک مەحکوم بە مەرگ دەکات و دەیانکوژێت. هەر ئێستا دەیان زیندانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام لە زیندانەکانی ورمێ، رەجایی شاری و قه‌زڵحەسار، مهاباد و باقی شوێنەکانی تردا زیندانی کراون.

ئێعدامی زیندانیانی ئاسایی و سیاسی لە زیندانەکاندا، ئیجرای مەراسمی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، شێلاق لێدان لەبەرچاوی هەمووانەوە، توندکردنەوەی گوشار بۆسەر هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان، دەرکردنی ئەحکامی زیندانی درێژماوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی چالاکی ئاشکرا و تەنانەت قانونیدا کاریان دەکرد، لەوانە هەڵسوڕاوانی کرێکاری، رۆژنامەنووسان و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەمانە بەگشتی ئاڵقەکانی زنجیرێکی بەیەکەوە پەیوەستن کە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگەی لەحاڵی هەڵچوون و ئاخێزدایە بە زەبری زۆر و سەرکوت. ئەمانە دیاری دەوڵەتی “رۆحانی”ە بۆ خەڵکی ئێران لە بەرانبەر سووکایەتیکدا کە لە ژنێڤ و ڤییەن لە وتووێژەکاندا لەسەر هات و هاوارە پێشوەکانی لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمیەکەی، بەسه‌ریدا دێت. لەوێ سەری تەسلیمی دانەواند و لێرە داری ئێعدامی لەدژی زیندانیانی بێ دیفاع بەرز کردەوە. هێرش کردنەسەر گیانی ئینسانە زیندانی کراوەکانی کردۆتە مەیدانی هێزنواندن و ئیقتیداری رژیم.

رژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای حاکمیەتیەوە ئەوەی زانیووە کە ناتوانێ وڵامدەرەوەی ئەو نیازانە بێت کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و زۆرلێکراوی ئێران شۆڕشیان بۆ وڕێخست و نیزامی پاشایەتیان بۆ رووخاند. کۆماری ئیسلامی دەیزانی کە ناتوانێ ئەم خەڵکە راپەڕێوە بە وەعدە و به‌ڵێن و فریو و نەیڕەنگ بگێڕێتەوە بۆ ماڵه‌کانیان. کەوایە دەبوو بە لادانی نەیارانی سیاسی و بە پێكهێنانی كه‌ش و هه‌وای ترس و وەحشەت لە رێگای زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامەوە، خۆی لەم کابوسە رزگار بکات. رژیم لە هەموو ماوەی ده‌سه‌ڵاتیدا هەر کاتێک هەستی بە مەترسی ئاخێز و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوو کردبێت، دەستی داوەتە کوشتار و ئێعدام کردن. بۆی گرینگ نییە کە چ کەسانێک دەبنە قوربانی درێژەی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی. هەزاران مەحکوم بە ئێعدامی تاوانه‌ ئاساییه‌كان چەندین ساڵ لە زیندانەکاندا، لە كه‌ش و هه‌وای وەحەشەتی مەرگدا چاوەڕێ راگرتووە تا هەر کاتێک ئامانجی سیاسی رژیم ویستی بیانباتە پای داری ئێعدام.

مێژووی حەیاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران پڕە لەمجۆرە جەنایەتانە. کۆماری ئیسلامی لەم رێگایەوە هەوڵ دەدات، خەڵک چاوترسێن بکات و ئەوان، کە لە بە بارمتە گیرانی نانی شەویان و داسەپاندنی بێ مافی سیاسی و فەرهەنگی، وەگیان هاتوون، ناچار بە پاشەکشە بکات تا چیتر ناڕەزایەتی ده‌رنه‌بڕن. ئەم رژیمە لە حاڵێکدا ناتوانێ و نایەوێ کە لەم بوارانەدا باشتر بوونێک لە بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەدا بەدی بێنێت، بۆ درێژەدان بە حەیاتی خۆی، روو دەکاتە تەنیا بژاردەیەکی کە لەبەر دەستیدایە، واتە سەرکوت و جەنایەت. رژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی کە دەزانێ لە کوردستاندا بەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاری گشتیدا، حکومەت دەکات، بەڵام هەروا بە درێژەدان بە جەنایەتەکانی خەریکە ئاستی قین و تووڕەیی و نەفرەتی خەڵک سەبارەت بەخۆی زیاتر و زیاتر دەکات.

بەڵام کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانی کە بە ئیجرای ئەمجۆرە حوکمە جەنایەتکارانە، نەک هەر ئەوپەڕی قین و تووڕەیی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان هەڵدەخرێنێ، بەڵکوو نەفرەتی گشتی کۆمەڵگەی ئێرانیش بە نسیبی خۆی دەکات. خەڵکی کوردستان ئیزن ناددات کە رژیمی کۆماری ئیسلامی، منداڵ و جگەرگۆشەکانیان بباتە زیندان و پەیکەری بێ گیانی ئەوانیان بۆ بنێرێتەوە. کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێ کە ئەگەر پێیوایە بە ئێعدام کردنی “سامان نەسیم” رێگا بۆ جەنایەتی زیاتر لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان خۆش دەکات، خەڵکی کوردستان بە پشتیوانی و پشتگیری کردنی خەڵکی سەرتاسەری ئێران، هەر ئەو دەرسە بە رژیم دەدەن کە تا ئێستا لە کاردانەوە بە جەنایەتەکانی رژیم داویانە.

بۆ رزگار کردنی گیانی ئینسانە ئازادیخوازەکان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، هیچ رێگا چارەیەک بێجگە لە قووڵ کردنەوە و پەرەپێدان بە خەباتی جەماوەری خەڵک نییە. کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەگەڵ سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران، ئێعدامی سامان نەسیم مەحکوم دەکەن و لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری ئەم زیندانیە سیاسیە و بە دەربڕینی نەفرەت و بێزاری لەم جەنایەتە، لەسەر ئیراده‌ی پتەوی خۆیان لە خەبات لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی جەخت دەکەنەوە.