بۆ هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی فەلەستین

رۆژی یەکشەممە ٢٩ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ٨ ی سەرماوەز، رۆژی جیهانی هاپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینە. ئەم رۆژە لە ١٩٧٧ی زاینیدا لە لایەن کۆبونەوەی گشتی سازمانی ملەل، کە خاوەنی هێزی ئیجرایی نییە، پەسند کرا تا هەموو ساڵێک لە کۆمەڵێک رێوڕەسمدا جەخت لەسەر مافی خەڵکی فەلەستین بکرێتەوە. دەوڵەتی خۆبەڕیوەبەری فەلەستین و کابینەکانی پێشووی ئیسرائیل لە سازش لەگەڵ یەکتردا و لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا و بەپێی پەیمانی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی بەملاوە ئەم مافە بە جەخت کردنەوە لەسەر دامەزراندنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین ی سەربەخۆ فۆرمۆلە کرد. دەوڵەتی خۆدموختار و فەتح لە رووی داماویەوە و بە هیوادار بوون بە دەوڵەتی ئامریکا بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجە ٢٢ ساڵی رابردویان لە چاوەڕوانیدا بەسەربرد. دەوڵەتی ئیسرائیل لە سایەی قەبوڵ کردنی بەڕواڵەتی عەهد نامەی ئۆسلۆ و فۆرمۆلە کردنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، بە کوشتاری بەردەوامی خەڵکی فەلەستین، نابود کردنی ئابووری ئەم خەڵکە، گەمارۆی جەنایەتکارانەی غەزە و پەرەسەندنی بەرین و بێ بڕانەوەی شارەکە یەهودی نشینەکان سیاسەتی بۆرژوایی و رەگەزپەرستانەی خۆی بردوەتە پێشێ. ئەم دوو ئوتوریتە دەوڵەتیە بە سیاسەتی چاوەڕوانی و پیلان گێڕان، هیوای خەڵک بە ئاشتی و دەستڕاگەیشتن بە دوو دەوڵەتی سەربەخۆیان لەنێو برد. هێزی ئیسلامی حەماس لە هەمان سەرەتاوە قەراردادی ئۆسلۆی مەحکوم کرد و بە ره‌ت کردنەوەی سازش لەگەڵ ئیسرائیل بەشێک لە لاوان و خەڵکی فەلەستینی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئەم هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامیە بزوتنەوەی خۆڕاگری خەڵکی فەلەستینی وەک ئامرازێک بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بەشی بۆرژوازی لە وڵاتانی لێوارەی کەنداودا بەکارهێنا و بێچگە لە دواکەوتویی و موسیبەتی زیاتر بۆ خەڵکی خۆڕاگری فەلەستین هیچی تری بۆیان بەدیاری نەهێنا.593

دەوڵەتی ئامریکا لە شەڕی جیهانی دووهەم بەملاوە کەڵکی لە حکومەتی رەگەز پەره‌ستی ئیسرائیل وەک ئامرازی سەرکوت و تۆقاندنی وڵاتانی خاوەن نەوتی خاوەرمیانە و هێزە چەپەکان وەرگرتوە بەم هۆیەشەوە بەردەوام پشتیوانی بووە. دەوڵەتی ئۆباما لەژێر کاریگەری ئاخێزە جەماوەریەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ماوەیەک هەوڵیدا تا دەمامکێکی درۆینە بە روخساریەوە بنێ و داواکاری دابین بوونی دادپەروەری بۆ خەڵکی فەلەستین بێت. ئامریکا لەژێر ئەم دەمامکەدا دەوڵەتی ئیسرایلی خستە ژێر گوشارەوە تا بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش یان بەرجام قەبوڵ بکات. کاتێک ئەم ئامانجە دەستەبەر بوو ئۆباما دەمامکی عەداڵەتخوازی لە روو لادا و پشتیوانی بێ ئەملا و ئەولای دەوڵەتەکەی لە ئیسرائیل راگەیاند. سەرۆک کۆماری ئامریکا رۆژی ٩ی نوامبر، بەرابەر لەگەڵ ١٨ی خەزەڵوەر و دوای وتووێژ لەگەڵ نەتانیاهو رایگەیاند کە لە قەراردادێکی نوێدا لەگەڵ ئیسرائیل، یارمەتیە نیزامیەکان بۆ ئەم وڵاتە زیاد دەکرێت. ئەو تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیەتی ناوچەکە، کە لەوانە بەرهەمی ئێقدامات و سیاسەتەکانی خودی کابینەکەیەتی، بۆئەم کارە کردۆتە بیانوو. ئۆباما دەستپێکی کێشمەکێشەکانی ئەم دواییەی نێوان دەوڵەت و هێزە سەرتاپا چەکدارەکانی ئیسڕایلی لەگەڵ لاوانی فەلەستینی بەرد و چەقۆ بەدەستی خستە پای ئەم لاوانە و مەحکومی کرد. ئەو بە راشکاوی جەنایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلی لە کوشتاری ئەم لاوانە و گرتنی بەرین و بەربڵاوی خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستینی وەک دیفاع لەخۆ لەقەڵەمدا و تەئیدی کرد.
بزووتنەوەی ئێستای لاوانی فەلەستینی لە ئەوەڵی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٩ی رەزبەر و لە وڵامدانەوە بە هێرشی شارەکنشینە چەکدارە ئیسڕایلیەکان بۆسەر خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین دەستیپێکرد. هاوکات یەهودیە فاندامانتالیستەکان هێندێک حەرەکەتیان لە مزگەوتی ئەقسا دەست پێکرد و لە لایەن دەوڵەتی ئیسرایلەوە پشتیوانیان لێکرا. کێشمەکێشێک کە دەستی پێكرد بووە هۆی کۆمەڵێک هێرشی هەمە لایەنە بۆسەر فەلەستینیەکانی دانیشتوی ئیسرائیل و کرێکارانی فەلەستینی شاغڵ لەو وڵاتەدا. خاوەنکاران بە بیانووی مەسایلی ئەمنیەتی کەوتنە گیانی ٩٢ هەزار کرێکار کە تا ئێستا دەیان جار بە پۆستی بازرەسی و ئەمنیەتی دەوڵەتە جۆراو جۆرەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕیون. ئەوان بەخێرایی دەستیان بە دەرکردنی ئەم کرێکارانە کرد.
ئەو لاوە کچ و کوڕانەی کە لە کێشمەکێشی نابەرابەری ئێستادا لەگەڵ دەوڵەتێکی سەرتاپا چەکداردا بەرەو روو بوونەتەوە و دیان کەسیان لێ کوژراو و بریندار بووە دوای پەیمانی ئۆسلۆ لەدایک بوون. تێکۆشان و تێکهەڵچونیان بەرهەمی شکستی دەوڵەتی ئامریکا و ئیسرائیل، حكومەتی خۆبەڕێوەبەر و حەماسە لە گەیشتن بە تەعەهوداتێک کە لە ماوەی ٢٢ ساڵی رابردودا بە خەڵکی فەلەستینیان داوە. ئەوان لە هەموو جێگایەک و لە هەموو وتووێژێکیاندا نەفرەتی خۆیان لە دەوڵەتی ئامریکا و ئیسرائیل و حکومەتی خۆبەڕێوەبەر و حەماس و باقی هێزە سیاسیە شکست خوارد و پاسیڤەکان دەربڕیوە. هەڵبەت ئەوان خۆشیان خاوەنی دیمەنگایەکی بانتر لە کۆتایی هاتن بە داگیرکاری و دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و ئیسرائیل نین.
لە رۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستیندا بانکی مۆن، دەبیری گشتی سازمانی ملەل، رایگەیاند کە لە ئێستادا ١٣٦ وڵات حکومەتی خۆبەڕیوەبەریان بە رەسمیەت ناوسیوە، پەرچەمەکەی لەپاڵ ئاڵای ئەندامانی چاودێری سازمانی ملەلدا هەڵکراوە. ئەو ئیعتیرافی بەوە کرد کە ئەم پێشکەوتنانە قازانجێکی بە حاڵی منداڵان لە غەزە و دانیشتوانی ترابلۆس، هیبرون و یان رۆژهەڵاتی قودس نەبووە. لە راستیدا دەبێ بوترێت لە پەسند کرانی ئەم رۆژەوە لە رێکەوتی ١٩٧٧، کە لە گەرماوگەرمی خەباتی خەڵکی فەلەستین لەو رۆژانەدا و پشتیوانی بەرینی خەڵکی ئازاد ئەندیش لێیان، بەسەر سازمانی ملەلەدا سەپا تا ئێستا مافەکانی خەڵکی فەلەستین زیاتر پێشێل کراوە و بە بەراورد له‌گه‌ڵ پێشوو ژمارەیەکی زیاتر لەوان بە برسیەتی و نەخۆشی و چەکی ئاگرین کوژراو، بریندار و کەم ئەندام بوون. موسیبەتەکانی ئەم خەڵکە خۆڕاگرە بەرهەمی سیاسەت و کرداری جەنایەتکارانەی دوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و لە سەروشیانەوە ئامریکا و حکومەتی رەگەزپەره‌ستی ئیسرائیل، سازشکاریەکانی هێزە ناسیونالیست و لیبڕاڵە فەلەستینیەکان و سیاسەت و کرداری کۆنەپەرستانەی هێزە ئیسلامیەکانی وەک حەماس بووە.
رێگا چارەی ئەم گرفتانەی ئێستا لە فەلەستین و ئیسرائیل، کە خەڵکەکەی ئەسیری سیاسەتی ئەحزابی دەستەڕاستی بۆرژوازی حاکمن، لە خەبات لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا و لە بە یەکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لەگەڵ یەکتردایە کە خەڵک خۆیان بەدەستیان هێنابێت. گومانی تێدا نییە کە دەبێ لەگەڵ خەباتی ئێستای لاوانی فەلەستینی هاوخەمی نیشان بدرێت. بەڵام ئەم خەباتە رێگا چارەی جۆراوجۆر وکارای پێشکەش نەکردووە و ئاسۆیەکی روونی لەبەردەمدا نییە. ئەگەر ئەم خەباتە لە مەسیری خۆیدا ستراتیژیەکی سیاسی روون بە ئاڕاستەی دژی سەرمایەداری نەکاتە رێنمای خۆی بە هیچ ئاکامێک ناگات. تەنیا خەباتێک دەتوانێ بونبەستی ئێستا بشکێنێ کە ئاکامی هاتنە مەیدانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بێت لە ئاستی جەماوەریدا. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نە تەنیا کۆتایی هێنان بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی نژاد پەره‌ستی ئیسرائیل و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی بەڵکو پەڕینەوە لە سیستمی ئابووری ئێستا و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی سوسیالیستیان لە ئاسۆدا هەبێت.