بێ ئاكام مانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی “پردی عه‌لی ئاوا”ی بۆكان‌

735
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ ماوەی زیاتر لە یەكساڵ و دوو مانگە بڕیار دراوە پردێك لە یەكێك لە مه‌یدانه‌كانی ناوچەی “عەلی ئاوا”ی شاری بۆكان دروست بكرێت، بەڵام تا ئێستا ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.
به‌ پێی ئه‌م هه‌واڵه‌، سه‌ره‌ڕای داواكاری هاوڵاتیانی ناوچه‌ی عه‌لی ئاوای بۆكان بۆ دروست كردنی پردێكی هه‌وایی و به‌ڵێنی به‌ر‌پرسانی پێوه‌ندیدار بۆ دروست كردنی ئه‌م پرده‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌. شایانی باسه‌ ساڵانێكە كە هاتووچۆ لەسەر شەقامی سەرەكی گه‌لێك كێشه‌ی بۆ خوێندكاران و دانیشتووانی ناوچەی عەلی ئاوا دروست كردووه‌ و بۆتە هەڕەشەیەكی جیدی بۆسه‌ر گیانیان و داوایان لە بەرپرسانی پێوه‌ندیدار كرد كە پردێكی هەواییان بۆ ساز بكەن، ئەوانیش بڕیار بوو كە پردێكی هەوایی بۆ هاتۆچوی هاوڵاتیانی ئاسایی ساز بكرێت، بەڵام پاش تێپەر بوونی زیاتر لە یەكساڵ و نیو هێشتا ئەو پردە ساز نەكراوە.