بەرەی یەکگرتووی کورد لەبیری بەهارستان دایە

بە پێی راپۆرتی تایبەتی سایتی هەواڵنێری “رۆژی نوێ” ئۆرگانی بەرەی یەکگرتووی کورد، کۆبونەوەی شورای رێبەریی و کومیتەی هەڵبژاردنی بەرەی یەکگرتوی کورد لە رۆژانی ١٩ و ٢٠ی مانگی خه‌رمانان بە میوانداریی ئۆستانداری ورمێ و ئوستانداری مهاباد لە شاری مهاباد بەڕێوەچوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە “کومیتە هەڵبژاردن”ی بەرەی یەکگرتووی کورد بە ئامانجی ئامادە کردنی کاروباری پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران دیاریکراوە. 539بەپێی قسەکانی ئازاد محەممەدیانی وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کورد لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێس، لەم کۆبونەوانەدا ستراتیژی ئەم بەرەیە لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی دراوەتەبەر هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و بەرە بە لیستێکی دیاریکراو لەم هەڵبژاردنەدا ئامادە دەبێت.ئەو لە درێژەدا وەبیری هێنایەوە: “ئەگەری هاوکاری کردنی کاندیدە ئیحتیمالیەکانی بەرەی یەکگرتوی کورد لە هێندێک لە ئۆستانەکان لەگەڵ کاندیدی جەریانە سیاسیەکانی دیکە کە بەرە لەگەڵیان بە تەوافوق بگات، له‌ ئارادایه‌”. بەمجۆرە بەرەی یەکگرتوی کورد کە بە پێی ئیدیعای دامەزرێنەرانی قەرار بوو هەم میللی و دیموکراسیخواز بێت و هەم داواکاری و رێکاری عەمەلی رادیکاڵی هەبێت، بەکردەوە بۆتە پاشکۆیەکی بێ ئیرادەی ئیسلاح خوازانی حکومەتی ئیسلامی.ئەم جۆرە بازاڕ گەرمیانە بۆ شانۆگەری هەڵبژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا و هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی مەشروعیەت بۆ ئەم رژیمە جەنایەتکارە و باقی ئەو رێکارانەی بەرەی یەکگرتووی کورد گرتوونیەتە بەر، پێشتر تەجروبە کراون. جەریانەکانی وەک سازمانی دیفاع لە مافی مرۆڤی کورد، ئەنستیتۆی کورد، کوردەکانی دانیشتوی ناوەند و نوێنەرانی کوردنی مەجلیسی ئیسلامی، چ لە دەورەی خاتەمیدا و چ لە دەورەی شەپۆلی سەوزی موسەوی و کەڕوبیدا ئەم جۆرە ڕێکارانەیان تاقی کردۆتەوەجۆڵەی ئەم دواییانەی بەرەی یەکگرتوی کورد و ئامادەکاری سیاسی و تەشکیلاتی بۆ ئامادە بوون لە هەڵبژاردنی مەجلیسی دەیەمدا درێژەی هەر ئەم تەجروبانە و بەشێک لە هەوڵی ئیعتیدال گەراکان و ئیسلاح تەڵەبانی حکومەتین بۆ داگیر کردنی ژمارەیەکی زیاتر لە کورسیەکانی مەجلیس. ژووری فێکری ئیسلاح خوازانی حکومەتی کە بە هاتنەسەر کاری رۆحانی و بە تایبەت دوای رێكه‌وتنی هەستەیی زیاتر بووژاونەتەوە، لە ئێستادا خەریکی داڕشتنی بەرنامە و تیم سازین بۆ بەشداری کردن لە شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیسی دەیەمدا. دەوڵەتی رۆحانیش وەک هەموو دەوڵەتەکانی پێش خۆی پێویستی بە دەستەبەر کردنی زۆرینەی مەجلیس هەیە، محەممەد شەریعەتمەداری جێگری ئیجرایی رۆحانی کە نەیتوانیوە ئەم مەیلە بشارێتەوە وتویەتی کە “دەوڵەت پێویستی بە بەهارستان هەیە تا بەرنامەکانی بەرێتە پێش”. بەرەی یەکگرتووی کوردیش پێویستی بە بەهارستان هەیە. حەرەکەتی ئەم دواییەی ئەم بەرەیە بەشێکە لە جوڵەی ئیسلاح خوازانی ئیسلامی لە ئاستی سەرتاسەریدا، بەم جیاوازیه‌وە کە چالاکیەکانی ئەمان لە کوردستان بۆ بەرەنگار بوونەوەی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵک لە هاوئاهەنگی لەگەڵ سپای پاسداراندا بەڕێوەدەچێت.ئەوەی روون و ئاشکرایە، بەشێک لە بۆرژوازی کورد لە هەیئەتی بەرەی یەکگرتوی کورد و ئیسلاح خوازانی حکومەتیدا لە کوردستان ریزیان بەستوە تا لە بەرانبەر قوربانی کردنی داخوازی و داواکاریە رەواکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بەشی خۆیان لە دەسەڵات سواڵ بکەن. بە بۆچوونی ئەم ڕەوتە هێنانە خوارەوەی ئامانجی خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ چەند داواکاریەکی سنورداری فەرهەنگی و ئەنجامدانی هێندێک ڕێفۆڕمی ئیداری، قەرارە سەهمی خەڵکی کوردستان لەو وەعدانە بێت کە رۆحانی بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی نەتەوەی کورد بە خەڵکی ئێرانی داوە. بەپێی ئەم پرۆژەیە “مافی شارۆمەندی” لە “کۆمەڵگای مەدەنی ئیسلامی” ژێر سوڵتەی رژیمی سەرمایەداری هاری مەزهەبیدا قەرارە خەڵکی کوردستان لە کۆت و بەندی ستەمی نەتەوایەتی ڕزگار بکاتئەمرۆ لە بارودۆخێکدا کە تەقویەتی ئیعتیدال گەراکان و ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە بەرانبەر ئوسول گەرا توندڕەوەکاندا بۆتە بەشێک لە پڕۆژەی ئامریکا و باقی زلهێزە رۆژئاواییەکان، بۆرژوازی کوردیش داهاتوی خۆی لە هاوجیهەتی لەگەڵ ئیعتیدال گەرا حکومەتیەکان و بەدواداچونی بەرە بەره‌ی ئیسلاحاتدا دەبینێ. هیوادار بوون بە پێکهاتنی فراکسیۆنێک لە نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و دانانی ژمارەیەک لە مەئمورانی کوردزمان لە پۆستی کاربەدەستانی ناوچەیی و هێندێک کرداری لەم چەشنە، ئەو ده‌ریچانه‌ن کە لەم بوارەدا بەرووی بۆرژوازی کورد دا کراونەتەوە.بەڵام سوننەتی زیاتر لە سێ دەیەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەدژی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە هەر چەشنە کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵک و پاشەکشە کردن بە رژیم لە هێرش کردنەسەر گیان و ماڵی جەماوەری زۆرلێکراوی کوردستان و یان کرانەوەیەک لە بواری پەرەدان بە فەرهەنگی پێشڕەوانەدا تەنیا و تەنیا لە گرەوی خەباتی یەکگرتووانە لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی دایە. ئەم سونەتە خەباتکارانەیە لە بەرانبەر رژیمی کۆماری ئیسلامیدا و جێکەوتنی سیاسەتی رادیکاڵ لە بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکان، لەنێو کرێکاران، ژنان و لاواندا، جارێکیتر سەری ئیسلاح خوازانی کوردی حکومەتی لە کوردستان و داکۆکیکارانیان لە بەرد ئەدات. کۆمەڵە لە بەرانبەر هەموو ئەم سیاسەتانەی رژیم و بۆرژوازی کورد دا، کرێکاران و جەماوەری مافخوازی کوردستان بانگەواز دەکات بۆ خەباتێکی وشیارانە لەپێناو پوچەڵ کردنەوەی ئەمجۆرە پرۆژانەدا.ئەمجارە حەرەکەتی “بەرەی یەکگرتوی کورد” و بەرنامەرێژی کردنیان بۆ بەشداری کردن لە شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیسدا، دوای رێكه‌وتنی هەستەیی و لەسەر ناوەرۆکی بێ هیوایی و سەرخوردەگی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردستان لە سیاسەتەکانی ئامریکا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێت. ئەحزاب و رەوتە ناسیونالیستەکان لە کوردستان کە دوای لەشکرکێشی ئامریکا بۆ عێراق لەحزە شماریان دەکرد، بۆ تێکراری سیناریۆی عێڕاق لە ئێران و چاوه‌ڕێ بوون کە دەوڵەتی بوش “یاریدەدەری جیدیان بێت لە روخاندنی حکومەتی تیرۆریست و دژی بەشەری و دژی ئازادی و دیموکراسی کۆماری ئیسلامیدا و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک بەجێگای ئەو”، لەگەڵ تەوافوقی هەستەییدا هیوایان بە ئامریکا بە با چووە. ئەم هێزانە سەرلەنوێ هەوڵ ئەدەن کە هەڵوێستیان لەگەڵ تەمایلاتی سیاسی مەحافل و جەریاناتی لایەنگری ئیسلاحخوازانی حکومەتی لە کوردستان هاو ئاڕاستە بکەن. هێندێک لەم رەوتانە دیسان لە رووی بێ هیواییەوە دڵیان بە “میکانیسمەکانی هەڵبژاردن” لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا خۆش کردووه‌.دەور و رسالەتی” بەرەی یەکگرتوی کورد” و رەوتەکانی تری لەم چەشنە لە مێژووی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا بۆ خەڵکی تێکۆشەر و وشیاری کوردستان ئاشکرایە. بە شێوەی مێژوویی هەر کاتێک شاخەکە حیسیەکانی ئەم رەوتانە تەشخیسیان دابێت کە رژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی مەترسی بەرینی ناڕەزایەتی جەماوەری هاتووە، چالاکانی ئەم رەوتە کەوتونەتە جووڵە تا بەڵکوو بتوانن بەر بە گەشە و بەره‌وپێش چوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان بگرن. لەم قۆناغەدا ئەوەی هیوا و ئومێدی داوەتە ئەم رەوتە تەنیا دەور هەڵگرتنی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بۆ دەستەبەر کردنی کورسی زیاتر نییە، بەڵکو هاوکاتی لەگەڵ بێ هیوایی و سەرخوردەگی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردستان لە سیاسەتەکانی ئامریکا، ئەوانی بۆ پەیگیری کردنی نەخشە و پلانەکانیان زیاتر وەسوەسە کردووە.