بەڕێوەچوونی گەورەترین مانگرتنی کرێکاری دنیا لە هێندوستان

١٨٠ ملیۆن کرێکار لە هێندوستان لە هەنگاوێکی هاوئاهەنگدا ئەم وڵاتەیان کردە مەیدانی یەکێک لە گەورەترین مانگرتنە کرێکاریەکانی دنیا. ئەم مانگرتنە لە رۆژی هەینی ١٢ ی خه‌رمانانەوە دەستی پێکردوە و یەکێک لە گەورەترین مانگرتنە هاوئاهەنگە کرێکاریەکانە لە مێژووی هێندوستاندا. ئەم مانگرتنە نەک لە ڕێگای بانگەوازی ئەحزابی سیاسیەوە بەڵکو لە ڕێگای گوروپی کاری یەکگرتو، پێکهاتو لە ڕێبەران و نوێنەرانی یەکێتیە کرێکاریەکانەوە ڕێکخراوە. کرێکارانی زۆرێک لە پیشەسازیەکان، کارمەندانی بانکەکان، پۆست، موعەلیمانی مەدرەسە و کۆلیژەکان، مەعدەن چیەکان، و کرێکارانی بیناسازی، بەرق، گواستنەوە و گەیاندنی ناوشار، لە بەشدارانی مانگرتنەکەن.مانگرتنەکە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە وتووێژی ڕێبەرانی ١٠ یەکێتی کرێکاری هێندوستان لەگەڵ ئارون جایتلی وەزیری دارایی شکستی هێنا. یەکێتیەکان پێشنیاری دەوڵەتیان بۆ زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەستی پایە لە ٩٥ دۆلارەوە لە مانگدا بۆ ١٣٦ دۆلار ڕەد کردەوە. ئەوان دوو بەرابەری ئەم ڕەقەمەیان داوا کردوە.گرینگ ترین داواکاری مانگرتوان، کە لە لایەن ڕێبەرانی یەکێتیە کرێکاریەکانەوە لە ڕاگەیەندراوێکی ١٢ مادەییدا هاتوە بریتین لە:798

زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەست بۆ ١٨ هەزار روپیە لە مانگدا، کەم کرانەوەی نرخی کالا ئەساسیەکان، درانی حوقوقی خانەنشینی بە گشت بەشەکانی ئابووری، خستنە ژێر چەتری قانونی کاری سەرجەم کرێکاران لەوانە کرێکارانی کەشاوەرزی و بیمە کردنیان. ڕاگیرانی دامەزراندن بە شێوەی قەراردادی کرێکاران، حەقدەستی یەکسانی ژنان و پیاوانی کرێکار لە بەرانبەر کاری یەکساندا، پێداچونەوە بە قانونی نوێی کار کە لە ڕاستیدا کاری منداڵان بە یاسایی دەکات.

یەکێتیە کرێکاریەکان، دەوڵەتیان بە پلان دانان بۆ خوسوسی سازی کەرتی گشتی و بانگهێشتی سەرمایەدارانی خاریجی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە پیشەسازیدا تاوانبار کردوە. یەکێتیە کرێکاریەکان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ٢٥ ساڵ به‌ڕێوه‌چوونی سیاسەتی نیئۆلیبڕاڵی لەم وڵاتەدا، ئەم سیاسەتەیان بە هۆکاری قووڵبوونه‌وه‌ی بوونەوەی نا یەکسانیەکان لە کۆمەڵگای هێند دا و چەوساندنەوەی زیاتری کریکاران زانیوە.

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێک کە دامەزراوەی ” کردیت ی سوئیس”، لە هەڵسەنگاندنی هەژاری لە هێند کردویەتی یەک لەسەد لە دەوڵەمەندترین دانیشتوانی هێند خاوەنی ٥٣ لەسەدی سەرجەمی سەروەت و سامانی وڵاتن، و سەهمی ١٠ لەسەدی چینی سەروەت مەندی کۆمەڵگا، ٧٦ لەسەدی سەرجەم سەروەتی وڵاتە. بە واتایەکی تر، ٩٠ لەسەدی جەمعیەتی وڵات تەنیا کەمتر لە یەک لەسەر چواری سەروەتی وڵاتیان لە ئیختیاردایە.

هێند نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن هێزی کاری هەیە، بەڵام نزیکەی ٩٤ لەسەدیان لە بەشە نا ڕێکخراوە کرێکاریەکاندا خەریکی کارن. ئەوان یان لانیکەمی حقوقی کاریان هەیە و یان بە گشتی لە دەرەوەی چەتری قانونی کاردان و حەقدەستیان لەژێر هێڵی هەژاریدایە. ئەم بارودۆخە دژوارە بە ملیۆن کرێکاری ئەم وڵاتەی ناچار کردوە کە بەرەو عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی خاوەن نەوتی لێوارەی کەنداو کۆچ بکەن و لەوێ بە حەقدەستێکی کەم و بەبێ ئەوەی کە لە هیچ پشتیوانیەکی قانونی بەهرەمەند بن، لە بارودۆخێکی گەلێک سوکایەتی ئامێز و دژواردا کار بکەن.

ڕێبەرانی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێندوستان لە کۆنفرانسێکی خەبەریدا کە زۆربەی هەواڵنێریە خاریجیەکان بڵاویان کردەوە و فیلمەکەی لە ڕێگای شەبەکەی یوتیوبەوە بڵاو بۆوە، دەڵێن:

لە ساڵی ٢٠١٤ وە لەگەڵ هاتنەسەر کاری دەوڵەتی مودی پشتیوانی شیرکەتە گەورەکان، ئێمە شاهیدی هێرشی بەرینتر بۆسەر مافی کرێکارانین. ٣٥ ساڵ سیاسەتی نیئۆلیبڕالیستی بۆتە هۆی پەرەگرتنی بێکاری، خوسوسی سازی بەرین، چەق بەستنی حەقدەستی ڕاستەقینەی کرێکاران و هەروەها بوونی کرێکاران ڕەسمی و تەواو وەخت بە کرێکارانی قەراردادی. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە تەبلیغاتێکی درۆینەی ٢٥ ساڵە دەیەوێ بە خەڵک بڵێ کە سیاسەتە نیئۆلیبڕالیستیەکان بە قازانجی هێند بووە. لە حاڵێکدا ئەم سیاسەتانە بوونەتە هۆی پەرەگرتنی نا یەکسانی لە کۆمەڵگادا. بە شێوەیەک کە سەروەت و داراییەکانی ١٠٠ فامیل یان بنەماڵە لە هێند لە دوو لەسەر سێی هەموو خەڵکی هێند زیاترە. شتێکی کە روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە تەنیا لابردنی بەخشینە ماڵیاتیەکانی ساڵانەی سەروەتمەندان دەتوانێ زیاتر لە ٥ ملیارد روپیە داهاتی یاسایی بۆ دەوڵەت هەبێت. تەنیا بە نەغد کردنەوەی وامە بانکیە ڕاگیراوەکان دەکرێ ٨،٥ ملیارد روپیە بەدەست بێت. ئەگەر ئەم مەبلەغە زۆرانە سەرفی بنیاد نانەوەی ژێرخانەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بکرێت، بە هەزاران دەرفەت و هەلی کار بۆ لاوان لە وڵاتدا دروست ئەبێت. ئەوان ئەڵێن کە ئەم مانگرتنە یارمەتی ئەدات تا بەشێکی زۆر لە خەڵک لەدژی ئەم سیاسەتە ماڵوێرانکەرانە بجوڵێن و دەوڵەت بۆ گۆڕینیان بخەنە ژێر گوشارەوە.

لە ساڵی ١٩٩١ دا سەرجەم دەوڵەتەکان پەیڕەوییان لە کۆمەڵیک نوسخەی وەک یەک کرد. ئەم دەوڵەتانە بە گۆڕینی قانونی کار لە بەرژەوەندنی سەرمایەداراندا، مافی دامه‌زراندن و دەرکردنیان پێداون. دەوڵەت بە بڕینی بودجەی ئەو سازمانانەی کە بەشوێن چارەسەری مەسەلە کرێکاریەکانەوەن بەریان بە پێڕاگەیشتن بە موشکلاتی کرێکاران گرتوە.

ئەوان لەم کۆبونەوەیەدا جەختیان کردەوە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی مودی نە تەنیا دژی کرێکاریە، بەڵکو زیانی بە کەشاوەزران، ژنان، لاوان و خوێندکارانیش گەیاندوە. تەنیا ڕێگای ڕاگرتنی هێرشی ئەم دەوڵەتە بۆسەر مافەکانی زۆرینەی خەڵک، خۆڕاگریەکی بە‌هێزی ڕێکخراوی هاوبەشە.