تاڵانچیەکانی دەستڕەنجی خەڵک چلۆن یەکتری ریسوا دەکەن؟

پەروەندەکانی گەندەڵی ماڵی سەران و ناوەندەکانی سەر بە رژیم رۆژ لەگەڵ رۆژ قەبەتر دەبنه‌وه‌. لەژێر سێبەری گەندەڵی بەرپرسانی دەوڵەتیدا، هەڵبەت کەرتی تایبەتیش بێ نەسیب نابێت و بەشی خۆی لەم تاڵان و بڕۆیه‌، بەدەست دێنێ. ئیلنا یەکێک لە هەواڵنێریەکانی رژیم، دوێنێ لە راپۆرتێکدا کە لە سەروی هەواڵەکانی داینابوو، بەشێک لە گەندەڵی ماڵی لە یەکێک لە شیرکەتەکانی سەربە “سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی” ئاشکرا کرد. راپۆرتەکە بەهەر هۆیەک ناوی شیرکەتەکەی نەهێناوە، بەڵام بۆ خستنەژێر گوشاری رەقیبەکانی، ئادرەسەکەی داوە بە ئەهلی فەن. ئەم راپۆرتە پێوەندی بە یەکێک لە شیرکەتە پەیمانکاریەکانی رێگای ئاسنی سەرتاسەری ئێران هەیە کە کارەکەی دابین کردنی واگۆنە بۆ قەتارەکانی شەبەکەی سەرتاسەری وڵات.501تا چەندساڵ لەوەپێش بەشێوەی ئاسایی، گەیاندن و گواستنەوەی رەیلی ئێران،پێداویستیەکانی بە کڕینی واگۆنی دەستی دوو لە دەرەوەی وڵات دابین دەکرد. تا ئەوەیکە کەرتی تایبەت دەستی دایە بەرهەمهێنانی واگۆنەکانی رێگای ئاسن لە نێوخۆی وڵاتدا. لەم پێوەندەدا ٥ شیرکەتی واگۆن سازی دامەزران. لە دەورەی حکومەتی رۆحانیدا وەزیری رێگا و شارسازی و وەزیری سەنعەت، مەعدەن و تجارەت، قەدەغە بوونی هاوردە کردنی واگۆنی خاریجی بۆ سەنعەتی رەیلی گەیاندن و گواستنەوەیان راگەیاند و بڕیار درا کە لەمە بەدواوە واگۆنی مسافیربه‌ری، ئەویش لە جۆری دەستی دووهەم لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی ئێران نەکرێت و سفارەشەکان بدرێن بە واگۆن سازەکانی نێوخۆی وڵات، بەڵام سەرەڕای دەرچونی قەرارێکی لەم شێوەیە، سفارشەکان نادرێن بە شیرکەتەکانی نێوخۆ و کڕینی واگۆنی دەستی دوو لە دەرەوە هەروا درێژەی هه‌یه‌. بەشێوەیەک کە لە ٥ شیرکەتی واگۆن سازی و بەرهەمهێنەری سەنایعی ڕەیلی، تەنیا هێڵی بەرهەمهێنانی شیرکەتی “مپنا” چالاکە و باقی کارخانەکانی وەک “پارس و ئیریکۆ” لە سەروبه‌ندی داخراندان و لەم پێوەندەدا گەلێک شگرد و فێڵ بۆ دەرکردنی کرێکارانی ئەم دوو شیرکەتە دەستی پێکردووه‌. لە ڕاپۆرتەکەی ئیلنادا هاتوە:”شیرکەتێکی گەیاندن و گواستنەوەی رەیلی، لە شیرکەتەکانی سەربە “سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی”، بە پشتیوانی بەرپرسانی پێوەندیدار دەستیداوەتە ئیمزا کردنی تەفاهوم نامەیەکی کڕینی ٥٠٠ واگۆنی مسافیربه‌ری لە شیرکەتی “ئشتادلر”ی سوئێدی بە بڕی ٧٢٠ ملیارد یۆرۆ (واتە ٣ هەزار و ٢٠٠ ملیارد تمەن) و کڕینی ٢٥٠ دەزگا واگۆنی دەستی دوو لە شیرکەتی “تالکۆ”ی سپانیا بە بڕی ٢٥٠ ملیارد تمەن.” تا ئێرە قەزیەکە مەسەلەیەکی بەڕواڵەت سادەیە و رەنگە مودیرانی رێگای ئاسنی سەرتاسەری ئێران لە کەیفیەتی بەرهەمی نێوخۆیی دڵنیا نەبوون و ئەم شیرکەتەیان بۆ کڕینی واگۆنی باشتر لە دەرەوەی وڵات ناوەتە ژێر گوشار. بەڵام توێژینەوەکان دەریدەخەن کە مەسەلەکە بەم سادەییە نییە و باسەکە گەلێک پوڵشویی کەڵانیش دەگرێتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە:”دەڵاڵی ئەم معامەلەیە بڕێکی جێی سرنجی نەقدینەگی لە دەرەوەی وڵات هەبووە و بەهۆکاری نادیار، ئیمکانی کەڵک لێوەرگرتنی لە سیستمی رەسمی بانکیدا نەبووە. ئەو بە بیانوی هاوردە کردنی واگۆنی دەستی دوو؛ قەراردادی فاینانس (واتە هەزینەی دەڵاڵی بۆ هەڵبژاردنی پەیمانکار و بەستنی قەراردادی لە رێگای بەدەستهێنانی تەسهیلاتی خاریجی)، بە نرخی ١٢ لەسەد لەگەڵ ئەم دوو شیرکەتە خاریجیە ئیمزا دەکات. لە حاڵێکدا کە نرخی رایج لە فاینانس دا ٥ لەسەدە، بەرپرسانی ئەم شیرکەتە بە نرخی ١٢ لەسەد ئەم قەراردادەیان بەستووە، یانی ٧ لەسەد زیاتر دراوە بە دەڵاڵەکە، کە ئەم نرخە بەرابەرە له‌گه‌ڵ ٥٠ ملیارد تمەن. ئەم قەراردادە دەچێتە خانەی پۆڵ شوییەوە لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی سیستمی بانکی ئەنجام دراوە و دەڵاڵەکە، پارە لە ئێران بە ریاڵ وەردەگرێت و لە دەرەوەی وڵات یۆرۆ ئەدات.”بەڵام لە پەراوێزی ئەم دزیە گەورانەدا، گەلێک رشوە و مافی بێدەنگ بوونی جێی سه‌رنجیش ئەنجام دراون کە هێندێک لە نمونەکانی لە راپۆرتەکەی ئیلنادا هاتووە. قەرار وابووە کە ئەم شیرکەتە بۆ هەر قەتارێکی مسافیربەری پزیشکێک دابین بکات. قەراری دابین کردنی پزیشک بە بڕی ٦ ملیارد تمەن بەبێ مناقسە و یه‌ك میلیارد و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن گرانتر به‌ نیسبەت شیرکەتەکانی هاوشێوە، راده‌ستی برازای یەکێک لە کاربەدەستانی پلە بەرزی یەکێک لە وەزارەتخانەکان كراوه‌. لە پەراوێزی قەراردادەکەدا، شیرکەتی پێوەندیدار بڕێکی زۆر پارەی وەک چاو و دڵ رۆشنی، سەرفی گۆڕینی دیکۆڕی دەفتەری کاری مودیریه‌تی رێگای ئاسنی دەوڵەتی کردووە. ئەویش رەقەمێکی نزیک بە ٤٠٠ ملیۆن تمەن هەزینەی هەڵگرتووە. ئیلنا له‌سه‌رزاری سەرچاوەیەکی دەوڵەتیەوە کە ئەم زانیاریانەی بڵاو كردۆته‌وه‌، دەنووسێ: “کوا ئەمە ڕاستە کە مودیری رێگای ئاسن بۆ رازاندنەوەی ژوورەکەی ٤٠٠ ملیۆن تمەن هەزینە بکات؟ لەکوێی ئێران و دنیا پێتان شک دێت کە جەلەساتی شورای معاونین لە وەرزشگا و لە ئێستەخردا بەڕێوەبچێت؟”ئەوەی کە چ ئەنگیزەیەک لە پشت ئاشکرا کردنی زانیاری لەم شێوەیەدایە، جارێ جێگای باسێکی زۆر نییە. سەرمایەداران و تاڵانچیانی دەستڕەنج و سەروەتی خەڵک لە جۆری دەوڵەتی و نا دەوڵەتیەکەی، لە ئێران و لە هەموو شوێنێکی دنیا، لە عەینی تەماعکاری و قازانجپەرستیەکی بێ ئەوپەڕیاندا، لەگەڵ یەکتر لە رقابەتێکی بەردەوامیشدا دەرگیرن، ئه‌وان لە کەمینی یەکتردان، لە یەکتری دەترسن و پاشقول له‌یه‌كتر ئه‌گرن. لەم رقابەتانەدا کاتێک بەرژەوەندیان دەکەوێتە بەرانبەر یەک، رەحم و مروەتیش لەکاردا نییە. ئەوان تا وەرشکستە کردن و تەنانەت لادانی فیزیکی یەکتریش، دەچنە پێش. لە ئیمکانات و هێز و نفوزی خۆیان لە دەزگا دەوڵەتیەکاندا بۆ خستنه‌ زیندان و تەنانەت ئێعدام کرانی رەقیبەکانیشیان کەڵک وەردەگرن. لە لابەلای ئەم دەستەویەخە بوونانەدایە کە پەتەی یەکتری دەخەنە سەرئاو و خەڵکیش لێی حاڵی دەبێت کە چی روویداوە. راپۆرتە ئیفشاگەرانەکەی ئیلناش هەر لەم پێوەندەدا شیاوی لێکدانەوەیە.