تراژدیای مه‌رگی په‌ناخوازان به‌ره‌و ئوروپا

636
به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری فه‌رانسه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٠ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، به‌ هۆی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مێك له‌ ده‌ریای “ئێژه‌”، ١٤ په‌ناخوازی دیكه‌ له‌وانه‌ حه‌وت منداڵ غه‌رق بوون.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ئه‌م كۆچبه‌رانه‌ كه‌ به‌نیاز بوون له‌ كه‌ناره‌كانی توركیه‌ له‌ ده‌ریای ئێژه‌ به‌ره‌و یونان بڕۆن، كه‌مێك پاش ده‌ستپێكی سه‌فه‌ر، به‌له‌مه‌كه‌یان غه‌رق بوو. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌، زیاتر له‌ چل په‌ناخواز له‌ یه‌كێك له‌ ئوردوگاكانی په‌ناخوازان له‌ غه‌ربی “پراگ” پێته‌ختی جمهوری چك، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ دیپۆرت كردنه‌وه‌یان له‌ لایه‌ن ئه‌م وڵاته‌، مانیان له‌ خواردن گرتووه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئاڵمانیش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رله‌نوێ به‌ قه‌راردادی دۆبڵین پێبه‌ندن و سه‌باره‌ت به‌ په‌ناخوازان به‌كرده‌وه‌ی ده‌ردێنن. به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ په‌ناخوازان بۆ یه‌كه‌م وڵاتی ئوروپایی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌ هه‌واڵێكی دیكه‌دا رۆژی چوارشه‌ممه وڵاتی ئێسلۆڤێنی‌ له‌ سنووری خۆی له‌گه‌ڵ كورواسی سیمی خارداری كێشاوه‌. ئه‌م كرده‌وه‌ی ئێسلۆڤێنی دوابه‌دوای راگه‌یاندنی رۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌م وڵاته‌ سه‌باره‌ت به‌ “پێكهێنانی به‌ربه‌ستی فه‌ننی” بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی باشتری په‌ناخوازا رووده‌دات.