ته‌قاندنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین مه‌عبه‌دی كۆنی خاوه‌رمیانه‌ له‌ لایه‌ن داعش

328
رۆژی دووشه‌ممه‌ ٩ی مانگی خه‌رمانان، گروپی ئیسلامگه‌رایی “داعش” له‌ درێژه‌ی وێران كردنی ئاسه‌واره‌ مێژووییه‌كان، په‌ره‌ستگای “بێل” گه‌وره‌ترین مه‌عبه‌دی باستانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی شاری مێژوویی پالمیرا له‌ سوریه‌ی ته‌قانده‌وه‌. به‌ وته‌ی چاودێری مافی مرۆڤ، ئه‌ندامانی داعش به‌ به‌كارهێنانی مه‌وادی ته‌قینه‌وه‌، ئه‌م مه‌عبه‌ده‌یان ته‌قاندۆته‌وه‌‌. هه‌ر له‌مباره‌وه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: لێكۆڵینه‌وه‌كان باس له‌‌ وێران كردنی به‌ته‌واوه‌تی په‌ره‌ستگای بێل له‌ نزیك شاری مێژوویی پالمیرا ده‌كه‌ن‌. ئه‌مه‌ دووه‌مین په‌ره‌ستگای مێژوویی له‌ سوریه‌یه‌‌ كه‌ گروپی داعش له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا وێرانی كردووه‌. په‌ره‌ستگای بێل به‌ گه‌وره‌ترین په‌ره‌ستگای كۆنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ئه‌ژمار دێت كه‌ مێژووی دروستكردنی‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زایینی.