ته‌قینه‌وه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان له‌ سوورییه‌

404w
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ هۆی روودانی چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانی سوورییه‌ ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا و بریندار بوون.
ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ له‌ شاری ساحلی ته‌رتوس، ده‌وروبه‌ری ده‌مێشق، حۆمس، حه‌سه‌كه‌ و قامیشلوو روویانداوه‌. روودانی دوو ته‌قینه‌وه‌ی تێرۆریستی له‌ ورودی شاری ته‌رتوس له‌ رۆژئاوای سوورییه‌ ٣٠ كوژراو و ده‌یان برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. به‌ دوای ته‌قینه‌وه‌ی ماشێنێكی بۆمبڕێژكراو له‌ شاری حۆمس له‌ رۆژئاوای سوورییه‌، ٢ كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا و ٧ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. به‌ پێی ڕاپۆرتی كاناڵی ته‌له‌ویزیۆنی ئه‌لمیادین، ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی باب ته‌دمور روویداوه‌. له‌ هێرشێكی دیكه‌دا، ته‌قینه‌وه‌ی ماشێنێكی بۆمبڕێژكراو له‌ ڕێگای پێوه‌ندیی ناوچه‌ی سه‌بووره‌ و بجاع له‌ ده‌ورووبه‌ری ده‌مێشق، پێته‌ختی سورییه‌ش ٣ كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون. هاوكات ته‌له‌ویزیۆنی ره‌سمیی سوورییه‌ باسی له‌ روودانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی خۆكووژی له‌ ڕێگه‌ی مۆتۆڕێك له‌ مه‌یدانی “مرشۆ” له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ كرد. له‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌دا لانیكه‌م ٨ كه‌سی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌. چه‌ند ده‌قه‌ دواتری، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی كوردنشنی قامیشلوو هاته‌ ئاراوه‌. ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی قامیشلوو تا ئێستا ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌. شایانی باسه‌ تاقمی ئیسلامی داعش به‌رپرسایه‌تی ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌.