توند بوونەوەی سانسۆڕ لە دەوڵەتی رۆحانیدا

رۆژی پێنجشەممە 9 ی مانگی ڕێبەندان عەلی موتەھەری نوێنەری مەجلیسی ڕژیم لە کۆنگرەی ” حیزبی مەردوم سالاری”، لە سوخەنڕانیەکدا ئیعرافی کرد کە ئازادی بەیان و ڕاگەیاندن لە دەوڵەتی ڕۆحانیدا کەمترە لەپێشوو ئه‌و وتی” لە ئێراندا ھیچ ڕەخنەگەر و نەیارێک تەحەمول ناکرێت و ژمارەیەک ته‌نیا لەبەر ڕەخنە گرتن دەگیرێن و زیندانی دەکرێن.” ھەڵبەت لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا سەرکوتی ئازادی بەیان مەتبوعات و باقی ئازادیە فەردی و کۆمەڵایەتیەکان ھەمیشە ھەبووه‌. بەڵام لە ئێستادا کار گەیشتۆتە جێگایەک کە تەنانەت ئەم نوێنەرە ئوسول گەرا کۆنەپەرستەش باس لە بابەتی خۆسانسۆڕ لە مەتبوعات و ڕاگەیەنەرەکاندا دەکات و دەڵێ خۆسانسۆڕی لە ڕاگەنەرەکاندا زیادی کردوە و مەتبوعات زیاتر لە ڕابردوو لەداخران و لێ سەندنەوەی ئیمتیاز دەترسن.351

 لە پێوەند لەگەڵ سانسۆڕ و سەرکوتی مەتبوعات و ئازادی بەیاندا، رۆژی 4ی مانگی ڕیێبەندانیش ڕاگەیاندنێک بە ئیمزای 167 کەس لە رۆژنامە نووسانی ئێرانی بڵاو کرایەوە کە تێیدا سەبارەت بە داخرانی زنجیرەیی مەتبوعات و بەتایبەت بە رۆژنامەی ” مەردومی ئیمروز” و ” روزان” لە مانگی ڕابردودا ناڕەزایەتی نیشان دراوە. رۆژنامە نووسەکان داخرانی رۆژنامەکانیان بە نایاسایی زانیوە و نیگەرانیان دەربڕیوە و وتویانە کە ھێرش بۆسەر مەتبوعات لە لایەن ڕژیمەوە درێژەی دەبێت. لەم بەیانیەدا ھەروەھا ھاتوە کە ئەم شێوە بەرخوردەی ڕژیم بە مەتبوعات، ئەمنیەتی شوغڵی و سەربەخۆیی حیرفەیی رۆژنامە نووسانی خستۆتە مەترسیەوە و مافی زانیاری گەیاندن و گەردشی ئازادی زانیاری و ھەواڵی لە خەڵک و کۆمەڵگە زەوت کردوە. رۆژنامە نووسان ڕاگرتن و داخستنی رۆژنامەکانیان لە لایەن ڕژیمەوە مەحکوم کردوە و داواکاریەکانی خۆیان لە کۆتایی ئەم بەیانیەدا بەم شێوەیە ڕاگەیاندوە: ” ئێمە رۆژنامە نووسان ڕاگرتنی ڕاگەیەنەرەکان مەحکوم دەکەین و داواکاری کەش و ھەوایەکین کە ڕاگەیەنرەکان تێیدا بە دڵنیاییەوە خەریکی کاری خۆیان بن و گه‌شه‌و دڵخۆشی بگەڕێتەوە بۆ تەحریریەی مەتبوعات تا ڕاگەیەنەرەکانی وڵات بتوانن کارکردە حیرفەییەکانیان لە گواستنەوەی ھەواڵ و زانیاری و ئەفکار بۆ کۆمەڵگەدا بێننەدی.”

رۆژنامەی “مەردومی ئیمروز” رۆژی 27 ی مانگی بەفرانبار بە دەستوری شوعبەی 2 ی دادسەرای فەرھەنگ و ڕەسانە ڕاگیرا و ئیمتیازەکەی لێ سەندرایەوە. بەڕواڵەت دەلیلی ڕاگیرانی ئەم رۆژنامەیە بڵاو بوونەوەی وێنەی یەکێک لە ئەکتەرە ئامریکاییەکان بووە لە سەفحەی یەکەمیدا کە کاغەزێکی بەدەستەوە بووە و لەسەری ئاماژە بە جینایەتی ” شارلی ئیبدۆ” لە پاریس، نووسرابوو ” من شارلیم”. ھەڵبەت بەر لە ڕاگیرانی ئەم رۆژنامەیە، رۆژی 2 ی مانگی بەفرانباریش، رۆژنامەی روزان بە دەستوری دادستانیی تاران ڕاگیرابوو. وە ھەواڵنێرانی سیاسی ئەم رۆژنامەیەش 3 ی مانگ دەستبەسەر و زیندانی کران. تەنیا تاوانی رۆژنامەی “روزان” یش چاپ کردنی وێنەی مونتەزری نووسینی سه‌ردێڕی ” فەقیەیەکی جیاواز” لە سەفحەی یەکەمیدا بوو.
کاربەدەستانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی کە ئەساس و پایەکانی تەبلیغاتیان لەسەر فریو و خەڵەتاندن و سەرکوت و ئەفکاری گەنیوی سەدەکانی ڕابردوو بنیات ناوە، ھەموو جۆرە رۆشنگەریەکی ڕاستەقینە و کردەیی لە دژایەتی لەگەڵ ئەم بنەما فکریانە و بیرو باوەڕی خۆیاندا دەبینن. ئەوان کە دەزانن لە بەرانبەر گەشەی ئاگاھی سیاسی و چینایەتی جەماوەری خەڵکدا مەنتق و ئیستدلالەکانیان بێ ئەسەرە، ئامرازێکیان بێجگە لە سەرکوت بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتە زاڵمانە و نا مروڤانە و چەوسێنەرەکەیان لە ئیختیاردا نییە. بارودۆخی بەتوندی وێرانی ئابووری و داماویی ڕژیم لە ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ خەڵک و دابین کردنی بەڕێچونیان، گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ھەژاری و برسیەتی، ئیعتیاد و فەحشا، بێ سەرپەنایی و کاتۆنخەوی و ھیتر کە لە ئاکامی حاکمیەتی ئیسلامی سەرمایەداریدا داوینگیری خەڵک بووە، ڕژیمی بەتوندی لە ئاخێزی جەماوەری نیگەران کردوە. بێ ھۆ نییە کە کۆماری ئیسلامی ھەوڵ ئەدات ھەواڵ و زانیاری جەعلی و نا ڕاست بە خەڵک بدات و لە بڵاو بوونەوەی ھەموو ھەواڵ، بابەت، تەحلیل و تەنانەت وێنەیەک کە دەرخەری ماھیەتی ڕاستەقینە، درۆزنی و خورافە پەراکەنی ڕژیم بێت و ھەواڵ و زانیاری ڕاست بداتە خەڵک ئەترسێت. رۆژنامە و گۆڤار و سایت و وێبلاگەکان دادەخات رۆژنامە نووسان و وێبلاگ نووسان و روناکبیران و ھەنەرمەندان و جیاواز بیران بە بیانوی بێبنەما دەخاتە زیندان و بەم جۆرە ئێرانی کردۆتە یەکێک لە 5 زیندانی گەورەی دنیا بۆ رۆژنامە نووسان و نووسەران.

بۆ بردنەپێشی ئەم سیاسەتانە وێڕای پەرەپێدان و زیاد کردنی بودجە و ئیمکاناتی دەزگا جۆراو جۆرەکانی سەرکوت، مەجلیسی کۆنەپەرستیش بەش بەحاڵی خۆی بەردەوام بە پەسند کردنی قانون و پێشکەش کردنی لایەحە لە دژی ئازادی بەیان و لەدژی ڕاگەیاندن و رۆژنامە نووسان لە ھەوڵدایە تا بەر بە رۆشنگەری لە کۆمەڵگادا بگرێت. ئاخرین حاڵەتیان تەرحێکی دوو فەوریەتیە کە لە لایەن حەمید ڕەسایی یەکێک لە مەجلیس نشینانی کۆنەپەرستەوە بۆ مەمنوع قەڵەم کردن و مەمنوع فەعالیەت بوونی ئەو رۆژنامە نووسانەی کە لە ڕاگەیەنەرەکاندا سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی ڕژیم دەکەن، لە حاڵی ئامادە کردن دایە.

پێشینەی دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نووسەران و مەتبوعاتدا بە درێژایی تەمەنی ئەم ڕژیمەیە. ھەرلەو رۆژەوە کە خومەینی ھاواری کرد و وتی” قەڵەمەکان بشکێنن” تا ئەو کاتەی کە لە سایەی دەوڵەتەکانی سازەندەگی و ئیسلاحاتی ڕەفسەنجانی و خاتەمی بە کوشتاری نووسەران و قەتڵە زنجیرەییەکان کە یەکێک لە پەڵەکانی شەرمەزاریە بە نێوچاوانی سەرانی دژی قەڵەمی ڕژیمه‌ هه‌ر بوه‌. له‌ كوشتنی نووسەرانێکی ھەڵکەوتەی وەک سەعید سیرجانی، محەممەد موختاری، محەممەد جەعفەر پویەندە، ئەحمەد میر عەلایی تا کوشتنی موحسین ئەمیر ئەسلانی و سەتار بەھیشتی و سوھەیل عەرەبی کاربەری فەیس بوک کە بە تاوانی لایەنگری لە ئازادی بەیان بە زیندان و ئەشکەنجە و جەریمە و ئێعدام مەحکەووم کراوه‌. ئەمانە بەشێک بوو لە کارنامەی پڕ لە جینایەتی ئەم ڕژیمە دژی ئازادیەیە.

سانسۆڕ لە مەیدانی کاری فەرھەنگیدا بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیستمە دیکتاتۆڕیەکان له‌ كابینه‌ی ئه‌منییه‌تی حەسەن رۆحانیشدا هه‌روه‌ها. نووسەران و رۆژنامە نووسان و روناکبیران سەرەڕای جینایەتەکانی ڕژیم و سەرەڕای قەتڵ و کوشتار و ئەشکەنجە و ھەڕەشە و زیندان، چاوترسێن و تەسلیمی فەزای ئیختیناق و سانسۆڕ نەبوون و بەقەولی یەکێکیان ” تیغی سانسۆڕی ڕژیم کول بووە و سانسۆڕ چارەساز نییە؛ چون لەمرۆدا کاتێک کتێبێک سانسۆڕ دەکرێت، یان بە شێوەی ژێرزەمینی و یان لە فەزای مەجازیدا و بەشیوەی کتێبی ئەلەکترۆنی بڵاو دەبێتەوە.”

ئازادی بەیان و چاپ و بڵاو کردنەوە لە کۆمەڵگەدا دەبێ بەبێ شەرت و مەرج بەڕیوە بچێت و ھیچ دەوڵەت یان ھێزێکی تر مافی ئەوەی نییە لە بەرانبەر ئازادی خەڵکدا کۆسپ دروست بکات. ھاتنەدی ئەم جۆرە لە ئازادی بە ته‌نیایی و بەبێ دەستەبەر بوونی باقی ئازادییە سیاسی و دیموکراتیکەکان لە کۆمەڵگەدا مومکین نییە. خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ھەموو مافێکی دیموکراتیک و ئازادیە سیاسیەکان لە بارودۆخی ئێستادا گرێدراوە بە پەرەدان بە خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئەو خەباتەی کە سەرکەوتنەکەی لە گرەوی حوزوری ڕێكخراو و سازماندراوی بزووتنەوەی کرێکاری لە گۆڕپانی سیاسیدایە.