توند بوونەوەی سیاسەتی سانسۆڕ لەسەر مەتبوعات

هەروەک پێش بینی دەکرا بەشوێن شکستی سوکایەتی ئامێزی رژیمدا، مەسەلەی پێشێل کرانی بە ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە لایەن تەرەفی بەرانبەرەوە فەرامۆش کرا تا وەک ئیمتیازێک بدرێت بە کۆماری ئیسلامی. هەڵبەت ئەم “فەرامۆشیە” دیاردەیەکی نوێ نییە و درێژەی هەمان روانگەی زلهێزە سەرمایەداریەکانە بۆ مافەکانی مرۆڤ. روانگەیەک کە مافی ئینسانەکان دەکاتە بەشێک لە بەرژەوەندی سەرمایە.بێدەنگی سەنگینی راگەیاندن لە وڵاتانی پێشکەوتوی رۆژئاواییدا لە بەرانبەر پێشێل کرانی مافی ئینسانەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک عەرەبستان و وڵاتانی خاوەن نەوتی تر، لەڕاستیدا موزدی هاوکارییە ناوچەییەکان و دابین کردنی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی پشتیوانیە ماڵیەکانە لە سیاسەتە ئیمپڕیالیستیەکان. بەبێ هۆ نییە ئەگەر لە ئێرانیش تەوافوقی هەستەیی دەستی حاکمان لە پێشێل کردنی هەرچی زیاتری مافە فەردی و کۆمەڵایەتیەکاندا کراوەتر دەکات.500چاوەڕوانی ئەوەی کە زلهێزە سەرمایەداریەکان دوای تەوافوق، ئاوڕ لە مەسەلەی پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێڕان بدەنەوە، تەنیا گومانێکە و هیچی لێ بەدەست نایەت. مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئاستی جۆراوجۆر و شکڵی جیاوازدا دەبێ پێشێل بکرێت تا بەرژەوەندی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان شان بە شانی بەرژەوەندی سەرمایە لە ناوچەکەدا دابین بێت. بۆ ئەوان لەبەرچاو نەگرتنی مافە سەرەتاییەکانی ئینسان لەم وڵاتانە لە خزمەت خۆش کردنی رێگای معامەلاتی گەورەی تیجاری و بازرگانی، سەرمایەگوزاری و بە تاڵان بردنی سەروەت و چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی وڵاتانی وەک ئێراندایە. ئەوان گوێ نادەنە کارەساتێک کە لە ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە پێوەند لەگەڵ مافی ئینسانەکاندا روو ئەدات. خەڵک دەبێ بێدەنگ و سەر نەوی و کەم تەوەقوع بن تا سەرمایە، کارەکەی گوڵ بکات.هەر لەم پێوەندەدا، له‌م دواییانەدا دەوڵەتی رۆحانی هەنگاوێکی تری هه‌ڵگرتووه‌ و بۆ دروست کردنی پوششێکی تەبلیغاتی و رەسانەیی پێکهاتنی خۆی لەگەڵ ١+٥، هەوڵێکی حیساب بۆکراوی ده‌ستپێكردووه‌. رۆژی چوارشەممە ٣١ ی مانگی پوشپەڕ، جێگری کاروباری مەتبوعاتی و زانیاری گەیاندنی وەزاڕەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی نامەیەکی بە مۆری ” زۆر نهێنی”یەوە ناردوە بۆ ڕاگەیەنەرە نێوخۆییەکان کە نیشانی ئەدات کۆماری ئیسلامی خەفەقانی تا ئێستای بەسەر گۆڤار و رۆژنامەکاندا بە کافی نەزانیوە و بۆ قایم تر کردنی بەندەکانی سانسۆر بەخشانەیەکی نوێشی بە پێویست زانیوە.ئەو خاڵانەی کە لەم دەستور عەمەلەدا هاتووه‌، نیشانه‌ی ئەوپەڕی رێسوایی و فریوکاری ئەم رژیمەیە لە سیاسەتە هەستەییەکانیدا. ئەوەیکە رۆژێک رژیمی ئیسلامی” مافی سەلمێندراوی خەڵکی ئێرانی بزانیبایە”، ئەمرۆ بە ئاشکرایی و بەبێ پەردە ئیجازە نادات خەڵکی ئێران بزانن کە داستانی “ئەم مافە سەلمێندراوە” لە وردەکاریدا گه‌یشتۆته‌ کوێ. لەم نامەیەدا هاتوە کە دەبێ راگەیەنەرەکان خۆیان لە ئامادە کردنی ئەو ڕاپۆرتانەی کە “دەرخەری دوفاقین لە ئاستی مقاماتی باڵای نیزامدا لە پێوەند لەگەڵ دەستکەوتەکانی وتووێژی هەستی”، بپارێزن و هەواڵێک کە لەم بوارەدا بڵاوی دەکەنەوە، دەبێ لە ڕاستای سیاسەتەکانی ڕژیمدا بێت. هەروەها لەم بەخشنامەدا هاتوە کە ئەرکی ڕاگەیەنەرەکانە بەربە بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵ و لێکدانەوانەی بە قەولی ئەوان “دەبنە هۆی دوو جەمسەری لە کۆمەڵگادا”، یان “کێشە دروست کردن لەنێوان کاربەدەستانی ڕژیمدا و دژایەتی لە نێوان دیدگاکانی خەڵک و ئاڕاستەی دەوڵەتدا” دەردەخات، بگرن. وەزاڕەتی ئیڕشاد جەختی کردۆتەوە کە راگەیەنەرە ئێرانیەکان ناتوانن قسەی لایەنەکانی وتووێژکار بەبێ “وڵامی گونجاو لە لایەنی ئێرانیەوە”بڵاو بکەنەوە.لە بەشێکی تری ئەم بەخسنامەیەدا هاتوە، دەبێ ڕاگەیەنەرەکان بە “ئیحتڕام و تاریفەوە باسی وتووێژکارانی ئێرانی” بکەن و ڕاپۆرتەکانیان بەشێوەیەک ئامادە بکەن کە نیشانه‌ی “بێ وێنە بوونی” ئەم وتووێژانە لە “مێژوی سیاسی ئەم دەیانەی دواییدا” بێت و دەبێ “وتووێژکاران بە کەسانی بوێر، ئاوێتە بە ئەدەب و حیرفەیی بناسێندرێن” هەروەها تەئکید کراوەتەوە، ئەگەر بێت و ڕاگەیەنەرەکان سەرپێچی لە دەستوراتی نێو ئەم ناومەیە بکەن، دادگا دەتوانێ ڕاگەیەنەری سەرپێچیکار بە شێوەی کاتی تا ٢ مانگ ڕابگرێت و بەدەر لە نۆبەش بەدواداچون بۆ پەروەندەکەی بکات.سانسۆری مەتبوعات لە ئێران داستانێکی دوور و درێژی هەیە و بەردەوام بەشێکی جیانەکراوەی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە و تا ئەم ڕژیمە لەسەر کار بێت هەروا وەک سیاسەتێکی جیدی ئەو دەمێنێتەوە. ئەم ڕژیمە لە شکاندنی قەڵەمەکان، داخستنی رۆژنامەکان و گرتن و ئەزیەت و ئازاردانی هەواڵنێران و نووسەراندا دەستی باڵای هەیە. داستانی قەتڵە زنجیرەییەکان و تیرۆر کردنی نووسەرانی وەک موختاری و پویەندە و باقی کەسانیتر لەبیر کەس نەچونەتەوە.بەڵام نامەی ئەم دواییەی وەزاڕەتی ئیڕشادی ڕژیم سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە لایەکەوە مۆری ناکۆکی نێوان کانونەکانی دەسەڵاتی سەبارەت بە بەرنامەی هەستەیی و تەوافوقاتی بەدەست هاتووی پێوەیە و لە لایەکی ترەوە، نیگەرانی جیدی دەزگای رێبەریی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی نێوان خۆیان و خەڵکی ئێران دوای تەوافوقی هەستەیی نیشان ئەدات. ڕژیمی ئیسلامی هەر بەو جۆرەی کە لە نامەکەی وەزارەتی ئیڕشاد دا دیارە، لە هەوڵدایە بە توند کردنەوەی سیاسەتی سانسۆڕ و خەفەقان بەسەر ڕاگەیەنەرەکاندا، شکستی خۆی لە قاڵبی “سەرکەوتندا” دەرخواردی خەڵک بدات. ئەوان لە چاوەڕوانی ڕەوتی بڵێسە سەندنی ئاگری توڕەیی خەڵکدان و وەحشەتیان لەم ڕەوتە لە خاڵ بە خاڵی ئەم بەخشنامەیەدا ئاشکرایە. ئەوان بە خەیاڵی خۆیان لەم ڕێگایەوە دەیانەوێ خەڵک ئاگاداری لاوازیەکانیان نەبێت و لە فەزای پڕ لە ترسدا لە بەرانبەر پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانیاندا، لە بەرانبەر بارودۆخی دژواری بەڕێچونیاندا، لە بەرانبەر بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوەگرتوو لە حاکمیەتی ئەم ڕژییمەوە مل کەچ بکەن و بێدەنگ بن. بەڵام راستی گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەڵک ناکرێ بە هەوڵە بێ ئاکامەکانی وەزارەتی ئیڕشاد بشارێته‌وه‌.لە راستیدا رووی قسه‌ی وەزاڕەتی ئیڕشاد، لە خەڵکی ئێرانە. ئەم نامەیەی بەناو “زۆر مەحرەمانە” ئەگەری زۆری هەیە ئاگاهانە ئاشکرا دەکرێت و تا هەموو حێساب و کیتابی خۆیان بزانن. کۆماری ئیسلامی ئیتر پاساودانی سیاسەتەکانی بە پێویست نازانێ و بە ئاشکرایی باس لە سانسۆر و شکاندنی قەڵەمەکان و داخستنی زار و بەستنی زمانەکان دەکات. ئەم راستیە بەر لە هەموو شتێک نەک نیشانەی بەهێزی، بەڵکو لە ڕاستیدا نیشانەی لاوازی و نیگەرانی ڕژیمێکە کە پایە ئیدئۆلۆژیکیە سەرکوتگەرانەکەی لاواز بووە، نیگەرانیە لە بەرز بوونەوەی ئەو چاوەڕوانیانەی کە تا ئێستا بە بیانوی کێشە لەگەڵ ئامریکا و رۆژئاوادا، سەرکوت دەکران.گومانی تێدا نییە کە مەوقعیەتی نوێی رژیم، بارودۆخێکی لەبارتری بۆ گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکاریەکانیان فەراهم کردووە. نابێ دەرفەت بە رژیم بدرێت کە بە دەرکردنی ئەمجۆرە بەخشنامانە، دەرفەت بۆ خۆی بەدەست بێنێ.