تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، کێشەی کۆماری ئیسلامی

رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی مانگی خەزەڵوەر “کارگروپی دیاری کردنی مەسادیقی ناوەرۆکی موجریمانەی ئینتێرنێتی رژیم” داوای لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ” تلگرام” کرد تا پەیڕەوی لە یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامی بکات دەنا فیلتێر دەکرێت. مانگێک لەوە پێش پاول دروف دامەزرێنەری تلگرام ڕایگەیاندبوو کە “وەزارەتی ئیرتباتات و فەنئاوەری زانیاری کۆماری ئیسلامی داوای لە تلگرام کردبوو تا سیخوڕی کردن لە شارۆمەندانی ئێرانی بە کەڵک وەرگرتن لەم پەیام گەیەنەیان بۆ ئیمکانپەزیر بکات.”بەشوێن ئەمەدا لە ئێران تلگڕام بە بیانوی “لەبەر دەست نەبوونی کاناڵ و ناوەرۆکی پۆرن” فیلتێر کرا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسی شەبەکەی تلگڕام ڕایگەیاندبوو کە ئێمە پێشتر بەرمان بە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە کاناڵ و ناوەرۆکی ” پۆرن” گرتبوو. بەڵام بۆ بەرگرتن لە ئابڕوچوونی زیاتر، رژیم فیلتێر شکێنی شەبەکەی تلگرامی هەڵگرت و وەزیری ئیڕتباتاتی ڕژیم لە پاساوی ئەم کردارەدا ڕایگەیاند تلگڕام فیلتێر نەکراوە و هۆکارەکەی گێڕایەوە بۆ هێواشی کاناڵەکانی پێوەندی لە دەرەوەی ئێران. ئەو هەروەها وتی کە “ئێمە ئیمێلێکمان لەسەر بنەمای داواکاری جاسوسی کردن لەخەڵک نەناردوە و ئەو ئیمێلەی بە تلگڕام گەیشتوە ساختەگی و ناڕاستە.”تلگرام شەبەکەیەکی پەیام گەیەنی بەخۆڕاییە کە بۆ مکالمات و پێوەندی لە تەلەفونی موبایلدا دادەنرێت. ژمارەی کاربەرانی ئەم بەرنامەیە بەهۆی خێرایی زۆری لە باقی بەرنامەکانی هاوشێوەی زیاترە و تەنیا لە ئێران نزیکەی بیست ملیۆن کاربەری هەیە. بەم هۆیەوە کۆماری ئیسلامی کە نەیتوانی رەزامەندی بەرپرسانی ئەم شەبەکەیە بۆ جاسوسی و هاوکاری بەدەست بێنێ، بۆ دروست کردنی کێشە و گرفت تێیدا لە لایەکەوە دەستیدایە سانسۆڕ و لە لایەکی دیکەشەوە سەرکوت و کرداری ئەمنیەتی لەدژی چالاکانی ئەم بوارە. رۆژی یەکشەممە ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر هێزی ئینتیزامی ڕژیم ڕایگەیاند کە ١٠٠ هەکەری شەبەکەی تلگرام و ٢٠ مودیری ئەم “کاناڵە غەیرە ئەخلاقیانەی” گرتووە. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی پێشتریش شەبەکەکانی تری وەک تویتێر و وایبر و فەیسبوکی داوەتە بەر تیغی سانۆڕ.587
سانسۆر و داخستنی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان لە ئێستادا بۆتە هۆی ناکۆکی لەنێو باڵەکانی رژیمیشدا. ئیمامانی جومعە، باڵە ئوسولگەراکان و ناوەندەکانی سەر بەوان وەک قوەی قەزاییە تا ئێستا چەندین جار داواکاری داخستنی ئەو شەبەکانە بووە کە دەبنە هۆی رۆشنگەری و ئیفشا و ئاشکرا بوونی ماهیەتی جەنایەتکارانە و سیاسەتەکانی رژیم. خامنەیی تا ئێستا چەندین جار نیگەرانی خۆی لە کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینترنێتی و ماهوارەیی بەسەر خەڵکەوە دەربڕیوە و لەسەر پێویستی چاودێری کردن بەسەریانەوە جەختی کردوەتەوە. ئەو چوار ساڵ لەوەپێش دەستوری پێکهێنانی “شوڕای باڵای فەزای مەجازی” دەرکرد. غوڵامعەلی حەدادی عادل لە باڵی ئوسولگەرا و سەرۆکی “کوموسیۆنی فەرهەنگی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی” وتی “بۆ پاراستنی ئارامی فەرهەنگی لە کۆمەڵگادا نابێ ماهوارە و ئینتێرنێت ئازاد بکرێن و فەیسبوک و تویتێر هیچ چاودێریەکیان بەسەرەوە نەبێت. موحسێنی ئیژەیش ماوەیەک لەوەپێش لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ئیرتباتات و فەنئاوەری ئیتلاعات مانگێک مۆڵەتی دیاری کردبوو تا بە قەولی خۆی “زەمینە و بەستێنی فەننی جێی پێداویستی بەستن و کۆنترۆڵ کردنی زانیاری کاریگەری تۆڕەکانی ئیڕتیباتاتی مەجازی وەک وایبر، واتس ئاب و تانگۆ فەراهەم بکات. بەڵام مەحەممەد واعزی وەزیری ئیڕتباتات و فەنئاوەری رژیم کە پێشتر لەم بوارەدا هەوڵی خۆی دابوو وە لە نامەیەکدا بۆ شیرکەتی تلگرام داوای دروست کردنی مەحدودیەتی دەستڕاگەیشتنی کاربەرانی ئێرانی بوو کە داواکاریەکەی بێ ئاکام مابۆوە، وێڕای بە تەخەسوسی زانینی مەسەلەکە، ئیعتیڕافی بە شکستەکانی رژیم لەم بوارەدا کرد و راگەیاند کە “داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک وایبر و تانگۆ بێ هودەیە و ناکرێ بە ئاکامی باش بگات. ئەم شەبەکانە کاربەری ملیۆنیان هەیە. ئەوان بە نەسب کردنی فیلتێر شکێن یان کەڵک وەرگرتن لە تۆڕەکانی تر، درێژە بەکاری خۆیان ئەدەن. دەنا هیچ کەس لە وڵاتدا نەیاری فیلتێر بوونی ئەوەی کە دژی دین و ئەمنیەتی وڵاتە نییە.” سروشتیە کە کۆماری ئیسلامیش وەک حکومەتە دیکتاتۆڕیەکان لەگەڵ هەموو ئازادیەکی به‌یان و ئازادی راگەیاندندا دوژمنایەتی هەبێت. ئەم رژیمە لە ماوەی حاکمیەتیدا لە سانسۆر و تیرۆر و لادانی فیزیکی نووسەران، رووناکبیران، رۆژنامە نووسان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان وەک یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی درێژەی حاکمیەتی کەڵکی وەرگرتوە. بێ هۆ نییە کە کۆماری ئیسلامی، وەک یەکێک لە پێنج زیندانی گەورەی دنیا بۆ هەواڵنێران و رۆژنامە نووسان ناسراوە. بەڵام ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی سەرمایەی لەم پێوەندەدا نیگەران تر کردوە، سستی و بێ پایە بوونی بونیادە فکری و نەزەریەکانی دەوڵەتی دینیە کە لەسەر بنەمای خورافە و کۆنەپەره‌ستی بونیاد نراوە. ٣٦ ساڵ حاکمیەتی رژیمی سەدەکانی ناوەڕاست نیشانی داوە کە ئاوا رژیمێک ناتوانێ بەربە گەشە و تەکامولی کۆمەڵگە و پەرەگرتنی ئیدە و ئەفکاری پێشڕەو و موتەرەقی بگرێت و لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و زۆربەی کۆمەڵگە لەگەڵ کێشە و گرفتی بەڕێچوندا دەستەویەخەن و بێکاری و هەژاری و ئیعتیاد و فەحشا لە ئێرانی ئیسلامیدا لەوپەڕی خۆیدایە، رژیم بۆ بەرەو پێش بردنی سیاسەتی فریو و خەڵەتاندنی دەیان ناوەند و سازمان و ئۆرگانی سەرکوت و سانسۆڕی وەک “شوڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی”، “شوڕای باڵای فەزای مەجازی”، “کومیتەی فیلتیرینگی وەزاڕەتی ئیڕتیباتات”، “کارگوروپی دیاری کردنی مەسادیقی موحتەوای موجریمانە”ی بە هەزینەی سەرسام ئاوەر دروست کردوە. لەگەڵ ئەوەدا کۆماری ئیسلامی لە بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتە کەڵانەشیدا شکست خواردەوە. سەفسەتەکانی خامنەیی سەبارەت بە شەڕی نەرم و پیلانی نفوزی دوژمن و هیتریش لەم ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵام شەبەکە کۆمەڵایەتیەکان وەک ئامرازی زانیاری گەیاندن تەنیا مەیدانێک نییە کە کۆماری ئیسلامی لێی وەک ئامرازێکی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ئاگاهی بەخشین بە خەڵک نیگەرانە. رژیم کە لە قەیرانێکی قوڵی هەمە لایەنەدا پەلەقاژەیەتی و لە وڵامدانەوە بە نیازە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵکدا داما و بێ توانایە، بەشێوەیەک خۆی بە ئاسیب پەزیر دەزانێ کە هەموو حەرەکەتێک و دەرخستنی زانیارییەک بە مەترسی بۆسەر حاکمیەتە دژی ئینسانیەکەی دەبینێ و بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەنا دەباتەبەر زیندان و ئەشکەنجە و دەزگا سەرکوتگەرەکانی و سانسۆڕ تا بەڵکو بتوانێ بەر بەدەستڕاگه‌یشتنی خەڵک بە زانست و زانیاری و ئاگاهی بگرێت. سەرانی کۆماری ئیسلامی دەزانن کە سەرەڕای کرداری سەرکوتگەرانە لەدژی هەواڵنێران، نووسەران، وێبلاگ نووسان و خاوەنانی سایتە ئینترنێتیەکان و هەڵسوڕاوان و موبەلیغانی سیاسی، هەموو رۆژێک بە ژمارەی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زیاد دەبێت و بە ئیعتیڕافی خودی کاربەدەستەکانی، رژیم لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ خەڵکدا شکستی خواردوە.
ئێقداماتی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی لە دروست کردنی موزاحمەت و کۆسپ نانەسەر ڕێی خەڵک بۆ بەهرەمەند بوونی تەواو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ناڕەزایەتی و نەفرەتی جەماوەری بەرینی خەڵکی بەشوێنەوە بووە. بە دڵنیاییەوە لاوان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران ئیجازە نادەن کە ئازادییە تاکە کەسیەکان و ئیمکانی دامەزرانی پێوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە و راگۆڕێنەوەیان لەگەڵ خەڵکی دنیا و دەستڕاگەیشتنیان بە بابەتە تازەکانی دنیای ئەمڕۆیان لێ زەوت بکرێت