تێرۆر كردنی هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی مه‌ریوان به‌ پیلانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات

689
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، سه‌عات ١٠ و نیوی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كاك حه‌مه‌ غه‌ریب به‌سیم له‌ جه‌ریانی پیلانێكی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی رژیم گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ “حه‌مه‌ غه‌ریب به‌سیم” شه‌وی یه‌كشه‌مه‌ له‌ ماڵی برازاكه‌ی موختار نه‌سیم له‌ ئاوایی گوێزه‌ كوێره‌ی مه‌ریوان بووه‌، له‌ جه‌ریانی پیلانێكی هاوبه‌شی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی رژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ مه‌ریوان و موختار نه‌سیم، تێرۆر كرا. به‌ وته‌ی دراوسێیه‌كان، ته‌نیا ده‌نگی گولله‌یه‌ك بیستراوه‌ و شایعه‌ی ئه‌وه‌یكه‌ ماڵه‌كه‌یان گه‌مارۆ دراوه‌ و له‌ نێوان مه‌ئمورانی رژیم و كاك حه‌مه‌ غه‌ریب تێكهه‌ڵچوونی چه‌كدارانه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌ته‌واوه‌تی ناڕاسته‌. دوای ئه‌م پیلانه‌ ته‌رمی كاك حه‌مه‌ غه‌ریب ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی بوعه‌لی شاری مه‌ریوان ده‌كرێت. شایانی باسه‌ تا كاتی داڕشتنی ئه‌م هه‌واڵه‌ هێشتا ته‌رمه‌كه‌ی ناوبراو راده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی نه‌كراوه‌ته‌وه‌.